هاووڵاتییانی مێرگەسۆر داوای چارەسەركردنی كێشەی كارەبا دەكەن

هاووڵاتییانی مێرگەسۆر داوای چارەسەركردنی كێشەی كارەبا دەكەن

رەمەزان زەكەریا - مێرگەسۆر:

 كەمی كارەبای نیشتمانی لە قەزای مێرگەسۆر و دەرووبەری، هاوبەشان و دانیشتوانی بێزار كردووە و داوای چارەسەركردنی كێشەكان دەكەن.
قەزای مێرگەسۆر سەر بە ئیدارەی سۆرانە، تا ئێستا پێوەری زیرەكی كارەبا نەبەستراوە و لە پاڵ ئەوەشدا هەندێك لە هاوبەشانی كارەبا مانگانە بڕە پارەیەكی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە، ماوەی چەند رۆژێكیشە رەوشی كارەبا گەیشتووتە ئاستێكی زۆر خراپ و تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەر بكرێت.
ناسر تاهر، دانیشتووی قەزای مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی راگەیاند" كارەبا لە مێرگەسۆر لە ئاستێكی زۆر خراپدایە تایبەت لە وەرزی زستان و سەرماو سوڵ، كارەبا وەك ترافیك لێهاتووە، ئەمە یەكەم ساڵ نییە، چەندین ساڵە لەم دۆخە خراپەداین و گرفتی كارەبای نیشتمانیمان هەیە، نازانین هۆكاری ئەوەندە چوونی كارەبا چییە، پێویستە چارەسەری ئەم رەوشە خرابەی كارەبا بكرێت و لەم دۆخە خرابە رزگارمان بێت.
ئیدریس تاهر، هاووڵاتیەكی دەڤەری بارزانە، بە زاری كرمانجی گووت" كارەبای نیشتمانی بەر لە هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە كێشەی نەبوو، بەڵام ماوەیەكە بە تایبەت هەفتەیەكە رەوشی كارەبا زۆر تێكچووە بەرادەیەك بەنەبوون هەژمار دەكەین، چونكە شەو و رۆژ بە شێوەیەكی زۆر كەم دێتەوە، ئەویش هەر دێت و دەڕوات، زۆر جار لەبەر مەترسی سوتانی كەلوپەلی كارەبایی ناوماڵ ئامێرەكان پێناكەین بۆ ئەوەی زیانمان بەرنەكەوێت، نامەوێت پارەی مانگانە بدەین و كارەباش وەك پێویست نەبێت.
زیاتر گووتی" ساڵانە لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرما  و سارد بوونی كەش و هەوای دەڤەرەكەمان كارەبا كەمتر دەبوو، بەڵام ئەمساڵا پێش وەرزی زستان كارەبا خراپ بووە، بۆیە داواكارین پێش ئەوەی بەفر و بارانی زۆر ببارێت رەوشی كارەبای ئێمە چارەسەر بكرێت، چونكە هیچ سوود لەم شێوەیە دابەشكردنە كارەبایە نابینن، بۆیە دەمانەوێت چارەسەری بكەن.
ئەندازیار بەیان قادر حسێن، بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند" ماوەی چەند رۆژێكە دەست بە نۆژنكردنەوەی چەند بەشێكی كارەبای نیشتمانی كراوە لەسنووری مێرگەسۆر بە مەبەستی باشتر بوونی رەوشی كارەبا بۆیە لەم چەند رۆژەی رابردوو تا چەند رۆژی داهاتوو رەوشی كارەبا دیارنییە هەر بەم شێوەیە دەمێنێتەوە یان خراپتر دەبێت، بەڵام دوای تەواو بوونی كاركردن لەسەر پرۆژەكە هەڵبەتە رەوشی كارەبا باشتر دەبێت و بە رێكوپێكی بەپێی ئەو بەرنامەی كە هەیە دابەش دەكرێت بەسەر هاوبەشان و هاووڵاتییان. 
بەرپرسی فەرمانگەی مێرگەسۆر، دەڵێت" پیشتر لە سۆران كارەبای نیشتمانی بۆ مێرگەسۆر دەهات ئێستا بەهۆی كاركردن لەسەر كارەبا لە چوارقورنە كارەبا بۆ مێرگەسۆر دێت مەبەست باشتركردنی كارەبایە لەم كاركردنە كە گۆڕینی هێڵی كارەبایە.
سەبارەت بە گلەیی هاووڵاتییان لەبارەی زۆر گەرانەوەی پارەی كارەبای نیشتمانی، ئەو بەرپرسەی كارەبا ئاشكرای كرد" رۆژانە ژمارەیەك هاووڵاتی بەمەستی زۆر گەرانەوەی پارەی كارەبا سەردانی فەرمانگەكەمان دەكەن، لای خۆمانەوە بە ووردی چاودێری ئەو بابەتەمان كردووە، ئەگەر كێشە هەبێت چارەسەری دەكەین ئەگەر لای ئێمەش نەبێت ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمە نییە، قەرزی كارەبای هاووڵاتییان زۆر كۆنە و لەسەر یەك كەڵەكە بووە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی قەرزاری كرێی كارەبان.
ئەوەشی خستەڕوو" تا ئێستا بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا نەگەیشتووەتە مێرگەسۆر ئێستا لە قەزاكانی دیكە وەكو سۆران و دەرووبەرە، دوای تەواوبوونی ئەو شوێنانە لە مێرگەسۆر دەبەسترێت، هەمیشە لە هەوڵداین بۆ باشتركردنی رەوشی كارەبای نیشتمانی، پێویستە سەرچاوەی كارەبا باشتر بێت بۆ ئەوەی بتوانین كارەبای زیاتر بەسەر هاووڵاتیان دابەش بكەین".

زۆرترین بینراو