مەسرور بارزانی: كوردستان لە رووی ئاسایش و ئابوورییەوە لە قۆناغێكی پێشكەوتوودایه

مەسرور بارزانی: كوردستان لە رووی ئاسایش و ئابوورییەوە لە قۆناغێكی پێشكەوتوودایه

زاری كرمانجی - مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە (21ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2021) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆڕبەندی مەنامە بەشدارییەكی كارامان كردووە و لەگەڵ زۆر لە بەشدابووانی كۆڕبەندە دیدارمان كردووە، كە پاراستنی ئاسایش و هاوكاری یەكتر تەوەری سەرەكی بووە.

مەسرور بارزانی گوتی: بەشدارییەكی باشمان هەبووە، بەشداری پا‌نێڵ و چەندین دیداری دوو بە دوومان كرد، لەگەڵ زۆر لە بەشداربووانی كۆڕبەندی مەنامە، هەمووشی لەسەر چۆنیەتی پاراستنی ئاسایش و هاوكاری یەكترمان بووە، لەگەڵ ئەو تەحەدیاتانەی رووبەڕووی ناوچەكە بەگشتی بووەتەوە.

گوتیشی: لەكۆڕبەندەكە ئێمە وەكو بەشێكی كاریگەر لەو ناوچانە بە گرنگمان زانی بیروبۆچوونەكانی خۆمان لەگەڵ ئەوان باس بكەین، پێمانوایە چیتر بابەتی ئاسایش بابەتی ناوچەیەكی بەتەنیا نەماوە، پێویستی بەهاوكارییەكی هەمەلایەنە هەیە، ئەمەشمان بینی، كە لەم كۆڕبەندە باس دەكرا، ئەوەی هەستیشمان كرد، گرنگییەكی زۆریان بە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی داوە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مەنامە 2021سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مەنامە 2021
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونیكردەوە، لە كۆبوونەوەم لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریكا، ئەوان بەڵێنی ئەوەی دا بەردەوام دەبن و هاوكاری و بوونیشیان لە ناوچەكە بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، هەموو لایەك هەست بەوە دەكەن، داعش هێشتا مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ناوچەكە، ئەوان رۆڵی پێشمەرگە و دامودەزگاكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیان بە گرنگ زانی، لەبەر ئەوەی ئەوانیش وەكو هاوپەیمان پێویستیان بە ئێمەیە، بۆ ئەوەی بەیەكەوە رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببینەوە،

سەبارەت رۆڵی هەرێمی كوردستان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ عێراق، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئێمە هەمیشە گوتوومانە كە كوردستان دەتوانێت ببێتە دەرگایەك بۆ ئەوەی خێر و بەرەكەت بۆ هەموو عێراق بگەڕێتەوە.

جەختیشی كردەوە، كوردستان هەم لە رووی ئاسایشەوە، هەم لە رووی ئابوورییەوە لە قۆناغێكی پێشكەوتووتردایە، هیوادارین ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەری ناوچەكەكانی دیكەی عێراق بێت، بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و بووژانەوەی ئابووری.

زۆرترین بینراو