شوێنەواری "نۆینە" لە گوندی ماویلیان-رواندز

شوێنەواری "نۆینە" لە گوندی ماویلیان-رواندز

توێژەر/ كەریم كەیفی سلێمان
(شوێنە دێرینەکان ناسنامەی گەل و شوناسی نەتەوایەتین، دەبێ چاودێری بکرێن بەپێی ماددەی (٨)ی رێکەوتننامەی لاھای ساڵی ١٩٥٤)
شوێنەوارە مێژووییە دێرینەکان، سەرچاوەی لەبن نەھاتووی سامانی نەتەوەیی و شوناسی شارستانییەتەکانن بەدرێژایی دیرۆکی گەلان. ئەم زەخیرە پڕ بەھایە مێژووییانە، گەلان بۆی وێڵ و خەمخۆرن، خەمی گەورەیان پاراستنی مێژوو و فەرھەنگ و کەلتورو سامانی نەتەوەییانە.. سەرچاوە سرووشتی یەکانی وەک (نەوت و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و کارگەو کانزاکان و...تد) کە بەسەرچاوەی پێشکەوتن و کامەرانی دادەنرێن، تێکڕای ئەوانە نرخ و بەھاکانیان ناگاتە ئەو شوێنەوارە دێرینانەی کە لەکوردستان داھەن کە بە بەشێکی ھەرە گرینگی سامان و ناسنامە و شوناسی نەتەوەییمان دادەنرێن ھاوکات سەرجەم کۆمەلگای جیھان بە لانەی شارستانیەت ناویان دەبات.
دۆزینەوەی شوێنەوارێك لە لادێی گوندی (ماویلیان) کە شوێنەواری ( نۆینە )یە، بە شوێنەوارێکی گرنگی ناوچەکە دادەندرێت کە بەھۆی لێدانی ڕێگای گشتی ناو گوندەکە بەدیار کەوتووە.
 شوێنی شوێنەوارەکە دەکەوێتە چەقی لادێکە و ١٠کم لە قەزای رواندزەوە دوورە لە پارێزگای ھەولێر،  شوێنەوارەکە پێی دەوترێت (نۆینە) یاخود (کارێز) ئەم نۆینەیە نزیکەی ۳٠٠ مەتر درێژ دەبێت، ھەروەھا ١،٥ بۆ ٢م لە ژێر خاك دایە، پانی و بەرینی ناو نۆینەکە ٤٠ بە ٤٠ سم ە، شێوەی نۆینەکە زیاتر لە قەبر دەچێت چونکە بنی خۆڵە و تەنیشت و سەری بەردن و خۆڵی بەسەر داکراوە. نۆینەکە بۆ ئاو گواستنەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بەکار هاتووە و دروست کراوە ، هێنانی ئەم ئاوە بۆ چەند مەبەستێك بووە وەك بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری.
کەرستەی بەکارهێنانی نۆینەکە تەنیا بەرد بووە و بە هێز و بازووی مرۆڤ دروست کراوەو ئامێری سادەی تێدا بەکار ھێندراوە، نۆینەکە بە شێوەیەکی ئەندازەیی و وورد دروست کراوە و هیج تێک نەچووە.
(مێژووی کارێزەکە) تا رادەیەك نا ڕوونە ناتوانین بڵێین رێك بۆ ئەو سەردەم و کاتە ئەگەرێتەوە چونکە هیچ تیمێکی شوێنەوار و بە هیچ ئامێرێك پشکنینی بۆ نەکراوە،
بەڵام بە وتەی بەشێڵ لە بە تەمەنەکان کە دەگێرنەوە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە کە گوایە تەمەنی ئەم (نۆینە)یا (کارێز)یە زۆر لە تەمەنی باب و باپیرانیشیان زۆرترە... بە جۆرێك بۆ پێش سەردەمی ئاینی ئیسلام دەگەرێتەوە کە جولەکە یاخود مەسیحی تێدا ژیاوە.
بەشێکیشیان بۆ سەردەمی میرنشینی سۆرانی ئەگەرێننەوە لەلایەن ( میر محمەد )ەو دروست کراوە.
گەر بە مێژووی دەسەڵاتی میر محمد ی بەراورد بکەین ئەوا مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ۲٠٠ ساڵ پێش ئێستا ئەگەرێتەوە،
جگە لەم نۆینە یا ( کارێز )یە چەند نۆینەی تر بوونی هەیە لە گوندەکەمان کە درێژیەکەیان زۆر زیاتر دەبێت بێت کە یەکێکیان زیاتر لە ۱٠٠٠ مەترە بەڵام بەهۆی تێپەڕینی زەمەن وون بوونە جا بەهۆی باران و لافاو یان هاتوچۆی مرۆڤ بەسەریاندا ، جگە لەم شوێنەوارە چەندین شوێنەواری تریش ھەیە لە سنووری ئەم گوندە، وەك: (قەڵا، گۆڕستان، ئەشکەوت، گرد و ھێماکان ) بوونی هەیە .

 

زۆرترین بینراو