کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان چه‌ند زانیارییه‌ك ئاشكرا ده‌كات

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان چه‌ند زانیارییه‌ك ئاشكرا ده‌كات

زاری كرمانجی - سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: نزیکەی چوارسه‌د هەزار فەرمانبەر سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن و ئەو ئامێرانەشی بۆ پڕۆسەکە بەکاردەهێنرێن جێگه‌ی متمانەن و ڕێگری لە ساختەکاری دەکات.

جەلیل عەدنان خەڵەف، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەیەکیدا لە نووسینگەی نیشتیمانی سەر بە دەزگاکەی لە به‌غدا ڕایگەیاند: نزیکەی چوارسه‌د هەزار فەرمانبەر لە وەزارەت و دەزگا دەوڵەتییەکان پڕۆسەی هەڵبژاردنی ده‌ی ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵ بەڕێوە دەبەن و متمانەی تەواویشیان بەو ئامێرانە هەیە کە لە پڕۆسەکەدا بەکاردەهێنرێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کۆمسیۆن بەوردی کاری کردووە بۆ نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران و هەروەها هەڵبژاردنی ئەو کۆمپانیایەی کە پشکنین بۆ پڕۆسەکە دەکات لەسەر ڕێنمای نەتەوە یەکگرتووەکان و دانانی پلان بۆ هاندانی دەنگدەران لەبەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە کە وابڕیارە ده‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

خەڵەف دەشڵێت، کۆمسیۆن بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی ژمارەیەک لەوڵاتانی جیهان کردووە بەمەبەستی ڕەوانە کردنی چاودێرەکانیان ئەوەش بۆ گەڕانەوەی متمانە بەکۆمسیۆن و ئەنجومەنە نوێیەکەی و هەروەها کار دەکات بۆ ناردنی پەیامێک بۆ هەموو عێراقیەکان بەمەبەستی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکە.

لەبارەی گرێبەستەکانیشەوە، خەڵەف ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، هەموو گرێبەستەکان کە کۆمسیۆن دەیانکات خولییە و جێبەجێکارە سەرەکییەکەی وەزارەتی دەرەوە و بازرگانی و پلاندانان و هەواڵگرییە و خراونەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و دوا ڕەزامەندیش لەوێووە دەردەچێت.

سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان باسی لەوەش کردووە، ئەو کۆمپانیایەی کە پشکنین بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردنەکە دەکات، کۆمپانیای (هانس لەدی) ئەڵمانیە و کۆمپانیایەکی خاوەن ناوبانگ و کاری نمونەیە لەوڵاتان و ئەویش وەکو قازییەک متمانەی تەواوی بەو ئامێرانە هەیە.

لەسەر لیستی تۆماری دەنگدەرانیش خەڵەف وتووشیەتی، لەگەڵ تۆڕی میدیایی عێراقیدا بۆ چاپکردن ڕێکەوتوون ئەگەر چاپخانەیەکی پێشکەوتوویان هەبێت بۆ ئەوەی پارەکە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە و بۆ چاپکردنی کارته‌كانی دەنگدانیش خەریکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی فەڕەنسیدا ڕێکدەکەون.

زۆرترین بینراو