سەرۆکى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى سوید کۆبوونەوە

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى سوید کۆبوونەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/11/22 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو ئان لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی عیراق و هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامەکانی، پەیوەندییەکانی سوید لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان، دەرفەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی سویدی لە هەرێمی کوردستان، ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران، دۆخی کەمپی هۆڵ لە سووریا، هەڕەشەکانی داعش، بوارەکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادییەکان، یەکسانیی جێندەری، سیستمی دادوەری لە عیراق و هەرێمی کوردستان و هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی لەسەر عیراق، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی سەقامگیریی سیاسی لە عیراق و گەیشتنی لایەنە سیاسییەکان بە لێکگەیشتنێک بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە وڵات و یەکلاکردنەوەی هەر تێبینی و کێشەیەک لەسەر ئەنجامەکانی دەنگدان لە عیراق کردەوە کە لە ئەنجامدا حکوومەتێکی لێ بکەوێتەوە، داوا و خواستەکانی هاووڵاتییانی عیراق لە ژیان و گوزه‌رانێکی باشتر و خزمەتگوزارییەکان، ڕەچاو بکات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەکەدا بیروڕا دەربارەی گرنگیی بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ئافرەتان لە عیراق و هەرێمی کوردستان و بەشداری و هاوبەشیی کاراتر و زیاتریان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لە پاراستنی دیموکراسی و ئازادییەکان و مافی مرۆڤ و یەکسانی و باشترکردنی سیستمی دادوەری و دادگاکان کرایەوە.

پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، پەیوەندیییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تیرۆرستانی داعش، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو