مامۆستایانی وانەبێژ لە چەندین ماف بێ‌ بەشن

مامۆستایانی وانەبێژ لە چەندین ماف بێ‌ بەشن

حەسەن هاشم، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە دیدارێكی رادیۆی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر كێشەو گرفتەكان  و خواست و داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری ئیدارەی سۆران ، وەڵامی چەند پرسیارێكی پەیوەست بەو بابەتە دەداتەوە. 
دیمانە: غەفور عەبدوڵا
 * بایكۆت كردنی مامۆستایانی وانە‌بێژ كاریگە‌ری نە‌رێنی لە‌سە‌ر پڕۆسە‌ی خوێندن دروست كرد؟
- ئە‌و بایكۆتە‌ی كرا لە‌ زۆربە‌ی شار و شارۆچكە‌كانی هە‌رێمی كوردستان  پە‌روە‌ردە‌ی سۆرانیشی گرتە‌وە،‌ ئێمە‌ وە‌ك نوێنە‌ری مامۆستایانی وانە‌بێژ لە‌ پە‌روە‌ردە‌ی سۆران هەوڵمانداوە‌ رێژە‌ی بایكۆتكردن زیاد بكەین پاشانیش ئەو‌ پە‌روە‌ردانەی سە‌ر بە‌ ئیدارە‌ی سۆرانن، وە‌كو پە‌روە‌ردە‌ی چۆمان، رواندز، مێرگە‌سۆریش بەشداربن لەم بایكۆتكردنە، چە‌ند جارێك هە‌وڵماندا لە‌ رێگە‌ی قایمقام و لایە‌نی پە‌یوە‌ندیدار گردبوونە‌وەیە‌كی هێمنانە‌ ئە‌نجام بدە‌ین، مامۆستایانی وانەبێژ تێیدا بە‌شدار بن، بە‌ڵام بیانوی ئە‌وان ئە‌وە‌بوو تا ئاڵۆزی دروست نە‌بێ و مامۆستایان كێشە‌ دروست نە‌كە‌ن رێگە‌یان بە‌ گردبوونە‌وە‌كە‌ نە‌دا، لە‌ كاتێكدا ئێمە‌ی مامۆستایان دوورین لە‌ ئاژاوە‌گێڕی.
 * چەند مامۆستای وانە‌بێژ لە‌ سنووری ئیدارە‌ی سۆران هەیە ؟
- لە‌ سنوری پە‌روە‌ردە‌ی سۆران ئە‌وە‌ی تا ئێستا بە‌ دە‌ستی ئێمە‌ گە‌یشتووە‌ ١٣٥٠ مامۆستای وانە‌بێژ تەنها لە سنووری پە‌روە‌ردە‌ی سۆران هەن جگە لە پەروەردەكانی تر‌.
 * وە‌زارە‌تی پە‌روە‌ردە‌ پلانی هە‌بووە‌ بۆ چارە‌سە‌ركردنی گرفتی مامۆستایانی وانە‌بێژ؟
- وە‌زارە‌تی پە‌روە‌ردە‌ چە‌ند جارێك بڕیاری دا‌ لەسەر‌خە‌رجكردنی پارەی وانە‌بێژان، بە‌ڵام ئەویش لە‌بە‌ر دۆخی‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، بوو بە‌ شێوە‌ی (بڕە پارەیەكی دیاریكراو) ئەو هاوكارییە دابە‌ش بكرێت، بە‌ڵام بڕیارە‌كە‌ بە‌ شێوە‌ی كاتی بوو كۆتایی پێهات، ئامانج و داوای ئێمە‌ ئە‌وە‌ نییە‌ كە‌ پچڕ پچڕ پارە‌كە‌ بدرێت، ئێستا وە‌زارە‌تی پە‌روە‌ردە بە فەرمی ئەو بڕیارەی داوە، ئە‌و مامۆستا وانەبێژانەی لە‌ دە‌رە‌وە‌ی شارن (٤٥0) هە‌زاریان پێ بدرێت ئە‌وانە‌ی ناو شار (٤٠٠)  هە‌زار دینار،‌ بە‌ هە‌مان شێوە‌ دیبلۆمیش بۆ ناو شار (٣٠٠ ) هە‌زار دینار بۆ دە‌رەوە‌ی شار (٣٥٠)  هە‌زار دینار، ئێستا حكوومەت ئەو بڕیارەی داوە دەتووانێ راستە‌وخۆ ١٧ هە‌زار مامۆستای وانە‌بێژ بكاتە‌ گرێبە‌ست، هە‌ندێكیشیان دە‌توانێ دابمە‌زرێنێ و بیانكاتە‌ هە‌میشە‌یی. ئەو بڕیار دراوە  لە‌سە‌ر خە‌رجی مامۆستایانی وانەبێژ، ئێمە‌ ئامانجمان ئە‌وە‌یە‌‌ بكرێینە‌ هە‌میشە‌یی، ئەگەر حكومە‌ت بیانووی ئە‌وە‌یە‌ ناتوانێ بمانكاتە‌ هە‌میشە‌یی خۆ دە‌توانیِ بمانكاتە‌ گرێبە‌ست لە‌ بە‌رامبە‌ر ئە‌وە‌ی‌ مامۆستا ٤٠٠ هە‌زار یان ٤٥٠ هە‌زار پێ بدرێ مامۆستایانی وانەبێژ رە‌زامە‌ندن لە‌سە‌ر ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ بكرێنە‌ گرێبە‌ست.
 *بەخانەنشین بوونی هەندێ‌ لە مامۆستایان و لە جێ‌ دانی مامۆستای وانەبێژ ئەو گرفتە چارەسەردەبێت؟
- لە‌ ٢٠١٤ وە‌ دامە‌زراندن وە‌ستاوە‌ لە‌ كە‌رتی پە‌روە‌ردە‌، مامۆستایانی وانە‌بێژ لە‌و ساڵە‌وە‌ هە‌روا زیاد دە‌بن تا رێژە‌یان گە‌یشتوە‌تە‌ ٢٠ تا ٢١ هە‌زار وانەبێژ، جگە‌ لە‌مە‌ ساڵانە‌ رێژە‌ی كۆچكردنی مامۆستایان بۆ دە‌رە‌وە‌ی و‌ڵات و مردنیان بە‌رە‌ بە‌رە‌ زیاد دە‌كات، نزیكە‌ی ٩٢ هە‌زار مامۆستا لە‌ ساڵی ٢٠١٤ تاكو ئێستا خانە‌نشین كراون، بە‌ڵام تا ئێستا حكومە‌ت هیچ پلانێكی نییە‌ كە‌ شوێنی ئە‌و مامۆستایانە‌ پربكرێتە‌وە‌ بە‌ مامۆستایانی تر بە‌ڵكو دێت مامۆستایانی وانە‌بێژ یان گرێبە‌ست لە‌ شوێنیان دادە‌نێ بە‌بێ ئە‌وە‌ی دایان بمە‌زرێنێ.
 *ئەو مامۆستایانەی گرێبە‌ست بوون كرانە‌ هە‌میشە‌یی وەزارەتی پەروەردە دەیوویست مامۆستایانی وانە‌بێژ بكاتە‌ گرێبە‌ست بۆئەمە چیكراوە؟
- ئەمە تە‌نیا دە‌نگۆ بوو‌ لە‌لایە‌ن چە‌ند فە‌رمانبە‌رێكی وە‌زارە‌تی پەروەردە بڵاوكرابووە‌وە لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ، بۆ ئە‌وە‌بوو‌ كە‌ وانە‌بێژان سارد بكرێنە‌وە‌ لە‌ بایكۆت و گردبوونە‌وە‌ و دووبارە‌ بگە‌ڕێنە‌وە‌ ناو پۆلە‌كانی خوێندن، هە‌رچە‌ندە‌ دانیشتن لە‌ پە‌رلە‌مانی كوردستان بۆ گرفتی وانە‌بێژان رێكخرا، بە‌ڵام بە‌داخە‌وە‌ هە‌ردوو وە‌زیری پە‌روە‌ردە‌ و دارایی ئامادە‌ نە‌بوون ‌ بێن قسە‌ لە‌سە‌ر بابەتی مامۆستایانی وانە‌بێژ بكە‌ن، بۆیە ئێمە‌ هە‌رگیز ئە‌م دانیشتنانە‌ی پەرلە‌مان بە‌ چارە‌سە‌ر نازانین. 
لە‌ ساڵانی رابردوو تا رادەیەكی باش بڕیار لە‌سە‌ر خە‌رج كردنی مووچە‌ی وانە‌بێژان دە‌درا و زۆر بە‌ باشی دە‌رۆیشت، بە‌ڵام دوای ئەوە ساڵ بە ساڵ مووچە‌ی وانە‌بێژان خراپتر بوو، ئێستا لە  مانگی ١١ داین،  تاكو ئێستا مووچە‌ی مانگی ٣ی ئەمساڵمان وە‌رنە‌گرتووە،‌ لە‌ كاتێكدا مامۆستا هە‌یە‌ بە‌و مووچە‌یە‌ دە‌ژیت و خێزانێك بە‌رێوە‌ دە‌بات یا نەخۆشی هە‌یە و پێویستی بە چارەسەرە‌، كە‌واتە‌ ناكرێ مووچەی وانەبێژان دوابكەوێت، مامۆستا هە‌یە‌ ١٠ - ١٥ ساڵە وانە‌بێژە‌ نایە‌وێت وازی لێ بێنێ چونكە‌ ئومێدێكی هە‌یە‌ ‌ رۆژێك دێت دە‌كرێتە‌ هە‌میشە‌یی. 
وەك دیارە گە‌نجانێكی زۆر لە هە‌رێمی كوردستان روو لە‌ دە‌رە‌وە‌ی وڵات دە‌كە‌ن، هۆكار ئە‌و بێ ئومێدیە‌یە‌  لە‌ هە‌رێمی كوردستان هە‌یە‌تی، كە‌واتە‌ حكومە‌ت پێویستە‌ بە‌ زووترین كات بێتە‌ سە‌رخت چارە‌سە‌رێك بۆ ئە‌م دۆخە‌ی مامۆستایانی وانە‌بێژ و گە‌نجانی بێ كار بدۆزێتەوە. 
 * مامۆستایانی وانەبێژ لە هەندێ‌ ماف بێ‌ بەش دەبن لەچاو مامۆستایانی هەمیشەیی؟
- مۆڵەتی دایكایەتی ، نەخۆشی، چەندین مافی تر مامۆستایانی میلاك لێی سوود مەندن،‌ ئێمە‌ش وەك مامۆستایانی وانبێژ‌ راستە‌وخۆ كە داوای گرێبە‌ست یا بە هە‌میشە‌یی بوون  دە‌كە‌ین  بۆ ئەوەیە ئە‌و مافانە‌ بە‌ دە‌ست بێنین.
هە‌رچە‌ندە‌ وە‌زارە‌تی پەروەردە بڕیاری ئە‌وە‌ی داوە‌ كە‌ بڕە‌ پارە‌یە‌ك بۆ وانە‌بێژان تە‌رخان بكە‌ن لە‌ پاڵ ئە‌م بڕیارە كۆمە‌ڵێك مافیشیان پێ بدە‌ن، بە‌ڵام ئێمە‌ ئە‌وە‌ بە‌ چارە‌سە‌ر نازانین. 

زۆرترین بینراو