سەرۆكی حكوومەت وەك سەرۆكی دەوڵەت پێشوازی لێكرا

سەرۆكی حكوومەت وەك سەرۆكی دەوڵەت پێشوازی لێكرا

زاری كرمانجی – سۆران: لە میانی بەشداری كردن لە كۆڕبەندی دایەلۆگی مەنانە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی باڵای ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی ناوچە كۆبوویەوە، لە هەموو ئەو دیدارانەی ئەنجام دران دۆخی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازە گفتوگۆ كرا. 
لە كۆڕبەندەكەدا زیاتر لە گەورە بەرپرس و رۆشنبیری 40 وڵاتی جیهان بەشداریان كرد، ئەو كۆڕبەندە بووە سەكۆیەك بۆ كۆبوونەوەی دوولایەنەی نێوان بەشداربووان و نزیكبوونەوەی زیاتریان لە یەكدی.
لە 2004ـەوە بەحرەین، میوانداری ئەو كۆڕبەندە دەكات و وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەكان (IISS) ))، كە نووسینگەی سەرەكی لە بەریتانیایە كۆڕبەندەكە بەڕێوەدەبەن.
رووبەرووبوونەوەی گرووپە توندڕەوەكان، گۆڕانی كەش و هەوا، پەڵهاویشتنی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەكە، پەیوەندییەكانی عەرەب و ئیسرائیل ئەو مەلەفانە بوون كە سەركردەكانی جیهان لە كۆڕبەندی مەنامە زۆر لەسەری وەستان.
ئەو وڵاتانەی لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كۆدەبوونەوە بۆیان گرنگ بوو بزانن پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق چۆن دەبێت و داوایان دەكرد رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگیرێت.
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت، بەشداری لە پانێڵێكدا كرد و بە وردی باسی لە پرسەكانی (پەیوەندی هەولێر و بەغدا، پەیوەندی نێوان باشووری كوردستان و ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان، ئەو كیشانەی پەكەكە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان درووستی دەكات، ئاساییش و سەقامگیری كوردستان، كۆچبەران، پەیكەربەندی ئاساییشی ناوچەكە و چاكسازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حەشدی شەعبی)ـی خستەڕوو.
لە بەشێكی دیكەی پانێڵەكەیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتیكردەوە، هەرێمی كوردستان بووەتە وارگەیەكی سەقامگیر لە ناوچەكە، بەڵام وەك جەختی كردەوە، بەرقەراركردنی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان بێ قوربانیدان نەبووە، بۆیە لەسەر ئاستی ناوچەكە پێویستە كار بۆ سەقامگیری بەردەوام بكەین، بەڵام، بەداخەوە كاری بە یەكەوەیی لەسەر ئاستی ناوچەكە بەدی ناكرێت، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیمان بە پەیكەربەندییەكی نوێی ئاسایشە، پێویستە وڵاتانی ناوچەكە لەنێو پەیكەربەندی نوێی ئاسایشدا بن لە ناویشیاندا ئێران و نەبوونی دادپەروەری و سەقامگیری ئابووری، هۆكاری بەردەوامبوونی مەترسییەكانی داعشن.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتیكردەوە، هێشتا هەڕەشەی داعش لە ناوچەكە ماوە و كۆتایی نەهاتووە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دووچاری زۆر كێشە و بەربەست بووینەتەوە، بەڵام ئێستا توانیومانە لە رێگەی چاكسازیی زۆربەی كێشە ئابوورییەكان چارەسەر بكەین، سەبارەت بە پرسی كۆچبەرانیش ئاماژەی بەوە كرد، كەس لە كوردستان بە هۆی دۆخی ئەمنی و كیشەی ئابووری نەڕۆیشتووە، بەڵكو ئەو خەڵكەی رۆیشتووە، بوونەتە قوربانی مەرامی سیاسی و هەروەها ئەو تۆڕانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكەن، نابێت بەهیچ شێوەیەك هاووڵاتیان وەك چەك بەكاربهێنرێن.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆڕبەندی مەنامە بەشدارییەكی كارامان كردووە و لەگەڵ زۆر لە بەشدابووانی كۆڕبەندە دیدارمان كردووە، كە پاراستنی ئاسایش و هاوكاری یەكتر تەوەری سەرەكی بووە.
سەبارەت بەرۆڵی هەرێمی كوردستان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ عێراق، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئێمە هەمیشە گوتوومانە كە كوردستان دەتوانێت ببێتە دەرگایەك بۆ ئەوەی خێر و بەرەكەت بۆ هەموو عێراق بگەڕێتەوە.
دووپاتیشی كردەوە، كوردستان هەم لە رووی ئاسایشەوە، هەم لە رووی ئابوورییەوە لە قۆناغێكی پێشكەوتووتردایە، هیوادارین ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەری ناوچەكەكانی دیكەی عێراق بێت، بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و بووژانەوەی ئابووری.
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی و مامۆستایانی زانكۆ، هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی گرنگە و لە هەر جووڵەیەكی سیاسی و ئاسایش لە ناوچەكەدا حسابی بۆ دەكرێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، هەرێمی كوردستان خاوەنی رۆئیا و ستراتیژێكی روونە بۆ داهاتووی ناوچەكە، كە ئێستا بۆتە جێگەی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
د. موحسێن قەدری، مامۆستای زانكۆ، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" ئێستا هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی سیاسی گرنگی ناوچەكەیە، بۆیە ئەو بڕیارە چارەنووسازانەی كە وڵاتانی زڵهێزی دنیا لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە دەدەن، بۆچوونی هەرێمی كوردستانیان بۆ گرنگە ئەوە بە روونی لە دیدارەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی وڵاتانی دنیا دەركەوت.
د. هاوژین عومەر، ماموستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی گوت:" كۆربەندی مەنامە یەكێكە لە كۆربەندە گرنگەكانی هەرێمی، كۆربەندەكە گرنگی بە دوولایەنی سەرەكی دا، ئەویش ئاسایش و دبلۆماسییە، لێكەوتە و كۆمەڵێك كێشەو ئالنگاری نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست باس كران كە وڵاتانی ناوچەكە رووبەروویان دەبنەوە، وەك پرسی تیرۆر و كۆچكردن، لەگەڵ پرسی میلیشیاكانی ئێران لە ناوچەكەدا بەتایبەتی لە رێگای درۆن و كە بوونەتە هەرەشە و مەترسی لەسەر وزە لە ناوچەكەدا.
د. هاوژین، گوتیشی:"هەرێمی كوردستان كیانێكی سیاسییە، لەرووی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دبلۆماسییەكان لە خانەی دەوڵەتەكانە، بەشداری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبەندی مەنامە لە ئاستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتان بوو، دیدار و چاوپێكەوتنەكان گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان هەبوو.
دلشاد مستەفا وەسانی، چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی راگەیاند" كۆربەندی مەنامە و هاوشێوەكانی گرنگی خۆی هەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست كە بەناو كۆمەڵێك كێشە و گرفت تێدەپەڕێت، لەبەر ئەوەی كۆربەندەكە گرنگی خۆی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان، گرنگییەكەی لەوەدایە ناوچەكە بەناو كۆمەڵێك كێشەدا تێدەپەڕێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت ئەوەیە كە كوردستانی بەلاوە پەسەند نییە.
كامران ئیبڕاهیم شێروانی، مامۆستای زانكۆی سۆران بە زاری كرمانجی گووت" بەشداری كارایی شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی لە دیالۆگی مەنامە، دەرخەری ئەو راستیەن كە پێگەی هەرێم لە رووی دیبلۆماسییەتەوە لە ئاستێكی بەرز و پێشكەوتندایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە وڵاتانی ناوچەكە گرنگیەكی تایبەت بە پێگەی هەرێمی كوردستان دەدەن، چونكە ئەگەر سەیری رێكخەرانی ئەم كۆڕبەندە بكەین دبینین لینكێكی راستەوخۆیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن هەیە و كورد و شاندی كوردی لەناو دڵی كۆڕبەند و دیاڵۆگەكانی جیهانی بەشداری كاران و وە چەندین دیدار و پانێل و كۆبوونەوەی دوو بەدوو وە بگرە چەندین كۆبوونەوەی دوورلەچاوی كامێراكان  ئەنجامدران ، بۆیە ئەم بەشداریەی حكوومەت كاریگەرە وە گرنگی  خۆی هەیە.
بە گووتەی شێروانی، جیۆپۆلۆتیكی كوردستان زۆر گرنگە، ڕەنگە لە  ڕووی سیاسیەوە ڕۆژانێك پێگەی جوگرافی كوردستان كە لە نێوان چەند وڵاتێكی هەرێمی داخراو خۆی دەبینێتەوە ببوبێتە سەر ئێشە هەم بۆپێگەی كوردستان لە ڕووی سیاسییەوە وە هەمیش بۆ پێگە ئابووریەكەی،دەڵێ" لە دوای ساڵی 2003 ەوە ئەم پێگە جوگرافیە لە لایەن سەركردایەتی سیاسی كوردستان تا ڕادەیەكی زۆر بە پێچەوانەوە بەكارهێنراوە كراوەتە خاڵی بەهێزی پەیوەندیە ئابووری و سیاسیەكانی هەرێم بە وڵاتانی ناوچەكەو جیهانیش، بۆیە بەشداری وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی سەرۆكی حكومەت لە كۆڕبەند و دیالۆگ و میتینگەكانی جیهانی گرنگ، وەكو كۆڕبەندی مەنامە نیشانەی بەهێزی و بەرەو پێشچونی هەرێمی كوردستانە لە رووی دبلۆماسییەت و هەبوونی پەیوەندیەكی بەهێزی هەرێمە بە جیهانی درەوە.
رێكان مستەفا گوێزڵینگەیی، دەرچووی بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بەزاری كرمانجی گووت: "هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی بەراورد بە هەرێم و دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكان لە پێگەیەكی باش دایە، ئەمەش بەهۆی رۆڵی كارای پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر و بنیادنانی كلتووری پێكەوەژیان، بەتایبەت بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستان لە رووی پێكەوژیانی ئاینی و نەتەوەیی و پاڵپشتیكردنی مافەكانی ئافرەت و لەخۆگرتنی هەزاران ئاوارە، جگە لەمانەش هەرێمی كوردستان بە درێژایی حكومڕانیەكەی لە ماوەی 30ــی ساڵی ڕابردوو هەرگیز نەبۆتە فاكتەری هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایشی هەرێمی و جیهانی، بەڵكوو بووەتە هۆكارێكی گرنگی ئاشتی لە ناوچەكە، هەموو ئەو تایبەتمەندیی و بەهایانە وای كردووە پێگەی هەرێمی كوردستان لەئاستی نێودەوڵەتی گرنگ و رێزلێگیراوبێت.
زیاتر گووتی" بەشداریكردنی وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مسرور بارزانی، لە كۆڕبەندی مەنامە و دانانی ئاڵای كوردستان وەك رەمزی نەتەوەیی گەلێكی بێدەوڵەت كە تا دوێنێ خەڵكی لەسەر لەسێدارە دەدرا گرنگی و پێگەی هەرێمی كوردستان لەئاستی پرسەكانی ناوچەكە دەردەخات، بەتایبەت لە رووی ئاسایش و ئابووری، بەهۆی ئەزموونی مەسرور بارزانی لە بواری ئاسایش و شەڕی دژی تیرۆر بۆچوونەكانی لە ئاستی ناوەندە ئەكادیمی و ناوەندەكانی دروستكردنی بڕیاری جیهانی بەهەند وەردەگیردرێن و بۆچوونەكانی حیساب بۆكراون، هەروەها بەشداریكردن لەو كۆڕبەندانە دەرفەت دروستدەكات كە لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا چەندین دیداری گرینگ بەڕێوە بچن سەبارەت بە درووستكردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكان بەتایبەتی پەرەپێدانی ئابووری و پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتان".

 

زۆرترین بینراو