سەراب جاف نامەوێ خۆم بەتەوای بناسێنم، بۆ ئەوەی سەر لە پێنووسەكەم نەشێوێنم

سەراب جاف نامەوێ خۆم بەتەوای بناسێنم، بۆ ئەوەی سەر لە پێنووسەكەم نەشێوێنم

"شیعرەكانم زۆربەی نیشتیمانین"


محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: سەراب جاف، دانیشتوی دەڤەری سلێمانییە، پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی كەلاری تەواو كردوە و هەر لەو ساڵەدا بە پلەی بەڕێوەبەر دامەزراوە، پاشان زانكۆی جیهانی سلێمانی تەواو كردووە، وەك خۆی دەڵێت" لەبەر ئەوەی تەعدیل شەهادەی بۆ نەكراوە، هەر لە قوتابخانەیەكی بنەڕەتی بە پیشەی مامۆستا دەست بەكارە، سەراب یەكێكە لەو نووسەر و شاعیرە دیارانەی سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەڤپەیڤینێكی زاری كرمانجی قسە لەسەر دونیای شیعر دەكات .

لە دەستپێكی دیدارەكەدا دەڵێ" نامەوێ خۆم بەتەوای بناسێنم، بۆ ئەوەی سەر لە پێنووسەكەم نەشێوێنم."چونكە پەندم لەو بەناو فەیلەسوفانەی خۆمان وەرگرت، هەتا خۆیان تەواو نەناساندبوو، دەیانزانی چی دەڵێن و چی دەنووسن، بەڵام كاتێ كە بە هەڕەمەكی تێكەڵی هەموو كەسێك بوون، نەك پێنووسەكانیان بەڵكو خۆشیان ونكرد." لێرەدا مەبەستم دورە پەرێزی نییە، مەبەستم ئەوەیە چۆن كۆمەڵگە بەرەو ئامانج ببەیت، مەرج نییە هەر خۆم نەناسێنم لە  هەر كوێ پێویستی كرد بە شانازییەوە خۆم دەناسێنم."


دەشڵێت" خاوەنی دوو بەرهەمی منداڵانم، لە سازكردنی پێشبڕكێیەكی وەزارەتی ڕۆشنبیری بەشداری كردووە، پلەی نایابی بەدەست هێناوە و لەسەر ئەركی وەزارەتی ڕۆشنبیری بەرهەمەكانی بە چاپ گەیەنراوە، بەرهەمەكانی بەناوی (شانۆی ژیان) شیعر... (سەمای پەپوولەكان) ئۆپەرێت...


سەراب جاف، كە بەشێكی زۆری كاتەكەی بۆ نوسین تەرخانكردووە ئەو لەبارەی ئەوەی شیعر دەتوانێ چی بكات؟ ئایە ئیشی شیعر رزگاركردنی جوانییە؟ گووتی" بەڵكو شیعر دەتوانێ كاری گەورە بكات، نموونەی زیندوو وەك شیعری (نەورۆز)ی پیرەمێرد، شیعری ئەی (ڕەقیب)ی دڵدار، شیعری ( هۆ كاكی پێشمەرگە شۆڕش گێڕی قارەمان) لە وتنی هونەرمەند حەمە جەزا، هەتا ئێستاش خەونی میللەتێكی چەوساوەی بێ وڵاتی بەزیندووی هێشتووەتەوە، نەخێر شیعر بە تەنها ڕزگاركەری جوانی نییە، شیعری ڕاستەقینە هەمە ڕەنگە، دەست دەخاتە سەر هەموو برینێك  و هەتوانیشی بۆ دەدۆزێتەوە تاساڕێژی بكات."


ئەم خانمە شاعیرە بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو كەسانەی لەدوای ساڵانی دووهەزارەوە هاتونەتە نێو دونیای ئەدەب تایبەت شیعر رایگەیاند" دەبێت بە گەشبینیەوە بۆ ئەو نەوەیە بڕوانین، هەرچەندە ئینتیمانی نەتەوەی تا ئاستێكی زۆر خراپ دەبینم، بەڵام هەر كەسانێكی شاز دەردەكەون كە جێگەی ئومێد بن."

سەراب لە رێگەی نوسینەكانی دەیەوێ بە خوێنەری  بڵێ: ئەم پەیامەم پێیە ئەگەر باشە لێم وەرگرە، بە زۆر شیعرەكانم نیشتمانییە بۆیە دەڵێم ئەی گەلی كورد بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەوربەرەكەت بكە، هەرچی هێلكەیە نەخەیتە سەبەتەی ماڵی دووژمن، ئاژاوەو ماڵوێرانی و خۆش باوەڕی بەڕەسی لێ نەبڕێ، پەند لە كەوتنەكانی ڕابردوو وەربگرە، لەسەر پێی خۆی بووەستە، ماڵی كەس بۆ خۆت حەڵاڵ نەكەیت، ماڵی خۆیشت نەدەی بە كەس، لەگەڵ هەركەس كێشەت هەیە بە گفتوگۆ چارەسەری بكە، بەهۆی كێشەی دەوروبەرەوە خۆت كێشەدار نەكەیت، چونكە گەلەكەمان بێ دۆستە، بەرگەی دەربەدەری ناگرێت.


لە دوا پەیڤەكانی دا خانمە نوسەر و شاعیر سەراب جاف، بۆچوونی خۆی لەسەر ئەم قسەیە دەربڕی كە بەردەوام باس لەوە دەكرێت دەنگی ژن لە دونیای ئەدەب كەمترە، ئاماژەی بەوەكرد" حەزناكەم بڵێم دەنگی ژنان لاوازە بەڵام ڕێژەی ژن لە دونیای ئەدەب كەمترە، ئەوەش بۆ كلتووری كوردەواری دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە خۆم ناتوانم لە هەندێ شوێن بڵێم شیعر دەنووسم، ئەڵێن چۆن دەبێت تۆ شیعر بنووسیت شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە، وا دەزانن تاوانم كردووە، خۆ ناتوانم ئەو هەموو ناڕازییە تێبگەیەنم، بۆیە بە باشم داناوە هەم كاری خۆم بكەم و هەم ڕێزیش لەدەوروبەرەكەم بگرم كورد وتەنی (نە شیش بسووتێ و نە كەباب) بەڵێ پێم وایە لە پیاوان كاریگەرترن ئەگەر هەوڵ بدەن، بە پێ عیلمش هەردوو بەشی مێشكی ئافرەت  ئیش دەكات، ئیتر  پێم سەیرە باسی شانی پیاو دەكرێت بەرامبەر شانی ئافرەت.

زۆرترین بینراو