کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەردەوام دەبێت

کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەردەوام دەبێت

زاری كرمانجی -  دوای زنجیرەیەک سەردان، بڕیارە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک چەترێک کار بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسیی ھەرێمی کوردستان بکات. ڕاوێژکارێکی نێچیرڤانی بارزانییش دەڵێت، کۆبوونەوەکان بەرھەمیان دەبێت و لە داھاتووشدا کۆبوونەوەی دیکە دەکرێت.

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێگەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتیی تێدایە و لەو چوارچێوەیەدا ئەرکی کۆکردنەوەی ھێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەوێتە سەر نێچیرڤان بارزانی کە بەڕێزیان درێغیی نەکردووە، ئەویش لە چوارچێوەی گوتارێکی نیشتمانی و پێکەوەژیانێکی دیموکراتیانە، ھەروەھا چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە. لە دەرەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی ھەرێمیش، نێچیرڤان بارزانی وەک کەسایەتییەک، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەیەکی ھاوبەشدا دیالۆگ بکەن."

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ھەرێم دەڵێت: "سەرۆکی ھەرێم پێی وایە بۆ ئەوەی قۆناغەکە بە سەرکەوتوویی تێ پەڕێنین، پێویستمان بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە."

زیرەک ئاشکرای کرد: "یەکێکە لە ئەرکە ھەرە لەپێشینەکانی نێچیرڤان بارزانی ڕێکخستنی گوتاری ھەرێمی کوردستانە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو و ھەر پرسێکی دیکە، لەبەر ئەوەی ئێمە بەرژەوەندیی گەل و نیشمانمان ھەیە و لەوەدا ھەموو لایەنەکان ھاوبەشن، ئێمە بە ڕێگەی یەکێتی و تەبایی دەتوانین بە یەکگوتاریی سیاسی لە بەغدا زۆر شت بکەین، لەوانەش جێبەجێکردنی دەستووری عێراق."

زیرەک کەمال ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەرەنجامی دەبێت و دوایین کۆبوونەوە و سەردانیش نابێت، لەبەر ئەوە، جەنابی نێچیرڤان بارزانی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو کۆبوونەوانە، چونکە ئەو پێی وایە یەکگرتنی گوتاری سیاسیی ھەرێمی کوردستان، ستراتیژیی کارەکانە."

زۆرترین بینراو