شۆرشی مەزنی ئەیلوول تەنیا شۆڕەشێکی چەکداری نەبوو

نوسینی/نازم شێخانی
 ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە گەلی کورد چەندین شۆڕشی دژی ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکان بەر پاکردووە ، یەکێک لەم شۆڕشانە شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو، بەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕابەرایەتی (مەلا مستەفا بارزانی ) ئەم شۆڕەشە تەنیا شۆڕەشێکی چەکداری نەبوو، بەڵکو هەم ڕاپەڕینێکی سەرتا سەری بوو هەمیش ناساندنی میللەتی کورد بوو بەجیهان.
روونە هەڵگیرسانی شۆڕەشی  ئەیلول بەڕابەرایەتی (بارزانی نەمر ) دوای ئەم زوڵم و ستەمەی حکوومەتی ئەوسای بەغدا بوو کە لەساڵی( 1961) لەدژی گەلی کورد ئەنجامی دا، ئەمەش وایکرد لە (11/9/1961)مەشخەڵی شۆڕش هەڵبکرێت بەوتەیەکی بەنرخی ( بارزانی نەمر) شۆڕەش دەست پێدەکات، سەرۆک بارزانی لە کتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد دەڵێ: لەکاتی ھەڵگیرساندنی شۆڕەشی ئەیلوولی مەزن کە بارزانی نەمر پێشمەرگەکانی لە ناوچەی سیدا کۆکردەوەو وتارێکی مێژوویی بۆ پێشمەرگەکاندا  دەنوسێت: 
"براینە نازانم پاشەڕۆژ چی بۆ حەشارداوم، تا ئەو پەڕی توانام بەرگری دەکەم، تا بتوانم کوردستان جێناھێڵم، ئێوە خۆتان دەبینن من مەرگم بۆخۆم ھەڵبژاردووە، جا ئەو کەسەی مەرگ بۆخۆی ھەڵدەبژێرێ با لەگەڵم بمێنێ، لە چەک و فیشەک و پارەیەکی کەم ھیچیترم پێ نییە، ئەوە ھەموو ئەوەیە کە من ھەمە، ئەوانەی لە برسیەتی و مەرگ و سەرما ناترسن با لەگەڵم بمێننەوە، ئەوانەی چاوەڕێی ھیچم لێناکەن با لەگەڵم بمێننەوە، ئەوانەشی بەرگەی ئەو حاڵەتە ناگرن، ئەوە بڕۆن بەڕێی خۆتان و خوا پاداشتان بداتەوە و چونکە زۆرتان لە ئەستۆگرت و ماندووبوون". 
شۆڕشی ئەیلول بەهەمان شێوەی شۆڕەشەکانی تر بێ بەش نەبوە لەجیابوەنەوە، ئەوەبوو  لەساڵی (1964) دوو سەرکردەی دیار و بەهاوەڵی (700 )پێشمەرگە  جیابونەوەی خۆیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندو چونە ئێران، دواتر لەساڵی (1966) گەڕانەوە عێراق و چونە پاڵ ڕژێمی ئەوسای عێراق، بەڵام بارزانی نەمر توانی ببێتە سەر مەشقی ئەم شۆڕەشەو وەک ئەندازیارێک هەموو دەنگ و ڕەنگێک و هەموو چین و توێژێک بەبێ جیاوازی ئاینی مەزهەبی نەتەوەیی کۆ بکاتەوە، شۆڕەش نەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم جیاکاریە و توانی چەندین داستانی گەورە تۆمار بکات و کۆمەڵێک دەسکەوتی گەورە بەدەست بهێنێت.
شۆڕش تەنیا شۆڕشێکی چەکداری نەبوو، بەڵکو شۆڕشێک بوو بۆ  ناساندنی میللەتی کورد بەهەموو جیهان لەمەشیان بارزانی نەمر  لەپاڵ سەرکردایەتی کردنی شۆڕش، توانی چەندین نامە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بکات، وە چەندین دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی جیهان و عەرەب ئەنجام بدات.
شۆڕشی مەزنی ئەیلول ڕاپەڕینێک بوو، کەتوانی چۆک بە حکوومەتی ئەوسای عێراق دابنێت و بکەوێتەگفت و گۆ لەگەڵ گەلی کورد و ڕێکەوتننامەی 11ئازاری لێ بێتە بەرهەم، ئەم ڕێکەوتنە خاڵێکی مێژووی بوو، چونکە بۆ یەکەمجار توانرا دان بەمافی گەلی کورد دابنرێت و مافی ئۆتۆنۆمی لێ کەوتەوە، کەتوانرا پارێزگاری لەناسنامە و زمان و کلتوری گەلەکەمان بکرێت، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق لەکاتی لاوازی پەنایی بۆ گفتوگۆ دەبرد لەکاتی بەهێزی سودی لەشەڕ وەردەگرت و ئەگەرچی  شۆڕەشی ئەیلول  سەرکەوتنێکی گەورەی کورد لەمێژووی کوردایەتیدا نوسیەوە بەرامبەر بە دووژمن و پربایەخترین شۆڕەشی کوردی بوو، بەڵام ڕژێمی عێراق پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو خاڵنامەی نێو ڕێکەوتنەکانی جێبەجێنەکرد، ئەمەش وایکرد جارێکی تر کورد بگەڕێتەوە شاخ و دەست بکاتەوە بەخەباتی چەکداری و شاخ و ناوچە ڕزگار کراوەکان بونەوە پەناگەی شۆڕەش و شەڕی سەرتاسەری ڕاگەیاندرا و زۆرێک لە کورد شوێن و ماڵەکانیان جێهێشت، ڕژێمی بەغدا لە پایزی 1974بەچڕی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆردومان کرد، شەڕ لە چیاکانی ماکۆک وکارخ و دیانا و ڕەواندز دەستی پێکردەوە.
لەساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی ئەیلول و رزگاری خوازی گەلەکەمان