وەزیری دارایی واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کرد

وەزیری دارایی واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کرد

زاری كرمانجی - وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کورددستان کرد.

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند: "ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کرد و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا".

لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی بڕینی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لەلایەن بەغدا و قەیرانەکانی دارایی، هەرێمی کوردستان بودجەی ساڵانەی ئامادە نەکردووە.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چەند کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی بودجەی کرد و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێردران بۆ ئامادەکردنی بودجە.

لە کۆبوونەوەی 2021/4/28ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری و  وەزیری پلاندان راپۆرتێکیان تایبەت بە دوا ژمارەکانی پڕۆژە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021  خستەڕوو.  لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانی ئەنجومەن  لەناو پڕۆژە یاساکە جێگیر بکرێن و دواتر ئامادە بکرێت، بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجومەنی وەزیران، پاشان رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

لە کۆبوونەوەی 5/5/2021ی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری پلاندانان دارا رەشید، راپۆرتێکی لەبارەی داهات و خەرجییەکانی حکوومەتی هەرێم و رێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو. هەروەها، دوا ئامادەکارییەکانی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە تاوتوێکرا، بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا پڕۆژەکە بچێتە قۆناغی پەسەندکردن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

زۆرترین بینراو