سیستەمی بۆڵۆنیا شێوازێكی سەردەمیانە

سیستەمی بۆڵۆنیا شێوازێكی سەردەمیانە

قوتابییان و مامۆستایانی زانكۆی سۆران قسە لەسەر سیستەمەكە دەكەن 

محەمەد رزگار- زاری كرمانجی:

قوتابییان و مامۆستایانی زانكۆی سۆران، لەم راپۆرتەی زاری كرمانجی دەربارەی سیستەمی خوێندنی ساڵانەی زانكۆكەیان بۆچوونی خۆیان دەخەنەروو، مامۆستایەكی زانكۆی سۆران، سەبارەت بە سیستەمی (بۆڵۆنیا) دەڵَێت" سیستەمی بۆڵۆنیا زیاتر لە پەنجا وڵاتی جیاواز پەیڕەو دەكرێت، جیاوازی ئەم سیستەمە لەگەڵ سیستەمی ساڵانە، ئەوەیە قوتابی دەكاتە سەنتەری كار و چالاكییەكان و مامۆستای وانە تەنها رۆڵی چاودێر و ئاراستەكار دەبینێت".
قوتابییەكیش دەڵێت" سیستەمی بۆڵۆنیا سیستەمێكی سەردەمیانەیە كە زانكۆی سۆران پەیڕەوی دەكات،  وادەكات قوتابی پشت بەتواناكانی خۆی ببەستێت".
لەسەرەتادا رووی پرسیارمان ئاراستەی قوتابییەكی دەرچووی زانكۆی سۆران كردوو و پێیوایە" ئەو سیستەمە لایەنی باش و خراپی هەیە، سیهاد خەلیل، دەڵێت" وەك قوتابییەكی دەرچووی زانكۆ سۆران، چەند خاڵێكی باش و خراپم لەسەر سیستەمی ساڵانەی خوێندن لە زانكۆ بەدی كردووە لەو چەند ساڵەی لێم خوێندووە، بەشێك لەو خاڵە نەرێنیانە بریتین لەوەی، ئەو سیستەمە زیاتر مامۆستا رۆڵی سەرەكی دەبینی لە وانەكان، بێ ئەوەی هیچ ئەركێك بخرێتە سەرشانی قوتابی تاكو كاتەكانی بە خوێندن بەسەر ببات.
ئەمەش دەرفەتی زۆرتری بۆ قوتابییەكان دەرخساند، زیاتر خەریكی كات بەسەر بردنبن لە زانكۆ، بۆیە زۆربەی قوتابییانمان وا لە خوێندن تێگەیشتوون كاتێك دەچینە زانكۆ قۆناغی كات بەسەر بردنە، زۆرێك لە مامۆستایان (مەلزەمەیان) بە قوتابییان دەدا، ئەمەش وایكردبوو قوتابییەكان لە كاتی وانە گووتنەوە گوێ نەدەنە مامۆستا و لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا بێ ئەوەی لە وانەكەیان بگەن كۆمەڵێك (مەلزەمە) وەردەگرن و لە بەری دەكەن". 
ئەو قوتابییە درێژەی دایە قسەكانی و  گووتی" چوار ساڵی زانكۆ ئەوەی من بینیم، كتێبت لە دەست دابێت شەرمە، زانكۆكان بەگشتی  لە جیاتی شوێنی خوێندن و خوێندنەوە بن بوونەتە شوێنی نمایشی جلوبەرگ و ئۆتۆمبێل، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی كاتی زۆر، سەرەڕای هەبوونی ئەم گرفتانەی كە باسمكردن، ئەم سیستەمە هەندێك خاڵی ئەرێنی هەن كە بریتین لەوەی، قوتابی ئازادكراوە چۆن كەسایەتییەك بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، ئایە بە دوای زانست و زانیاری دەكەوێت یا تەنیا خەریكی كات بەسەربردن دەبێت، ئەمەش وادەكات كەسایەتی بەهێز لە زانكۆ دروست بكات، هەر چەندە ژمارەشیان كەم بێ، سیمینار و كۆنفڕاس و گەشتی زانستی لە لایەن زانكۆ بۆ قوتابییەكان ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەشێوەیەكی كەم دەبوایە زۆرتربایە.
بنار ئەمیر، وەك قوتابییەكی زانكۆی سۆران، بەشدار بووێكی تری ئەم راپۆرتە بوو بۆمان دواو گووتی:" ڕۆڵی خوێندنی باڵا لە گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بەردەوامە و ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، بەرەو پێشبردنی خوێندن رێگەیەكە بۆ باشتركردنی كواڵێتی ژیان، هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی كارامەیی و تواناكانی قوتابییان، ئەمەش كلیلی ژیانێكی خۆشگوزەران هەڵدەگرێت، پەروەردە و سیستەمی  زانكۆ یەكێكە لە رێگا سەرەكییەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگە، سیستەمی خوێندنی زانكۆی سۆران، سیستەمی بۆڵۆنیایە، بە كاتژمێر كاردەكات نەوەك خوێندنی ساڵانە، سیستەمی بۆڵۆنیا سیستەمێكی سەردەمیانەیە، وادەكات قوتابی پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت، رێگەیەكی كاریگەرە بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی فێربوونی راستەقینە بۆ قوتابییان".
بنار، گووتیشی" كاركردن بە گروپ و ئەنجامدانی سیمینار و تاقیكردنەوە و ئامادەكردنی راپۆرت لە بابەتە سەرەكییەكانی ئەم سیستەمەن، لەم سیستەمەدا قوتابی دەبێتە داینەمۆ لە خوێندندا و مامۆستاكان سەرپەرشتی چالاكییەكانی قوتابییان دەكەن، جێبەجێكردنی پڕۆسەی بۆڵۆنیا دڵنیایی زیاترە لە جۆری فێركردنی قوتابییان.
لە كۆتاییدا بنار ئەمیر، گووتی"  ئەگەر باس لە لایەنە خراپەكانی سیستەمی بۆڵۆنیا بكەین، لایەنە خراپەكانی بەو جۆرە نین، ئەمە دەگەڕێتەوە سەر خودی زانكۆكە كەوا چۆن دەتوانێت دەرئەنجامە باشەكانی ئەم سیستەمە دەربخات و چۆن سیستەمەكە ئاراستەی قوتابییان دەكات، زانكۆی سۆران هەمیشە هەوڵدەدات بۆ ئەوەی پێشەنگ بێت لە بەرەوپێش بردنی سیستەمی خوێندن، بۆ ئەوەی لەگەڵ بازاڕی كاردا بگونجێت.
قوتابی باخان ئیبراهیم، بۆچوونەكانی خۆی بەم جۆرە بۆ زاری كرمانجی دەخاتەروو" خوێندن بەسیستەمی ساڵانە لە زانكۆی سۆران لە رووی شێواز و جێبەجێكردن كۆمەڵێك گرفتی لێ بەدی دەكرێت، كە بووەتە هۆی زیان گەیاندن و دابەزاندنی ئاستی فێربوونی زانستی قوتابییان، گرفتەكانیش پێكهاتوون لە كەمی زانیاری و ئاستی لاوازی قوتابییان لە وانەكان بەهۆی كەمی خوێندنەوەی پەرتووك، چونكە تەنها پەرتووك یا ئەو وانانەی مامۆستا ئامادەی دەكات پشتی پێدەبەسترێت، ئەمەش وادەكات كەوا قوتابی نەتوانێت هەڵبستێت بە ئەنجامدانی سیمینار و چالاكی جۆراوجۆر، بەهۆی كەمی كاتەوە بە درێژای ساڵەكە لە چالاكییەك یا سیمینارێك تێناپەڕێت، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر قوتابییەكان و كۆی پڕۆسەكە دروست دەكات، قوتابی دووچاری فشارێكی دەروونی تووند دەبێتەوە لە كۆتایی ساڵ و كاتی تاقیكردنەوەكان بەهۆی زۆری و فراوانی وانەكان،  لە ماوەی ساڵێكی خوێندندا، دانانی نمرەیەكی زۆر لە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ و دانانی نمرەیەكی كەم بۆ چالاكی و هەڵسەنگاندنی رۆژانەی قوتابییان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابی گوێ بە فێربون و خوێندن نەدات تەنها تیشك بخاتە سەر تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ، ئەم  زیانانە و چەندین زیانی تری ئەم سیستەمە بوونیان هەیە".
لە كۆتایی سەرنجەكانی باخان ئیبراهیم، گووتی" لە ئێستادا بە شێوەیەكی گشتی لە زانكۆی سۆران كار بەم جۆرە سیستەمە ناكرێت كە لە سەرەوە ئاماژەم بۆكرد، سیستەمی بۆڵۆنیا شوێنی گرتۆتەوە، ئەمەیان سیستەمێكی ئەورووپییە، بووەتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی فێربوونی قوتابییان، چونكە لە سیستەمی بۆڵۆنیادا تیشكی زیاتر خراوەتە سەر قوتابی نەك مامۆستای بابەت، لەلایەكی تریش پێم وایە سیستەمی بۆڵۆنیا وای لە قوتابییان كردووە كە ببن بە خوێنەر و بەردەوام بەدوای زانیاریدا بگەڕێن، بۆ بەرزكرنەوەی ئاستی فێربوونی زانستیان لە ماوەی ساڵی خوێندنیاندا.
فەرسەت ئەحمەد، مامۆستا لە زانكۆی سۆران سەبارەت بە سیستەمی بۆڵۆنیا گوتی" سیستەمی بۆڵۆنیا زیاتر لە پەنجا وڵاتی جیاواز پەیڕەو دەكرێت، بەشێوازی "وەرزات" بەڕێوەدەچێت، لەهەر وەرزێك چەند بابەتێك دەخوێندرێت، جیاوازی ئەم سیستەمە لەگەڵ سیستەمی ساڵانە ئەوەیە قوتابی دەكاتە سەنتەری كار و چالاكییەكان و مامۆستای وانە تەنها رۆڵی چاودێر و ئاراستەكار دەبینێت، بە پێچەوانەی سیستەمی پێشووتر كە قوتابی گوێگربوو مامۆستا قسەكەر، ئەمە جگە لەوەی لەم سیستەمەدا قوتابی پێویستی بەوەیە زۆرترین سەرچاوە بەكار بێنێت، بەو پێیەی دەبێت گشت چالاكییەكیانی بە سەرچاوە دەوڵەمەند بكات.
زیاتر گووتی" دەتوانین بڵێین قوتابی لە ساڵێكدا زیاتر لە سی سەرچاوە دەخوێنێتەوە و پێی ئاشنا دەبێت، هەروەها قوتابییان دەبێت رۆژانە كار و چالاكییەكانی خۆیان لە رێگای گرووپەكانیان پێشكەش بكەن و هەوڵی كۆكردنەوەی نمرە بدەن، هەر ئەم سیستەمە هۆكارێكە بۆ ئەوەی قوتابی فێری كاری گرووپات ببێت و بیروڕای یەكتری قبوڵ بكەن و شتێكی جیاواز بخەنە بەر دەستمان، تەنانەت هەندێكجار لە هەندێك بابەت وەڵامەكانیان شتانێكن ئێمەش نەمان زانیووە و وەڵامەكانیان دەبێتە هۆی فێربوونی ئێمەی مامۆستایان".
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سۆران، دەشڵێت" ناتوانین بڵێین سیستەمی ساڵانە هیچ شتێكی باشی نییە و بە تەواوەتی بێسوودە و سەر لەبەری هەڵبوەشێنینەوە، چونكە لەم سیستەمەشدا چەندان قوتابی لێهاتوو پێگەیێندراون و لە نێو زانكۆكەمان و كۆمەڵگە شوێن دەستیان دیارە، بەڵام ڕێژەیان كەمە، بۆیە دەتوانین بڵێین لەم سیستەمە نوێیەدا هەوڵی ئەوە دەدرێت گشت قوتابییان ببن بە كەسانی ئەزمووندار و سەركەوتوو نەك بە تەنها چەند كەسێكی كەمبن". 
سەبارەت بە گرفتەكانی ئەم سیستەمە گوتی " ئێمە لە سەرەتای جێبەجێ كردنی ئەم سیستەمە داین و تاكو ئێستا هیچ دەرچوویەكی ئەم سیستەمەمان نییە، بۆیە بە تەوای گرفتەكانی نەكەوتوونەتە بەرچاو، بەڵام ئەوەی كە زۆر بووەتە گرفت زۆری قوتابییانە كە پێویستە لەم سیستەمەدا هەر پۆلێك بیست قوتابی هەبێت بۆ ئەوی بتواندرێت گشتیان بەشداربن، بەڵام لای ئێمە رێژەكە زیاترە ئەمە جگە لەوەی بەشێك لە پۆلەكانمان كورسییەكانیان جێگیرە كە بۆ ئەم سیستەمە شیاو نییە، چونكە دەبێت هەر گرووپێك لە پۆلەكەیاندا بەجیا دابنیشن و لەسەر یەك مێز كۆ ببنەوە، ئەمەش لە پۆلدا ناكرێت كورسییەكانیان جێگرن، یەكێكی تر لە گرفتەكان لە دەستچوونی وانەكانە دەبێت وانەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆی بخوێندرێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی پشووی زۆرەوە، بەشێك لە مامۆستایان ناتوانن وانەكانیان لەكاتی دیاری كراوی خۆیدا بخوێنن و قەرەبوویان بكەنەوە".
مامۆستا فەرسەت ئەحمەد، لە كۆتاییدا گووتی" ئەوەی مایەی دڵخۆشیمانە ئەوەیە قوتابییانمان لە سیستەمێكدا بەشدارن لە چەندان وڵاتی پێشكەوتوو پەیڕەو دەكرێت هەر كاتێك بیانەوێت دەتوانن گواستنەوە بۆ ئەو زانكۆیانە بكەن، بەبێ گرفت لەو وڵاتە بخوێنن.

زۆرترین بینراو