ھۆکارەکانی ڕاچڵەکین و لەرزین لەکاتی خەودا چین ؟ 

ھۆکارەکانی ڕاچڵەکین و لەرزین لەکاتی خەودا چین ؟ 

توێژینەوەکان دەڵێن لە ٧٠٪ ی خەڵک  تووشی ڕاچڵەکین و لەرزین  دەبن لەکاتی خەودا،  ڕاچڵەکین و لەرزین لەکاتی خەودا لەئەنجامی گرژبوونی ماسولکەکانەوە ڕووئەدەن بەشێوەیەکی  لا ئیرادی کاتێک کەسەکە بێ ئاگایە . 
ڕاچڵەکین زیاتر لەھەموو جەستەدا ڕووئەدات کاتی خەو ، بەڵام ھەندێک جاریش لەوانەیە تەنیا بەشێکی لەش بگرێتەوە وەکو : قۆڵەکان ، قاچ، ھەندێک جاریش کەسەکە لەوانەیە دەنگێکی لێوە بێت یان بقیژێنێت . وەھەندێک جار کەسەکە لەخەو ھەڵدەستێنێت و  ھەستی کەوتنەخوارەوەت لا دروست دەکات . 
زۆرێک  لەتوێژینەوەکان دەڵێن ئەم جوڵە و لەرزینە لەئەنجامی  خاڵیبونەوەی بارگەی کارەبایە لە دەمارەکاندا، کەبەشێوەی سیگناڵ بۆ مێشک دەڕوات و مێشکیش بە شێوەی جوڵەیەک دەریدەبڕێت . 
ھەتا ئێستا ھۆکاری  تەواوی ئەم کێشەیە نەزانراوە ، بەڵام  ھەندێک تێۆری ھەیە کە دەڵێت لەوانەیە بەھۆی ئەم ھۆکارانە بێت : 
١- دوو دڵی و سترێس : 
ئەو شێوازی  ژیانەی ئەمڕۆکە پیایدا تێپەڕدەبین و پڕە لە سترێس و دڵەڕاوکێی و دوودڵی و ماندووی زۆر ، کاریگەریەکی زۆری ھەیە لەسەر کاتی پشودان و خەوتنمان . لەبەرئەوەی سترێس و شڵەژانی باری دەروونی مێشکمان بە ئاگایی دەھێڵێتەوە،  کەئەمەش وادەکات مێشک سیگناڵی کارەبایی بنێرێت بۆ دەمار و ماسولکەکان ، ئەمەش دەبێتە ھۆی ڕاچڵەکین و گرژبوون . 
٢- بەکارھێنانی زۆری وریاکەرەوەکان : 
کافایین و نیکۆتین  کاریگەرییان ھەیە  لەسەر  توانای لەش بۆ خەوتن بە شێوەیەکی سروشتی،  یاخود توانای مانەوە لەخەودا بۆ کاتی پێویست. ئەم وریاکەرەوانە وادەکەن  کە مێشکی مرۆڤ پشووی تەواو نەدات و نەچێتە قۆناغی خەوی قوڵەوە . 
٣- ئەنجامدانی وەرزش : 
ڕوونە کە وەرزش کاریگەرییەکی باشی ھەیە لە چالاککردنی لەش  و جەستە، بەڵام ئەنجامدانی لەکاتێکی دڕەنگی ئێواراندا و  نزیک کاتی خەو،  وادەکات جەستە نەتوانێت پشوو بدات لە کاتی خەودا، کەئەمەش دەبێتە ھۆی ڕاچڵەکین و لەرزین . 
٤- ھەندێک خووی خراپی خەوتن : 
ھەندێک خووی خراپ پێش خەوتن یاخود لەکاتی خەوتندا ، بۆ نموونە ؛ خەوی ناڕێک و پچڕ پچڕ ، دڕەنگ خەوتن ، بەکارھێنانی ئامێری زیرەک پێش خەوتن ...ھتد . ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ ڕاچڵەکین لە کاتی خەودا . 
چۆن خۆمان بپارێزین لە ڕاچڵەکینی کاتی خەو ؟ 
ڕاچڵەکین لەکاتی خەودا، مانای  ئەوە نییە ئەو کەسە نەخۆشە، بە ھەندێک گۆران لە شێوازی ژیان و لایف ستایلدا، دەتوانرێت ڕاچڵەکین و گرژی کەمبکرێتەوە. ئەمەش ھەندێک ئامۆژگارییە بۆ کەمکردنەوەی لەرزین و ڕاچڵەکینی کاتی خەو: 
١- دووربکەوە لە کافایین : 
بەتایبەت لە کاتی پێش خەودا، کە تەحفیزی مێشک دەکات و وادەکات مرۆڤ بە ئاگا بێت، ھەر بۆیە دەبێت کەمبکرێتەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو. باشترە ئاو و چا ڕووەکیەکان بخورێت لەو کاتەدا.  
٢-  دوور بکەوە لەئەنجامدانی وەرزش  بەشەو : 
وەرزشکردن  کارێکی  بەسوودە ، بەڵام ئەنجامدانی لە کاتی شەودا و نزیک کاتی خەو، ئەگەری گرژبوونی ماسولکەکان زیاد دەکات و ئەمەش ڕاچڵەکین زیاد دەکات لە کاتی خەودا . باشترە وەرزش لە بەیانیان زوودا ئەنجامبدرێت و لەژێر تیشکی خۆردا، کە ئەمە وادەکات خاوبوونەوەی ماسولکەکان زیاتر بێت لە کاتی پێش خەوداو خەویش قوڵتر بێت . 


د ۰ هه‌ڤین که‌مال شاه محمد

پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و بێھۆشکاری 
ئه‌ندامی پڕۆڤیشناڵی ئه‌کادیمیایی ئه‌مریکی بۆ ئازار شکاندن.

زۆرترین بینراو