لە دێربی ئیتاڵیا میلان گورزی خۆی وەشاند

لە دێربی ئیتاڵیا میلان گورزی خۆی وەشاند

رۆناڵدۆ بێ ئومێدبوو, ئیبڕاش تووشی پێكان

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: لە میانەی یارییەكانی هەفتەی 35ی خولی یانەكانی ئیتاڵیا و لە یاری لوتكەدا یانەی یۆڤانتس لە یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی میلانی كردو یارییەكەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر پێ دۆڕاند، گۆڵەكانی میلان ئیبراهیم دیاز و ئانتی ریبیچ و تۆمۆری تۆماریان كرد، بەم بردنەوەیە میلان بۆ سێیەمی ریزبەند سەركەوت و یۆڤانتسیشی خستە پلەی پێنجەم.
دوای ئەوەی كلاسیكۆی ئیتاڵیا بە ئەنجامێكی مێژوویی لە سوودی یانەی میلان كۆتاییهات، ئاندریا پیرلۆی راهێنەری یانەی یوڤانتس رایگەیاند بیر لە وازهێنان لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی یوڤێنتوس ناكاتەوە.
لە یاریگەی ئالیانز ستادیۆم لە تۆرینۆ، یانەی یوڤانتس بەهیوای ئەوەی بگاتە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا میوانداری یانەی میلانی كرد كە هەمان هیوا دەخوازێت، بەڵام رۆسۆنێری میوانێكی رەزاسووك نەبوو، بەڵكو بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێی بردەوە.
سوور و رەشەكان لە نیوەی یەكەمدا یارییەكی باشیان لە رووی بەرگرییەوە پێشكەشكرد، تەنانەت نەیانهێشت یەك لێدان بۆ گۆڵەكەی دۆنارووما لێبدرێت، كارێكیان كرد كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یوڤی لە ناو هێڵی سزای ئەوان تۆپی بەر قاچ نەكەوت، لە بەشی دووەمی نیوەی یەكەمیشدا توانیان لە رێگەی لێدانێكی بەهێزی براهیم دیازەوە پێشبكەون و ئەنجامی گێمی یەكەم 1-0 بوو بۆ میلان.
لە نیوەی دووەمدا چاوەڕێی ئاست و دەركەوتنێكی دیكە لە یوڤانتس دەكرا، كەچی وانەبوو، میلان دووجاری دیكە سەردانی گۆڵەكەی چێزنی كرد، لە خولەكەكانی 78 و 82 دا، ئانتێ ریبیچ و تفیاكۆ تۆمۆری دوو گۆڵی دیكەشیان بۆ میلان زیادكردو یارییەكەیان 3-0 بردەوە.
ئەمە یەكەم بردنەوەی میلان بوو لەدوای 10 ساڵ لەسەر یاریگەی یوڤانتس، هەڵبەتە لە 9 یاری رابردووشدا بە یوڤانتس دۆڕابوو لەم یاریگەیەدا.
ئاندریا پیرلۆ، راهێنەری یوڤێنتوس لەدوای یارییەكە كە زۆربەی هەوادارانی یوڤێنتوس داوایان دەكردو چاوەڕێی ئەوەبوون كە دەست لە كاربكێشێتەوە، كەچی دەڵێت" من بیر لە وازهێنان ناكەمەوەو پلانم نیە دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی كارگێڕی یانەكە بكەم، ئەوەی گرنگە ئێمە بەردەوامبین لەو پرۆژەی كە دەستمانپێكردووە".
یوڤانتس ئێستا پێویستی بە بردنەوەی هەرسێ یارییەكەی داهاتوویەتی و چاوەڕێی شكستی میلان، ناپۆلی و ئاتالانتاش دەكات.

زۆرترین بینراو