نۆرینگەی میللی ئێواران لە نەخۆشخانەی ئاشتی دەكرێتەوە

نۆرینگەی میللی ئێواران لە نەخۆشخانەی ئاشتی دەكرێتەوە

محەمەد هەسنانی-سۆران:
جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی گشتی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر كەم و كوڕییەكانی پێداویستی و كارمەندانیان لە بانكی خوێن و دەشڵێت "لەپێناو زیاتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان نۆرینگەی میللی ئێوارانمان كردۆتەوە.
د.لوقمان عبدالنبی حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی گشتی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: "لەبەردەوامی كارەوپڕۆژە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاووڵاتییانی دەڤەری سۆران، بە هاوكاری بەڕێوەبەرو كارمەندانمان و لە ژێر چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەستاوین بە كردنەوەی نۆرینگەی میللی ئێواران لە نەخۆشخانەی ئاشتی، كە رۆچانە كاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆ تا كاتی شەوان لە خزمەت نەخۆش و هاووڵاتییان دەبێت".
گووتیشی "لەم نۆرینگەیە تەنها بلیتی دوو هەزار دیناری لە نەخۆش وەردەگیرێت و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی تەندروستی وەك پشكنین و تاقیگەو تیشك..هتد، بەبێ‌ بەرامبەر بۆ نەخۆش دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەرستارانی خۆبەخش لەم نۆرینگەیە دادەنرێن و بەشێكی ئەم پارەیە كە بۆ بلیتی نۆرینگە وەردەگیرێت دەدرێتە ئەم خۆبەخشانە، لە هەمانكاتیشدا بە كردنەوەی ئەم نۆرینگەیە قەرەباڵغی زۆر لەسەر بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكەمان كەم دەبێتەوە، هەروەها خەرجێكی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە لە بری ئەوەی لە نۆرینگە كانی ئەهلی لە نۆرینگەی میللی نەخۆشخانەی ئاشتی رێوشوێنی پزیشكیان بۆ دەگیرێتەبەرو چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجام دەدرێت".
جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی گشتی سۆران، ئەوەشی ئاشكرا كرد: "لە ئێستادا ئەم نۆرینگەیە بەشێوەیەكی كاتی بەڕووی نەخۆش كراوەتەوەو لە هەوڵی ئەوەداین بەشی تاقیگەو تیشك و رێكی بخەین و لە داهاتوودا بەشێوەیەكی بەفەرمی بكەینەوەو بكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".
د.لوقمان عبدالنبی حەسەن، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی ئەگەرچی كردنەوەی بانكی خوێن لە نەخۆشخانەی ئاشتی زۆر پێسویت بوو، بەڵام دەبوایە سەرجەم خزمەتگوزاریەكان بۆ ئەم بانكە دابین بكرابوایە، بەتایبەت لە رووی كارمەندانی تەندروستی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەو ئیمكانیاتەی لەبەردەستماندایە هەموو تواناكانمان خستۆتەگەڕ، لەپێناو ئەوەی خزمەتگوزارییەكان لەم بەشە بەردەوام بێت، بەتایبەت لەرووی وەرگرتنی خوێن و پشكنینەكان و دابین كردنی خوێن بۆ نەخۆش.

زۆرترین بینراو