شەقام و كۆڵانەكانی چەند گەڕەكێكی ناحیەی دیانا قیڕتاو دەكرێن

شەقام و كۆڵانەكانی چەند گەڕەكێكی ناحیەی دیانا قیڕتاو دەكرێن

دیدار-محەمەد هەسنانی

بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر كاروپڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان و دەشڵێت، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، ملیاران دینار بۆ پڕۆژەكانی سنووری ناحیەی دیانا تەرخانكراوە و كاركردن تیایاندا بەردەوامە.
فەرزنگ ئەحمەد لاوكە، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، بە زاری كرمانجی راگەیاند: "لە درێژەی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەژێر چاودێری هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەرووی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی رێگاوبان و شەقامەكان لە گەڕەك و شوێنە جیا جیاكاندا لە قۆناخی جێبەجێكردندان، هەروەها چەندین پڕۆژەی دیكە لە پلان و بەرنامەماندان و ئاسۆیەكی روونمان لە بەردەمدایە خزمەتی زیاتر بە دانیشتووانی سەنتەری ناحیەكەمان و گوندەكانی دەوروبەری بكەین".
گووتیشی: "دەستمان كردووە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ و قیڕكردنی رێگای سەرەكی سۆران-ئازادی، بە گوژمەی 230 ملیۆن دینار و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی جێبەجێ‌ دەكرێت، هەروەها تەواوكردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی چاككردن و قیڕكردن و كۆنكرێت كردنی چەند كۆڵانێكی گەڕەكی نەهری، بە گوژمەی زیاتر لە 500 ملیۆن دینار، كۆی گشتی ئەو گوژمەیەی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخانكرا بوو، بریتییە لە یەك ملیار و 287 ملیۆن و 400 هەزار دینار، كە بە چەند قۆناخێك كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە".
بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، نای شارێتەوە سستیەك لە پڕۆژەی بە دووساید كردنی رێگای سەرەكی دێڵزیان-سۆران بەدی دەكرێت، ئەنجامدانی پڕۆژەی بە دووسایدكردنی رێگای دێڵزیان-ناوچەی پیشەسازی كۆنی سۆران گوژمەیەكی زۆری بۆ تەرخانكراوە و بە چەند قۆناخێك جێبەجێ‌ دەكرێت، بەڵام سستییەك لەم پڕۆژەیە بەدی دەكرێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی ئەوەداین ئەم پڕۆژەیە خێراتر بكرێت". 
ئاماژەی بەوەش كرد:" چەند پڕۆژەیەكی دیكە لەبەرنامەو پلاندان بۆ جێبەجێ‌ كردنیان، لەوانە دانانی ئینارەی رووناككەرەوە لە دووسایدی ئازادی دێڵزیان، هەروەها لە هەوڵداین بۆ بە دووسایدكردنی رێگای سەرەكی پەیمانگەی تەكنیكی سۆران تا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ سەرۆكی ئیدارەی سۆران قسەمان لەسەر ئەوە كردووە كە رێگای نێوان گەڕەكی كانی و سەرووچاوە چاكبكرێت و قیڕ بكەین، ئەمەش ئاسانكاری زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست دەكات و قەرەباڵغی لەسەر رێگای سەرەكی سەنتەری دیانا كەم دەكاتەوە، سەبارەت بە قیڕكردن و چاككردنی رێگای خوار یاریگای سەرووچاوەی دیانا، چەند گرفتێكی تەكنیكیمان بۆ دروست بووە، لەرووی بەڵێندەرایەتی لە هەوڵی چارەسەر كردنیدان تا دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەكە بكرێتەوە".
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی لە سنووری هەر ناحیەیەك ناوی چەند گوندێك تۆمار كراوە، بۆ ئەوەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەیان تێدا ئەنجام بدرێت، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوەو رایگەیاند:" جگە لەوەی هەوڵەكانمان بەردەوامی هەیە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی گوندەكان، چوار گوندی سنوورەكەشمان خراونەتە پلانی داهاتوو بۆ جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری، لەلایەن بەغدا داواكراوە هەر ناحیەو چوار گوند پێشنیار كراوە، بۆ ئەوەی زیاتر ئاوەدان بكرێنەوەو پڕۆژەی خزمەتگوزاریان بۆ ئەنجام بدرێت لە بوارە جیا جیاكاندا".
فەرزنگ ئەحمەد لاوكە، دەشڵێت: "جگە لەم پڕۆژانەی ئاماژەمان پێ كردن، چەندین پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لەپلان و بەرنامەماندان و بەپێی بودجەی پێویست كار لەسەر جێبەجێكردنیان دەكەین، ئەو گوژمەیەی كە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوورەكەمان تەرخانكراوە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بووە".
لە دوا قسەكانیدا بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، ئەوەی خستەڕوو:" چەند رۆژێكە لە رێگەی بریكارەكانی خۆراك دەستمان كردووە، بە دابەشكردنی بەشە نەوتی هاووڵاتییان، بۆ بەدوواداچوون و چاودێریكردنی نەوتەكە، لیژنەیەكی تایبەتمەندمان پێكهێناوە وەك لیژنەی سووتەمەنی و لیژنەی ئابووری، كاری ئەو لیژنەیە بریتییە لە پشكنینی نەوتەكە لە رووی كوالێت و رێژەی دیاریكراو واتە دەبێت هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتیان پێبدرێت، هەر كەم و كوڕییەك هەبێت كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنی تانكەری سووتەمەنی یان بریكاری خۆراك دەكرێت.

زۆرترین بینراو