پەروەردەكانی ئیدارەی سۆران داوای نەوت دەكەن

پەروەردەكانی ئیدارەی سۆران داوای نەوت دەكەن

محەممەد مەحموود—زاری كرمانجی – ئیدارەی سۆران :
 
لە بەدوواداچوونێكی هەفتەنامەی زاری كرمانجی لەسەر ئاستی هەر چوار پەروەردەكانی سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان، لەسنووری ئیدارەی سۆران، تا ئێستا بەشە نەوتی قوتابخانەكان نەگەیشتۆتە پەروەردەكان بۆ ئەمساڵی خوێندن، بەڕێوەبەری پەروەردەكانی ئەو سنوورەش دەڵێن" پێویستە حكومەت پەلە بكات لە دابینكردنی بەشە نەوتی قوتابخانەكان لەبەر ئەوەی زۆربەی شوێنەكان لەم سنوورە بەهۆی هاتنی ئەو شەپۆڵە باو و بارانە و بارینی بەفر لە هەندێ‌ ناوچە شاخاوییەكان بۆتە هۆی ساردبوونی كەش و هەوا لەم سنوورە، بۆئەمەش قوتابییان لە قوتابخانەكان پێویستیان بە هەبوون و پێكردنی سۆپایە، كەمی و خراپی سۆپای نەوتیش لە زۆربەی قوتابخانەكانی پەروەردەكانی ئیدارەی سۆران بوونی هەیە.
لە سەرەتادا عەزیز سەعید مەلا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران بۆ زاری كرمانجی گووتی" ژمارەی قوتابخانەكانی سنووری پەروەردەی سۆران پێك دێت لە (٢٤٨) قوتابخانەی بنەڕەتی و دواناوەندی  و ئامادەیی، لەگەڵ (١٦) باخچەی منداڵان، ژمارەی قوتابییانی پەروەردەی سۆران جگە لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی كە ئەمساڵ وەرگیراون، بریتییە لە (54812) قوتابی".
لەسەر بابەتی نەوت و كەمی سۆپا لە سنووری پەروەردەی سۆران مامۆستا عەزیز گووتی" تاكو ئێستا هیچ بڕە نەوتێكمان لەم ساڵ وەرنەگرتووە، بەڵام رەزامەندی دراوە كەوا ئەو نەوتە بێت بۆ قوتابخانەكان، وەك پەروەردەی سۆران لە ئێستادا هیچ بڕە نەوتێكمان نەماوە بۆ بەكارهێنان و دابەشكردنی بەسەر قوتابخانەكان، چونكە ساڵی رابردوو نەوت دابەش نەكرا".
بەرێوەبەری پەروەردەی سۆران باس لە بڕی ئەو نەوتەش دەكات  كەوا پەروەردەی سۆران پێویستییەتی بۆ قوتابخانەكانی سنووری خۆی لە وەرزی زستان و دەڵێت " پێویستیمان بە زیاتر لە چوار سەد هەزار لیتر نەوت هەیە، بۆئەمەش دەستەوەستان نەوەستاوین و داوامان كردوە وەزیری پەروەردەش بە پەرۆشەوە لەسەر خەتەو لە ماوەیەكی نزیك ئەو بڕە نەوتە دێت بۆ قوتابخانەكان“.
بۆ كەمی و نەبوونی سۆپاش لە قوتابخانەكانی پەروەردەكەیان  عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران گووتی" گرفتی كەمی سۆپامان هەیە،داواشمان كردوە كەوا سۆپامان بۆ دابین بكرێن.
چنوور مەزهەر محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رواندز بۆ زاری كرمانجی گووتی " لەسنووری پەروەردەكەمان 7103 قوتابی روو لە هۆڵەكانی خوێندن دەكەن جگە لە قوتابییانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی كە ئەمساڵ وەرگیراون، ژمارەی قوتابخانەو باخچەكانیش لە سنووری پەروەردەی رواندز پێكدێت لە 77 قوتابخانە و باخچە بەم جۆرەی خوارەوە: 9 باخچەی منداڵان ، 53 قوتابخانەی بنەڕەتی ، 10 قوتابخانەی دواناوەندی ، لەگەڵ 5 قوتابخانەی ئامادەیی“.
لە سەر نەبوونی نەوت و كەمی سۆپا لە پەروەردەی رواندز چنوور مەزهەر گووتی" تا ئێستا نەوتمان بۆ نەهاتووە بۆئەوەی بەسەر قوتابخانەكانی دابەشبكەین، لێرە بەدوا زۆر پێویستە حكومەت هەوڵبدات نەوت بۆ قوتابخانەكان دابین بكات، چونكە سنووری ئێمە ناوچەیەكی ساردەو قوتابییان پێویستییان بەوە دەبێت كەوا سۆپا پێبكرێت لە پۆلەكانیان، وەك پەروەردەی رواندز ساڵی رابردوو ئەو نەوتەی كۆگامان كردبوو هەموومان بەسەر قوتابخانەكان دابەشكرد بەتایبەتی قوتابخانەكانی شارەدێی وەرتێ‌، چونكە لەوێ‌ كەش و هەوا سارد تربوو“.
بۆكەمی سۆپاش بەرێوبەری پەروەردەی رواندز گووتی" لە زۆربەی قوتابخانەكان گرفتی كەمی سۆپا هەیە یا سۆپاكان تێكچوونەو كەڵكی پێكردنیان نەماوە بۆیە ئەوەش گرفتێكە بۆ قوتابخانەكان“.
لەكۆتاییشدا چنوور مەزهەر محەممەد، گووتی " وەك پەروەردەی رواندز پێویستیمان بە زیاتر لە 100 هەزار لیتر نەوت هەیە، چونكە ساڵ بەساڵ رێژەی قوتابخانەو باخچەكانمان لە زیاد بوونە زۆر گرنگە لەئێستادا نەوت بگاتە قوتابخانەكان.
لای خۆیەوە ئەحمەد محەممەد نوح ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر بۆ زاری كرمانجی گووتی : پەروەردەی مێرگەسۆر لە 9 باخچە منداڵان  و 136 قوتابخانەی قۆناغی بنەڕەتی و 23  قوتابخانەی قۆناغی دواناوەندی و 6 قوتابخانەی قۆناغی ئامادەیی پێك هاتووە، ژمارەی قوتابییانمان بریتییە لە  14982 قوتابی كە  روو لە قوتابخانە دەكەن“.
ئەوەی ئێستا لەبەر دەستمانە 22 هەزار لیتر نەوتە ئەوەش هی ساڵی پارە بۆمان ماوەتەوە، دەستمانكردووە بە دابەشكردنی بەسەر قوتابخانەكان بەتایبەتی ئەو شوێنانەی زۆر ساردن و پێویستە لە ئێستادا سۆپایان لێ‌ پێبكرێت، وەك پەروەردەی مێرگەسۆر پێویستیمان بە (420) هەزار لیتر نەوت هەیە دەبوو مانگێك پێش ئێستا ئەو ئامادەكاریانە كرابن“.
لە كۆتاییشدا ئەحمەد محەممەد نوح، گووتی " ئێستا لە هەندێ‌ قوتابخانەی سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر سۆپا پێدەكرێت بەتایبەتی ئەوشوێنانەی شاخاوین و زۆر ساردن، گرفتی كەمی سۆپا ئاستەنگێكی ترە لەبەردەممان چونكە دابینكردنی سۆپا زۆر پێویستە لەبەرئەوەی زۆربەی قوتابخانەكان سۆپایان كۆن بوونە یا نیتیان. 
چەتۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان بۆ زاری كرمانجی گووتی" لەسنووری پەروەردەی چۆمان 103 قوتابخانەمان هەیە، لەگەڵ 7800 قوتابی ، ئێمە وەك پەروەردەی چۆمان لە ساڵی رابردوو دەستمان بە نەوتەوە گرت و ئەوەی مایەوە كۆگامان كردو هەڵمان گرت بۆ ئەمساڵ لە ئێستادا بای ئەوەندە نەوتمان هەیە قوتابخانەكەكان بتووانن ماوەیەك بەو بڕە نەوتە ئیدارەی خۆیان بدەن و بەكاری بێنن بۆ قوتابییان، هەر قوتابخانەیەك پێویستی بێت دەتووانێت سۆپا پێبكات و نەوت بەكار بێنێت، بۆ ئەمساڵی وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی داوە لە گەیشتنی بڕە نەوتی پێویست بۆ قوتابخانەكان".
لە كۆتاییشدا لە سەر كەمی سۆپا چەتۆ ئەحمەد بەڕێوبەری پەروەردەی گووتی" ماوەی هەشت ساڵە سۆپای نەوت بۆ قوتابخانەكان نەكڕدروان، ئەوەی هەن هەر ئەوانەن كەوا بەكار هاتوون بەمەش گرفتیان بۆدروست دەبێت و بەشێكیان ساڵانە پێویستان بەچاككردنەوە هەیە.

زۆرترین بینراو