سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان: هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان یه‌کڕیز، ته‌با و پێکه‌وه‌ بین.

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان: هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان یه‌کڕیز، ته‌با و پێکه‌وه‌ بین.

زاری كرمانجی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئیدی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناخێكی تازه‌دان‌ و هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌بێت خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌ش و ته‌حه‌دییه‌كانی قۆناخی داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ین."

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، "ئه‌ركی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه كوردستانییه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و یه‌كڕیز، كار بۆ ئێستا و داهاتوویه‌كی باشتر بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان هاوكار بین."

دەقی په‌یامی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌وه‌:

هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست،

هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق

پیرۆزباییی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی گشتیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م. ئیتر عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغێكی تازه‌دان‌ و ئه‌نجامه‌كانی كۆتایی هه‌ر چۆن یه‌كلایی ببنه‌وه‌، هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌بێ خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌ش و ته‌حه‌دییه‌كانی قۆناغی داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ین.

یه‌كڕیزی، ته‌بایی و پێكه‌وه‌یی، كلیلی سه‌ركه‌وتنمانه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌ری مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ده‌سكه‌وته‌كان و سیستمی فیدراڵی و قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ی ده‌پارێزێت. ئه‌ركی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه كوردستانییه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و یه‌كڕیز، كار بۆ ئێستا و داهاتوویه‌كی باشتر بۆ هه‌رێمی كوردستان و عیراق بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان هاوكار بین.

ئه‌ركی هه‌موومان له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕوانگه‌ و خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنێكی تازه‌ و واقعبینییه‌وه‌، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كێشه‌كانی وڵات چاره‌سه‌ر بكه‌ین. كار بۆ عیراقێكی سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌ران بكه‌ین كه‌ تیایدا مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر و پارێزراو بن، متمانه‌، پێكه‌وه‌یی، هاوچاره‌نووسی، هاریکاریی هاوبه‌ش، به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی وڵات، هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌، سازان و یه‌کسانی، هه‌موومان كۆبكاته‌وه‌.

سوپاسی هاووڵاتییان، هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منییه‌كان، میدیا و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌م كه‌ له‌ سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردندا هاوكار بوون. سوپاس و ده‌ستخۆشی بۆ ئه‌رك و ماندووبوونی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، بۆ چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی و تیمه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌تایبه‌تی سه‌رۆک و تیمی یوونامی له‌ عیراق و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و كۆمكاری عه‌ره‌بی كه‌ چاودێریی پرۆسه‌ی ده‌نگدانیان كرد و پرۆسه‌كه به‌ ئارامی به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌گی ڕاست. به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانمان له‌ به‌غدا، پابه‌ندیمانه‌ به‌ بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕێژه‌ی به‌شداری له‌ ده‌نگداندا په‌یامێكی ڕوونی هاووڵاتییانه‌ كه‌ چاویان له‌ ژیان و گوزه‌ر‌ان و خزمه‌تگوزاریی زیاتره و مافی خۆیانه‌‌. ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومان له‌ حكوومه‌ت و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێ په‌ند و وانه‌یه‌ك بێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ی جددی و بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه‌، هه‌روه‌ها ببێته‌ هانده‌ری كار و خزمه‌تی زیاتر.

ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی نیشتمانیی فیدراڵی که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواست و‌ چاوه‌ڕوانییه‌کانی هاووڵاتی بێت، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌هێز بكات، گرووپ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا كۆنترۆڵ بكات‌، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و هاوبه‌شیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق، پرۆسه‌ی سیاسی ڕاست بكاته‌وه و به‌ره‌و داهاتوویه‌كی باشتر بۆ هه‌مووان، وڵات به‌ڕێوه‌ ببات.

 

هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

2021/10/12

زۆرترین بینراو