سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە ئەنجامی ھێرشی پەکەکە شەھید بوون

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە ئەنجامی ھێرشی پەکەکە شەھید بوون

زاری كرمانجی - ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی پەیوەندی بە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە دوێنێ لە هێرشێكی پەكەكەدا شەهید بوون و رای گەیاند پرسەی ئەو شەھیدانە پرسەی منە.

لەمبارەیەوە بارەگای بارزانی لە هەواڵێكدا بڵاوی كردەوە "سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە کرد کە لە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئەرکی ئاسایی خۆیان لە ئەنجامی ھێرشی چەکدارانی پەکەکە شەھید بوون".

هەروەها لە هەواڵەكەدا هاتووە "سەرۆک بارزانی بە خانەوادەی ئەو شەھیدانەی ڕاگەیاند پرسەی ئەو شەھیدانە پرسەی منە و ئینجا ھی ئێوەیە، ھاوسۆزی و ھاوخەمی خۆی پێگەیاندن، سەرۆک بارزانی ئەوەشی بۆ خانەوادەی شەهیدان دووپات کردەوە کە ئەوانەی تاوانی شەھیدکردنی پێشمەرگەکانیان ئەنجام داوە بە سزای خۆیان دەگەن".

دوای ئەو پەیوەندییانە، سەرۆک بارزانی ھەر لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە یەک بەیەکی ئەو پێشمەرگانەش کرد کە بەھۆی ھێرشی چەکدارانی پەکەکە ڕۆژی ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ بریندار بوون و ھیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ خواستن.

زۆرترین بینراو