هەڵكەوتەی جوگرافیای سۆران لەبارە بۆ گەشەی زیاتری ئابووری

هەڵكەوتەی جوگرافیای سۆران لەبارە بۆ گەشەی زیاتری ئابووری

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:

سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە هەرەیەكە لە قەزاكانی سۆران، رواندز، چۆمان، مێرگەسۆر، پێكدێت یەكێكە لەناوچە هەرە گرنگ و گەشتیاریەكانی كوردستان و عێراق، ساڵانە رێژەیەكی بەرچاوی گەشتیار لەسەرانسەری كوردستان و ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق رووی تێدەكەن، لەمیانەی بەڕێوەچوونی شانۆی سەر شەقام رۆژنامەنووس و شانۆكاران باس لەوە دەكەن سازدانی شانۆی لەمجۆرە هۆكارە بۆ ئەوەی ئەم دەڤەرە ببێتە دەروازەیەكی ئابووری گرنگ بۆ سنوورەكە.
بەرژەوەندی ئابووری لە هونەردا رۆڵی خۆی بەرز دەكاتەوە، بازاڕی خۆی ڕێكدەخات و هەموو خەڵك ڕادەكێشێت، ئەمە دەستپێكی قسەكانی رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر خاڵدار قەواڵییە، كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام دەڵێت" لە ئێستادا هونەر جیهان نزیك دەكاتەوە لەیەك و گەشە بە بواری ئابووریش دەدات هەروەها بەهۆی پەتای نەگیرسی كۆرونا زیانێكی زۆر بە ئابووری جیهان و بەتایبەت كوردستان چوونكە بە پێی پێویست بەرهەمی ناوخۆی نیە و گرنگی پێ نەدراوە،  هەرچەند ئێستا هونەر تا ڕادەیەك لاوازە و دەسەڵات گرنگی بە هونەر نادات و بوددجەی تایبەت تەرخان ناكات بۆ هونەر بەگشتی و شانۆ بەتایبەتی، هونەر لەڕووی ئابوورییەوە پێویستە بەتایبەت شانۆی شەقام رۆڵی سەرەكی هەیە لە بووژاندنەوەی ئابووری وڵات، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان بیر لە پێشخستنی ئابووری نەكراوەتەوە."
ئەو فۆتۆگرافەرە پێی وایە هونەر  و شانۆ زۆر پێویستە لە  بواری ئابووری كوردستان و بەرژەوەندی گشتی و زیاتر ناساندنی وڵات بەجیهان و گرنگی شانۆی شەقام سامانی نەتەوەییە وەك خۆی گووتی" یەكەمین فێستیڤاڵی شانۆی شەقام سۆران - رواندز لەم كات و ساتەدا لەسەر ئاستی كوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام گرنگ و پێویست بوو كە نێودەوڵەتی بوایەو هونەرمەندانی وڵاتانی عەرەبی و بیانی ناوچە دڵگیرەكانی كوردستانیان ببینیایە، بێگومان بیریان لەوەدەكردەوە كە بێنە كوردستان و دەیان كاری هونەری تۆمار بكەن، چونكە جگە لەڕووی جوانی سروشتی سۆران و دەڤەرەكە بیرمان نەچێ خاڵی گرنگ پاراستنی ئەمنیە، هیوادارم لە كەمترین ماوەدا ئاوڕی پێویست لە هونەر بەگشتی بدرێتەوە و شانۆی شەقام بەتایبەتی.
شانۆی شەقام دەروازەیەكی ئابووری  گرنگ بوو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەم قسەی نەژاد نەجم شانۆكارە دەڵێ" هونەر بەگشتی یەكێكە لەو بوارانە كە دەتوانرێت بزنزی تێدا بكرێت و وەك بوژانەوەی بازاڕ هەستانەوەی ئابووری شار وڵات هاوشان لەگەڵ سەرمایە گەورەكان كاری جدی بۆ بكرێت، گەر عەقڵێكی باشی ئابووری و بە بەرنامەیەكی تۆكمە كاری لەسەر بكرێت، هونەر پانتایەكی فراوانە بۆ گەشە سەندی ئابووری وڵات و كۆمپانیا و شار و تاك، ئەزمونی وڵاتان ئەوەمان پێ دەڵێن دەتوانرێت لە ڕێگای هونەرەوە سەرچاوەی ئابووریت بەهێز بكەی و ناوێكی گەورەبیت لە گۆڕەپانەكە، راستە مێژووی دێرینی وڵاتان جیاوازە گەر بەراوردی كوردستانی بكەی، بەڵام هەر هەوڵە دەتوانرێت ئایندە ڕون بكرێت ئابووری بەهێز بكەی، گەر بێتو نمونەی وڵاتانی مسر و توركیا بهێنینەوە كە دوو نمونەی زیندویی هونەرن لە ناوچەكە لەڕێگای مێژوو دێرینەكەیان و ئەزمونە گەورەكەیان لە هونەر  گەورەترین سەرمایی وڵاتیان ئێستا هونەرە،  هەر لە سینەما وشانۆ و دراما و فیلم مۆزیك و گۆرانی هتدی."
 شانۆكار نەژاد نەجم نمونەی چەند وڵاتێك باس دەكات كە چۆن سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆی راكێشاوە و ئەوە دەخاتەڕوو بە پێی ئەزمونی خۆم لە وڵاتانی وەك مسر، تونس، توركیا، هاوشان لە گەڵ نەوت و پیشەسازی و كشتوكاڵ، هونەر بەقەبارەی ئەوان كاریگەری ئابووریان دروستكردووە بۆ وڵات، گووتیشی" لە وڵاتی تونس یەكێك لەو فێستیڤاڵانە كە كار لە هەوای كراوە دەكرێت نمونەی بیابانێك كە زۆر جار لای ئێمە بە زەوی مەرگ  دەناسرێت و هیچ بەروبومێكی نیە و ژیان تێدا مەحاڵە كەچی عەقڵیەتی وڵاتی تونس لێرە بە شانۆی كراوە و شانۆی شەقام ساڵانە دەیان هەزار میوان دەباتە ئەو فێستیڤاڵە و دەیان وڵات بەشداری ئەو فێستیڤاڵە دەكات بەناونیشانی فێستیڤاڵی بیابان، هەزاران هەلی كاری لەو بیابانە دروستكردووە هەر لە خواردن و خواردنەوەوە بازاڕی جل و شتومەك بوونیان هەیە لەكاتی فێستیڤاڵدا، نمونەیەكی تر زیندوو كە گەورەترین فێستیڤاڵی عەرەبی و ئەفریقیە بۆ شانۆی شەقام لە وڵاتی مسر لە شەرم شێخ، راستە شەرم شێخ شوێنێكی گەشتیاری گرنگی وڵاتی مسرە، بەڵام لە ڕێگای فێستیڤاڵی شانۆی شەرم شێخ بۆ گەنجان، تەنها ئەمساڵ 312  نمایش و وڵات لەڕێگای فۆڕمی بەشداری كردنەوە نمایشیان ناردووە تاكو بەشداربن، گەر ئاگەداربین تەنها نێوان قاهیرە و شەرم شێخ 11 كات ژمێر هێندە دوورو و زەحمەتە جگە لەوەش یەك شوێنێك نیە بۆ ژیان لەبیابان زیاتر لە نێوان قاهیرە و شەرم شێخ، بەڵام لێرە وڵاتی مسر كە بە دایكی دنیا ناسراوە ستراتیجی وڵات و كاركردن و بەرنامەی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ دەوڵەمەند كردنی و بەرزكردنەوەی ئاستی ئابووری و فێستیڤاڵێكی كاریگەری دروست بۆ زیاتر بەرەو پێشچونی گەشت و گوزار و دروستكردنی ئابوورێكی بەهێز ئەو فێستیڤاڵە سەدان ملیۆنی بۆ تەرخان دەكرێت ساڵانە جگە لە ناو و پێگەی وڵاتی مسر بەهێزی دەهێڵێتەوە لە هەمانكاتدا قەزانجێكی گەورەی ئابوری هەیە."
لە دوا پەیڤەكانیدا نەژاد نەجم، گلەیی زۆری هەیە لەوەی كە لە كوردستان وەك پێویست گرنگی بەهونەر نەدراوە و گووتیشی" گەر باس لە فێستیڤاڵە بێ بەرنامەو قەزا و قەدەرەكانی لای خۆمان بكەین گریانت دێت گەر بەراوردی بكەی بەوڵاتانی تر، بەڵام بۆ لەدایكبوونی فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی رەواندز- سۆران ئومێدێكی گەورە هەیە گەر بێتو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر بە ئاگایی و لێزانینەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرۆسە گەورەی ئابووری و هونەری بكەن، من باسی كوالێتی نمایشەكان ناكەم وەك یەكەم هەنگاوی فێستیڤاڵ ، بۆ سەرەتا ئابوری ؟ بەهۆكاری جوگرافیای شوێنەكەوە كە سۆران و رەواندزی تێدایە، ڕێك شانۆی شەقام باشترین بیرۆكەی هونەرمەندان و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری  و هونەری سوران و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروستیانكرد، لە دایكبوونی یەكەم فێستیڤاڵ هەنگاوێكی گەورەیە بۆ بوژانەوەی بازاڕ و شوێنە گەشتیاریەكانی وەك بینیمان، هەنگاوی گەورەتر و قورستر بە نێودەوڵەتی كردنی فێستیڤاڵە و هێنانی دەیان وڵات بۆ سۆران و رەواندز بە بیانوی فێستیڤاڵ و شانۆی شەقامەوە وا دەكات گەشەسەندێكی خێرای نێودەوڵەتی دەكات لە بواری گەشتیار و دروستكردنی هەلی كار، گەر بێت و بەپلان و بەرنامە ڕێژی كاری لەسەر بكرێت، سەرەتا ئەركی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەو دواتر حكومەت و وەزارەتی رۆشنبیری و دەستەی گەشت و گوزار بەئاگاییەوە لەم پرۆسە ئابوری و هونەرییە گەورەیە بڕوانن.

زۆرترین بینراو