ڤاران بێ ئومێد بووە

ڤاران بێ ئومێد بووە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: وا دیارە جگە لە سێرجیۆ ڕامۆس، رافائێل ڤارانیش هیوای مانەوەی لە ریال مەدرید بەرەو لاوازی دەڕوات، بەگوێرەی تازەترین هەواڵی میدیاكانی ئیسپانیا ڤاران داوای زیادكردنێكی بەرچاوی مووچەكەی دەكات و ریال مەدریدیش رەتی دەكاتەوە.
مالپەڕی دیفنسا سێنترال ئاشكرای كردوە كە ڤاران ئامادە نیە بەمووچەكەی پێشووی گرێبەستەكەی تازە بكاتەوە، یاریزانە فەڕنسییەكە داوای كردوە مووچەی ساڵانەی هاوشێوەی داڤید ئەلابا 11 ملیۆن یۆرۆ بێت، ئەوەش بەرپرسانی مێرەنگی رەتیان كردوە، بۆیە لەئێستادا یانەی ریال مەدرید گەر یاریزانەكە ئامادە نەبێت گرێبەستی تازە واژۆ بكات، رێگە خۆش دەكەن بۆ ئەوەی بەرگریكارەكەیان هەر لەم هاوینە بفرۆشن، بەپێی هەواڵەكە لە ئێستادا ڤاران لە ترانسفیر ماڕكێت نزیكەی 50 ملیۆن یۆرۆ دەكات و چەند یانەیەكی وەك مان یۆنایتد و پاریس سان جێرمان بایەخ بە یاریزانەكە دەدەن، لەكاتێكدا فرۆشتنی یاریزانەكە بۆ ریال مەدرید گرنگە بۆ ئەوەی پارەی پێویست هەبێت بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ كیلیان مباپی بكەن.
جێی ئاماژەیە، درەوشانەوەی چاوەڕوان نەكراوی ناچۆ و میلیتاو لەگەڵ هاتنی داڤید ئەلابا بەڕێژەیەكی زۆر لە گرنگی پێشووی ڤاران و رامۆسی كەمكردۆتەوە، لەبەر ئەمەش رۆیشتنی ئەم دوو بەرگریكارە بەهۆكاری دارایی ئەگەرێكی نزیكەو سوپڕایز نابێت.

زۆرترین بینراو