پارێزگاری هه‌ولێر: ئومێده‌وارین ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران خزمه‌تی گه‌وره به ناوچه‌كه‌ بكات

پارێزگاری هه‌ولێر: ئومێده‌وارین ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران خزمه‌تی گه‌وره به ناوچه‌كه‌ بكات

زاری كرمانجی - پارێزگاری هه‌ولێر له‌ میانه‌ی سه‌ردانێكی بۆ لقی 10ی سۆرانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئومێد ده‌كه‌ین ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران خزمه‌تی گه‌وره‌تر به‌ ناوچه‌كه‌ بكات كه‌ شایسته‌ی خزمه‌تكردنی باشتر و زیاترن.

ئەمڕۆ سێشەم ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر له‌گه‌ڵ شاندێك سەردانی لقی 10ی سۆرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی كرد و لەلایەن عەبدولواحید ڕەواندزی بەرپرسی لق و کارگێڕ و ئەندامانی لق بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.

پارێزگاری هەولێر لە سەردانەکەیدا پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی هه‌رچوار قه‌زای (سۆران، ڕه‌واندز، چۆمان، مێرگه‌سۆر) و به‌رپرسانی ده‌ڤه‌ری سۆران كرد به‌ بۆنه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و باسی له‌ گرینگی دەڤەره‌كه‌ و مێژوو و قوربانیدانی ئەو سنوورە کرد.

ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: ئومێد ده‌كه‌ین ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران خزمه‌تی گه‌وره‌تر به‌ ناوچه‌كه‌ بكات كه‌ شایسته‌ی خزمه‌تكردنی باشتر و زیاترن، چونكه‌ له ‌ڕابردوودا مێژووی ناوچه‌كه‌ خزمه‌تی گه‌وره‌ی پێشكه‌شی كوردستان كردووه‌ و قوربانی زۆری داوه.

پارێزگاری هەولێر تەئکیدی لەوەشکردەوە وەک پارێزگای هەولێر به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوان و هاوكاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ده‌بن و هه‌روه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوودا له ‌سنووری هه‌رچوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران به‌ گوژمه‌ی (13) ملیار دینار، 90 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییان له‌م سنووره‌ جێبه‌جێ كردووه‌ كه‌ به‌شێك له‌و پڕۆژانه‌ له‌ ته‌واوبووندان و به‌شێكی تریشیان له‌ناو كاردان.

لای خۆشییه‌وه‌ بەرپرسی لقی 10ی سۆرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاسی پارێزگاری هەولێر كرد بۆ سەردانەکەی.