هێرشی موشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا نیگەرانی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا

هێرشی موشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا نیگەرانی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا

زاری كرمانجی- دەنگی ئەمریكا: ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر 9:45 خولەک بە کاتی هەولێر بەپێی سەرچاوەکان بە ‌فڕۆکەی بێفرۆکەوان (درۆن) هێرش بۆ سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، هاوکاتی ئەم هێرشە کاربەدەستانی ناوچەکە دەڵێن لە لایەکی تر بە چوار موشەک هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە زێلکانی شێخانی دەشتی نەینەوا بەو هۆیەوە موشەکێک بەر ئەو بنکە سەربازیە کەوتووە و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە سەربازێکی تورکی بەهۆی ئەو هێرشە موشەکیەوە گیانی لەدەستداوە و موشەکەکانی تریش لە گوندی گودادی سەر بە زێلکانی شێخان و ناوچەکە کەوتوون و بەو هۆیەوە دوو ژن کە هاوڵاتی سڤیلی ئەو گوندەبوون بە سووکی برینداربوون و گەیەنرانە نەخۆشخانە.

بەهۆی ئەو هێرشانەوە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت" زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆرستیانە دەکەین کە ئەمشەو کرانە سەر فڕۆکەخانە‌ی نێودەوڵەتیی هەولێر و پێگەیەکی هێزەکانی‌ تورکیا لە باشیک. هیچ پاساوێک بۆ ئەم هێرشانە نییە و لە زیان و تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی عێراق، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە. چەندبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە هەڵوەستەیەکی جددی دەوێت و دەبێ هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عیراق بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەماهەنگی و هاریکاریی نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپ و تاقمانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن زیاتر بکەن و سنوورێکی یەکجارییان بۆ دابنرێت تا چیتر ئارامی و سەقامگیریی وڵات نەخەنە مەترسییەوە و دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت."

سەبارەت بە زیانەکان و وردەکاری و زانیاری زیاتر لەسەر ئەو هێرشەی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەحمەد هوشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"چاوەڕێی لیژنەی لێکۆلینەوەکان دەکەین ئەوانەی کە لە جیهازی ئەمنی تایبەتن ئەوانە لەوێن سەرقاڵی لێکۆلینەوەن لەسەر ئەو بابەتە."

سەبارەت بە گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گووتی " تا سەعات سێ لەبەر ئیجرائات و سەلامەتی ڕامانگرتن بەڵام دوای سەعات سێ دەکرێتەوە". ناوبراو ئاماژەشی بەوکرد کە بە هۆی ئەو هێرشانەوە هیچ زیانێک بەر بە فڕۆکەخانە نەکەوتووەتەوە."

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت " دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت، هێرشەکە بە ڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاڕاستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە . خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە . لێکۆلینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی درۆنەکە."

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تویتەر بڵاویکردەوە، هەمان گروپی میلیشیای هێرشەکەی پێشوو، لە رێگای درۆن (فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیانکردووەتەوە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر).

میدیاکانی ناوچەکە باسی ئەوە دەکەن کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ مەولود چاووشئۆلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان دەربارەی هێرشی تیرۆریستیی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی باشیک کرد. هەردوولا بە تووندترین شێوە هێرشەکانیان سەرکۆنە و ئیدانە کرد و لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا دەبن و لێکۆڵینەوەش لە هێرشەکان بەردەوامە.

بەپێی میدیاکانی هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە کە ئـەو هێرشەی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و هێرشەکەش لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و بەو هۆیەشەوە ئاگر لە کۆگایەک کەوتووەتەوە و دواتر ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە."

دوای ئەو هێرشانە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت" ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەو کردەوە تیرۆریستیانە ئیدانە دەکەین و بە هەولێکی دوژمنکارانە دەزانین بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هیوادارین هەرچی زووە ئەو خەڵکانە و هاوکارەکانیان بدۆزرێنەوە و بەسزای یاسایی خۆیان بگەینن و پێویستە حکومەتی عێراق سنورێک بۆ ئەو کردەوە تێکدەرانە دابنێت و کۆنتڕۆڵی سنورەکانی خۆیان بکەن."

جێی باسە تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئەو هێرشانەیان لە ئەستو نەگرتووە بەڵام کاربەدەستانی ناوچەکە پێیان وایە لە ئێستادا داعش ئەو هێزەی جارانی نەماوە تا بتوانێت هێرشی لەو جۆرە ئەنجام بدات بۆیە بەپێی زانیاری و خوێندنەوەیان بۆ ئەو جۆرە هێرشانە پێیان وایە ڕەنگ بێت گرووپەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت و کاردانەوەکانیش بەهۆی ئەو ڕووداوەوە بەردەوامیان هەیە.

زۆرترین بینراو