گرنگترین پێویستی 

کاڵێ فەقێ وسو

گرنگترین پێویستی ئەمرۆمان یەکبون و کۆدەنگییە، پاراستنی یەکماڵبوونی کوردستانی و دڵسۆزی بۆ یەکگرتویی لە کۆمەڵگا، وە رێگەنەدان بە هەبوونی درز و بۆشایی تێیدا زۆر گرنگە، پێویستە دیوارە دروستکراوەکانی نێوان متمانە و پەیوەندییەکان بڕوخێندرێن. 
بنچینە و بناغەکان و ئاراستەی جوڵەکان بۆ ئاسایشی هاونیشتیمانییان، پێویستی بە شکاندن و فرێدانی بەربەستەکانە لەژێر چەتری پێکەوەژیانی نیشتیماندا. 
نییەتپاکی لەدڵ و کار پێکەوە، ئەرکی سەرەکییە و نابێ بە رستە و وشە و قسەی نەیارانی ون بکرێت و بڕوشێندرێت. تەنانەت  ئەوانەی کە تاوانکارن بە کاری ناپەسند دەرحەق بە نیشتیمان، ئەگەر ویست و ئیرادەی جددییان بۆ پاشگەزبوونەوە هەبێت دەبێ لەژێر چەتری ئارامی و کۆدەنگی دا جێیان بکرێتەوە.
قەبوڵکردنی جیاوازییەکان جوانترین کۆلکە زێرینەی کوردستانمانە کە دەبێ رێز لەبیر و باوەڕ و لایەنگرییە جۆراوجۆرەکان بگرین.
 خاڵی هەستیار و جێی داخ بۆ نیشتیمانی ئێمە،نەبونی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆیە و گشت ناحەزان و نەیاران چاویان بەو شکۆمەندیی و پێکەوەژیانەی ئێمە هەڵنایەت، بۆیە بودجە و سامانێکی زۆری ماددی و مەعنەوی تەرخان کراوە ناشیرینمان بکەن و بکەوینە گیانی یەکترشکاندن و لێکترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە ڕابەرایەتی "جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی" کۆدەنگی و یەکویستی هاونیشتیمانی کوردستانی بە گوێی جیهان و یار و نەیار دادا کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان لە دۆخی ئاشتیانە و یەکگرتوویی دان و درزی سیاسی ناتوانێ ئەم پێکەوەبون و پێکەوەژیانە تێکبدات.
دڵسۆزانی نیشتیمان لە هەر پلە و پیشەیەک بن دەبێ بەردەوام هەوڵی یەکبون و رێز و شکۆی وڵات بدەن، نابێ ناحەزان درزە بچکۆلەکان گەورەتر بکەن بەڵکو پێویستە بە مەڵحەمی لێبوردەیی و  ڕوحی ئاشتیخوازی ئەو درز و برین و ئازارانە دەرمان بکرێن.
سەردانیکردنی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لای حزبە سیاسییەکان و سەرپەرشتی کۆبونەوەی هێزە سەربازییەکان بەمەبەستی یەکگرتن، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هاورێیەتی و لێک نزیکبونەوەی لایەنە سیاسی و سەربازییەکان و گۆرینەوەی بیروڕا جیاوازەکان بۆ پرسەکانی نیشتیمانی زۆر گرنگن و لە پێویستیە سەرەکییەکانی کوردستانن، دوبەرەکی و رەتکردنەوەی یەکتر و نەهێشتنی متمانە کارێکی خوازراوی نەیارانی وڵاتی ئێمەیە.
یەکێک لە گرفتە گەورەکانی وڵاتی ئێمە لەئێستادا ئەوەیە کە بەداخەوە بنچینەکانی یەکگرتویی و کۆدەنگی فەرامۆش کراوە و جێگۆرکێی پێکراوە لە گەڵ نەسازان و هاندانی حەساسییەتە سیاسی و گروپییەکان و دروستکردنی بەرهەڵستی نادروست و ڕق و گرژی. نوسین و قسە و ئاراستە ناتەندروستەکان دۆخێکی بێزارکەر و ناخۆشییان خوڵقاندووە.
کۆمەڵگای ئێمە موحتاجی ئارامی و پشو و کۆدەنگی نیشتیمانی و تینوی سۆز و ئاسودەییە. هاوسەنگی لە نێوان ورد و درشت و رەنگەکان و دەنگەکان، فاکتەری کۆدەنگی و یەکماڵی کوردستانە، کە  بەبێ سەرکردایەتییەکی بەهێزی سیاسی ژێرخانی کۆدەنگی پتەو نابێت.
بێشک لە گەڵ هەبونی چەندین گرفت و کێشەی جددی لە هەرێمی‌کوردستان، بیر و هزر و ویستی کۆدەنگی نیشتیمانی فاکتەرێکی پیرۆز و ژێرانە و پەسندکراوە کە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاری بۆ دەکرێت، جولە سیاسی و دبلۆماسییەکان بە ئاراستەی کۆکردنەوە و یەکخستن دەستی پێکردووە و هەوڵی  دروستبونی زەمینەی لێکتێگەیشتنی زیاتر و قەبوڵکردنی یەکتر دەدرێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و پاراستنی ڕەگ و ریشەی شکۆمەندی و خزمەتکردن بە وڵاتەکەمان.
بۆ بەردەوامبونی پێگەی هەرێمی کوردستان و مانەوەمان بە سەربەرزی، کۆدەنگی و یەکبون و رێز لە جیاوازییەکان و پشتیوانی خەڵک و حکومەت لێکتر فاکتەرە گرنگەکانن.

زۆرترین بینراو