وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید بۆ سه‌رۆك بارزانی: هەوڵەکانی هەرێم بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و پێکەوە ژیان بەرز ده‌نرخێنین

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید بۆ سه‌رۆك بارزانی: هەوڵەکانی هەرێم بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و پێکەوە ژیان بەرز ده‌نرخێنین

زاری كرمانجی - ڕۆژی سێشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2021، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئان لیندی وەزیری دەرەوەی سوید و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی عیراق، و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندرۆیی و بابەتی پەرەپێدانی کولتووری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ تاوتوێ کران.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتی نێوان گەلی کوردستان و گەلی سوید، بوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی کورد و ڕەوەندی کوردی لە وڵاتی سویدیان وەک پردێکی بەهێز بۆ فراوانکردنی پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان هەردوو گەل هەژمار کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی سوید پێزانینی بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە هەبوو لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش و، هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان و بەهێزکردنی رۆلی ئافرەت لە ژیانی گشتی دا بەرزنرخاند.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی وڵاتی سویدی کرد کە لە رۆژانی تەنگانەدا هەمیشە پاڵپشتی گەلی کوردستان بووە، و هەلوێستی مرۆڤدۆستانەی لەمەڕ خەباتی گەلی کوردستان هەبووە.
هەروەها سوپاسی حکومەتی سویدی کرد کە لە شەڕی تیرۆرستانی داعشدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و داواشی کرد دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و سوید پەرەی زیاتری پێبدرێت.

زۆرترین بینراو