گرانی نرخی خۆراك و پێداویستییەكان، ژیانی هاووڵاتییانی زەحمەت كردووە

گرانی نرخی خۆراك و پێداویستییەكان، ژیانی هاووڵاتییانی زەحمەت كردووە

" نرخی ماددە خۆراكییەكان بە بەراورد بە پار ساڵ سێ هێندە بەرز بۆتەوە" 

پشتیوان كەریم- سۆران:

 هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سۆران، لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و پێداویستییەكانی بازاڕ نیگەرانی دەردەبڕن و بە گووتەی خۆیان گوزەرانیان ئەستەم بووە، فرۆشیارێكیش ئاماژە بەوەدەكات، نەبوونی چاودێری ورد هۆكارێكە بۆ گرانبوونی كەل و پەل بەتایبەتی خۆراك.
كەل و پەل و ماددەی خۆراكی وەك، برنج، زەیت، ئاوە تەماتە، ئارد و پێداویستییەكانی دیكە،  رۆژانە خواستی زۆری لەسەرە و هاووڵاتییان ناچارن بەهەر نرخێك بێ بەدەستی بێنن و بیكڕن، ئەمە لە كاتێكدایە، بە گووتەی دووكاندارێكی سۆران نرخی خۆراك و ماددە خۆراكییەكان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو سێ ئەوەندە گران بوونە. 
ئەحمەد مستەفا، هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای سۆرانە،  لە بارەی  گرانبوونی نرخی خۆراك، ئەو پێیوایە، حكوومەت و لایەنی پەیوەندیدار پێویستە بەوردی چاودێری دۆخی بازاڕ بكەن، تا فرۆشیاران و بازرگانەكانی ئەو بوارە نەتوانن كەل و پەل گران بكەن، ئەركە  لەسەر حكوومەت كە تەواوی  ئەو بازرگانانەی كە كەل و پەل دەهێنن چاودێری بكات بۆ گران نەكردنی خۆراك،  هەر بازرگانێكیش سەرپێچی بكات ببێتە هۆی گران بوونی سزا بدرێت و بڵاویش بكرێتەوە تا ببێتە پەند بۆ بازرگانەكانی دیكە.
نەجات  خدر، هاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی سۆرانە، بە زاری كرمانجی گووت" گران بوونی نرخ لە بازاڕدا تەنها هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەم دەبێت، چونكە بە ئاسانی ناتوانێ خۆراك بۆ خێزان و ماڵ و منداڵی دابین بكات،  ئاماژەشی بەوەكرد، تا رادەیەك نرخی دۆلار هۆكارێكە بۆ گران بوونی نرخی كەل و پەل بەتایبەتی خۆراك، چونكە تەواوی ماددە خۆراكییەكان لە دەرەوە هاوردەی كوردستان دەكەن.
 عامر رۆستای خاوەنی فرۆشگایەكە لە نێو بازاڕی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت" ئیدارەكردنی مرۆڤ بەبێ خۆراك ئەستەمە و  ناكرێت، چونكە خۆراك رۆژانە دوو تا سێ ژەم بەكاردێت بۆیە زەروریە كە هەموو شتێك گرانبێت، بەڵام خۆراك گران نەكرێت، چونكە خۆراك  ژیانی مرۆڤەكانە،  هەروەها ئەوەی ئێمە كڕین و فرۆشتنی پێ دەكەین دەبینین رۆژبەرۆژ نرخی خۆراك بەرز دەبێتەوە و ژیان بەرەو سەختی دەڕوات."
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا عامر رۆستای، ئەوەشی خستە روو" زۆربەی ماددە خۆراكییەكان بە بەراورد بە پار ساڵ رێژەی گرانبوونی بۆ سێ ئەوەندە بەرز بۆتەوە، رۆژبەرۆژ نرخی خۆراك زیاتر بەرز دەبێتەوە، لایەنێكی تریش بازرگانەكانن كە هۆكارێكی دیكەن بۆ گران بوونی نرخی ماددە خۆراكییەكان و بە ئارەزووی خۆیان گران دەكەن، ئەمەش بۆ نەبوونی چاودێریەكی تۆكمە دەگەڕێتەوە، بۆیە بۆ هاوسەنگی راگرتنی بازاڕ پێویستە حكوومەت بە ووردی چاودێری بكات ئەو كەسانەی هۆكارن بۆ گرانبوونی نرخ لێكۆڵینەوەی  پێویستیان لەگەڵ بكرێت.
لای خۆشیەوە، مقەدەم هەرێم سەرپەرشتیاری لێژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند" هەڵمەتەكانمان بەردەوامە بۆ گەڕان لە تەواوی بازاڕدا و گران بوونی نرخ لە هەموو سێكتەركان نییە و هەر كەسێكیش ئەو كارە بكات رووبەڕووی سزا دەكەینەوە.
سەرپەرشتیاری لێژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سۆران، دەڵێت" لە رابردووش هەڵمەتمان هەبووە، چەندین شوێن هەڵسابوون بە گران كردنی نرخ وەك نانەواخانەكان و چەند شوێنێكی تر، بەڵام دواتر نرخیان ئاسایی كردەوە. 
دووپاتی كردەوە" وەك لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتیش ئەندامان هەیە، هەر پیشەدار و دوكاندارێك كەل و پەل و پێداویستی بە گرانتر لە نرخی خۆی بیفرۆشێت، ئێمە دوو رێكار ئەنجام دەدەین، رێكارێك پێبژاردنی بۆ دەكرێت رێكاری دیكەش  رووبەڕووی یاسا و دادگا دەكرێتەوە.
گووتیشی" خۆشحاڵ دەبین هەر كەسێك بیەوێت دابەزاندنی نرخ بكات،  ئێمە ناویان تۆمار دەكەین بۆ هاوردەكردنی ئەو ماددە خۆراكیانەی كە دەیانەوێت لە نرخی بازاڕ كەمتر بفرۆشن".

زۆرترین بینراو