نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری كۆبووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری كۆبووه‌وه‌

زاری كرمانجی - نێچیرڤان بارزانی ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری  كرد بۆ هه‌وڵ و ڕۆڵی ئه‌رێنییان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هه‌مواركردنی یاسای دادگای فیدراڵی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی دادگاكه‌‌.

له‌ به‌رده‌وامیی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/4/10، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق و ژماره‌یه‌كی له‌ دادوه‌ران و سه‌رۆكی دادگاكان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و به‌تایبه‌تی به‌ڕێز زێدان كرد بۆ هه‌وڵ و ڕۆڵی ئه‌رێنییان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هه‌مواركردنی یاسای دادگای فیدراڵی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی دادگاكه‌‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستبه‌كار بێت و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست.

هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ ئه‌ركی دادگای فیدراڵی سه‌خته‌ و گرنگه‌ كار و بڕیاره‌كانی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی دادگه‌ر بێت و بڕوا و متمانه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق به‌هێزتر بكات و هه‌مووان له‌باره‌یه‌وه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ست به‌ دڵنیایی بكه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پێویستیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان دامه‌زاراوه‌ دادوه‌رییه‌كانی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستاندا كرده‌وه‌ و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دامه‌رزاوه‌ دادوه‌رییه‌كانیان تاوتوێ كرد.

زۆرترین بینراو