شكستی متمانەی خەڵك بە ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنی 

بێوار نێروەی

دوای سەرهەڵدانی خەڵكی كوردستان دژی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی پەڕلەمان و حكومەت، جگە لە پارتە دەسەڵاتدارەكان، ڕەوت و كەسایەتی و پارتی تر لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەبووە و دامەزراوە، بەڵام دیارترین و كاریگەرترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان  بوو، كە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزرا و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كرد، هەر چەند دامەزراندنی گۆڕان تا ڕادەیەك بووە هۆی شكانی دیواری ترسی خەڵك لە دەسەڵات، بەوەی بە ئازادی زیاتر ڕەخنە بگرێ و داواكاری بەرز بكاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەك دەسپێك كە بە جوولانەوەیەكی كاردانەوە دەستیان پێ كرد و بە جۆرێك كە ئینكاری هەموو شتە باش و خراپەكان بكات و پیرۆزییەكان بشكێنێ و هەیبەتی دامەزراوەكانی وڵات لاواز بكات، بۆ بەرژەوەندی حزبی، نەیتوانی لە دو هەڵبژاردندا متمانەی زۆرینەی خەڵك بەدەست بهێنێ بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، یەك نەگرتنی دروشمەكان لەگەڵ كردەوەكان، نەبوونی نەفەسێكی درێژ و بەشداریان لە حكومەتدا متمانەی فیكرەی ئۆپۆزسیۆنی خەڵكی لە دەستدا و ڕوژ بە ڕوژ پێگەیان لاوازتر بوو، هەروەها چەندینجار پارتە ئیسلامییەكان لە كابینەیەك ئۆپۆزسیۆن بوونە و دواتر بوونەتە دەسەڵات و هەندێكجار لە ماوەی یەك كابینەدا سەرەتاكەی دەسەڵات بوونە و كۆتاییەكەی ئۆپۆزسیۆن، جێی ئومێدی پێگەی ئۆپۆزسیۆنی خەڵك نەبوون، بەڵام لە هەمووی خراپتر كە گورزێكی كوشندەی لە متمانەی خەڵك بە ئۆپۆزسیۆندا دامەزراندنی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) بوو كاتێك بەشداری  هەڵبژاردنەكانی عێڕاقیان كرد و خەڵكێكی زور ئەگەر لە گەڵیشی نەبن، بەڵام لە خەمی بەرجەستە بوونی پایەكانی دیمۆكراسی بوون ئومێدیان پێ هەبوو بەو پێیەی سەرۆكی ڕەوتەكە بەڕێزێكە میانڕەو، شارەزا و بە ئەزموون، بەڵام بە بیستنی خەڵك لە پاشگەزبوونەوە و یەكگرتنیان لەگەڵ یەكێتی بزمارێكی تر لە تابووتی ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنی درا، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا لە پەڕلەمانی كوردستان دایە، دوو هێزی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆنی نەیانتوانیوە لەگەڵ نەوەی نوێ لەیەك بەرەدا كۆ ببنەوە و متمانە لە نێوانیان زۆر لاوازە، كە لە هەر ساتێكدا لایەنێك پاشگەز ببێتەوە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنی، ئێستا مودێلێكی تر لە كوردستان باوە كە بەشێكی حزبە دەسەڵات دارەكانیش بوونەتە دو بەرە یەكیان دەسەڵات و ئەویتر ئۆپۆزسیۆن، نەك هەر ئەمە تاكی ناو حزبەكانیش ئێستا بو بەدەست هێنانی ئیمتیازێك لە حزبەكەی خۆی بە هەناسەیەكی ئۆپۆزسیۆنی قسە دەكات، هەموو ئەمانە لە سەر حسابی خەڵكی كوردستانە و هەوڵ ئەدەن لەسەر برینەكانی خەڵك بگەنە مەرامەكانیان، بۆیە خەڵك متمانەی نە بە هێزی ئۆپۆزسیۆنی ماوە نە بە فكرەی ئۆپۆزسیۆنی تاكەكان لە ناو حزبەكان، بۆیە دەبینین لە هەڵبژاردنەكان ڕێژەی بەشداری خەڵك زۆر كەم دەكات و ئومێدی گۆڕانكاری لاواز دەبێت.
هەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینەی نیشتمانی مەرجی وەرچەرخانی چەمكی دیمۆكراسییە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو