یاداشتێك ئاڕاسته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دەكرێت

یاداشتێك ئاڕاسته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دەكرێت

زاری كرمانجی - دیداری لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له‌مه‌ڕ ئالنگارییه‌كان و پێشهاته‌كانی به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2021/6/6، به‌ئاماده‌بوونی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منی نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی حكومی و حزبی و مامۆستایانی زانكۆو ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له‌ته‌لاری په‌رله‌مان، دیداری لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له‌مه‌ڕ ئالنگارییه‌كان و پێشهاته‌كانی به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تای دیداره‌كه به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، دواتر د.ڕێبوار بابكه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان وتاری كردنه‌وه‌ی دیداره‌كه‌ی پێشكه‌شكردو تیایدا وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان، ڕایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ دوێنێ ڕووداوێكی نه‌خوازراو ڕوویدا له‌ئه‌نجامی هێڕشێكی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌داخه‌وه‌ پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هید ده‌كه‌وێ و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كیش بریندار ده‌بن، ئێمه‌ وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی په‌كه‌كه‌ هاوكات سه‌ری ڕێزو نه‌وازش داده‌نوێنین به‌رامبه‌ر به‌شه‌هیده‌كانمان و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كانمان ده‌خوازین".

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی ئامانجه‌كانی پشت سازكردنی ئه‌و دیداره‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له‌پانێڵه‌كانی دیداره‌كه‌دا پێشكه‌ش ده‌كرێن خسته‌ڕوو و ڕاشیگه‌یاند: "ده‌مانه‌وێ په‌رله‌مان بخه‌ینه نێو وێنه‌ی ڕووداوه‌كان و گفتوگۆكان له‌هۆڵی په‌رله‌مان كه‌قه‌تیس ده‌كرێته‌وه به‌تێڕوانینی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر پرسه ته‌شریعییه‌كان بێین له‌دانیشتنێكی ئاواشدا خه‌ڵكی خاوه‌ن ئه‌زموونی مه‌عریفی و خه‌ڵكی خاوه‌ن ئه‌زموونی سیاسی قسه‌یان له‌سه‌ر بكات بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ڕووداوه سیاسییه‌كانیش قسه‌ی هه‌بێت"، گووتیشی: "ئێمه ده‌مانه‌وێ به‌رمه‌بنای ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ده‌كرێ كۆمه‌ڵێك بژارده دواجار بخه‌ینه به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی بزانین چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه سیاسییه‌كان ده‌كرێ".

پاشان د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیایدا باسی له‌قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی په‌سندكراو له‌ده‌ستووری عێراقی كردو ڕایگه‌یاند: "قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی مێژوو كرده‌و دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ له‌ساڵی 2005، دانپێدانانی ده‌ستووری له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا وه‌رگرت، به‌رهه‌می خه‌بات و خوێن و فرمێسكی ده‌یان ساڵه‌ی گه‌لی كوردستانه‌و ئێستا له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئاسته‌نگ و ته‌حه‌دی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمی و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تیش ڕووبه‌ڕووه‌، بۆیه له‌هاونیشتیمانییه‌كی ئاساییه‌وه تادامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم، حیزبه سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و میدیای به‌رپرس، هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی قه‌باره‌و كاریگه‌ری و پێگه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆییان، پشكیان له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه‌كان و چاره‌سه‌ری ئاسته‌نگه‌كان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ".

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و ئالنگارییانه‌ی كه‌ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌و ڕایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ قه‌باره‌و كاریگه‌ری نه‌رێنی ته‌حه‌دییه‌كان بكه‌ین، ئه‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ته‌حه‌دییاتی ناوخۆیی زیاتر له‌هه‌موو ئه‌وانی تر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بنكۆڵكردن و لاوازكردنی قه‌واره‌كه ده‌بێت، بۆیه ئه‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه لای هه‌موومان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان بێت له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم بۆئه‌وه‌ی پێكه‌وه به‌متمانه به‌یه‌كترو به‌دامه‌زراوه‌كانمان، به‌یه‌كڕیزی له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دییاتی ئاستی عێراقی و ئیقلیمی ڕووبه‌ڕوو بین".

گووتیشی: "سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانمان له‌ڕووی فكری و ئایدۆلۆژییه‌وه‌، ده‌بێت ته‌واوی هێزه سیاسییه‌كان ناكۆكییه‌كانیان به‌لاوه بنێن و هه‌مووان یه‌كڕیزبین له‌گه‌شه‌پێدانی كه‌لتووری دیموكراسی له‌سه‌ر ئاستی دامه‌زراوه‌یی و جه‌ماوه‌ری، له‌فه‌راهه‌مكردنی ئازادییه‌كان و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌بارتر بۆ موماره‌سه‌كردنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی بیروباوه‌ڕی ئاینی و سیاسی و ئه‌وانی تر، ئه‌بێت یه‌كڕیزبین سه‌باره‌ت به‌پیاده‌كردنی پڕه‌نسیپی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، له‌به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دامه‌زراوه‌ی داواكاری گشتی و پاراستنی سه‌ربه‌خۆییان له‌بڕیاردان، له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی له‌خه‌رجی و داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری، به‌بڕینی ده‌ستی حیزب و گرووپه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی له‌نێو ئابووری و بازاڕی هه‌رێمه‌كه‌مان"، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌ئیستادا تاڕاده‌یه‌كی زۆر خه‌می مه‌ترسی له‌سه‌ر قه‌واره‌كه له‌ئاسته جیاوازه‌كاندا وه‌ك خه‌مێكی گشتی نه‌ماوه‌، بۆیه گله‌یی و نیگه‌رانییه‌كان سه‌ره‌ڕای خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان، ده‌بێت جێگه‌ی بایه‌خمان بێت و هه‌وڵ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی بده‌ین.

هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌دۆخی ناوچه سنوورییه‌كان كردو ڕایگه‌یاند: "ناكرێت دۆخی ناوچه سنوورییه‌كان و هه‌لومه‌رجی ژیان و گوزه‌رانی گوندنشینانی ئه‌و ناوچانه له‌ژماردنی ته‌حه‌دییاته‌كاندا نادیده بگرین و دیاره له‌ئێستادا به‌داخه‌وه بوونه‌ته مه‌یدانی شه‌ڕێكی به‌وه‌كاله‌ت كه‌جگه له‌زیان به‌ئارامی و ژیان و موڵك و ماڵ و ئاقاری هاووڵاتییانی گوندنشین هیچ ده‌سكه‌وتێكی بۆ هه‌رێمی كوردستان تێدا نییه‌و ڕۆژانه پێشمه‌رگه‌و هاووڵاتییانمان به‌ناحه‌ق شه‌هید ده‌بن".

له‌كۆتایی وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "ئێمه له‌په‌رله‌مانی كوردستان پێمان وایه بژارده‌ی دیالۆگی بونیادنه‌رانه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ی هێزه دژبه‌ره‌كان له‌وڵاتانی ئیقلیمی و ئۆپۆزسیۆنه‌كانیان له‌بژارده‌ی شه‌ڕو په‌لاماری چه‌كداری و به‌ئامانجگرتنی یه‌كتری و له‌شكركێشی بۆ سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها ڕێگه‌یه كه‌دواجار ده‌بێت هه‌مووان ملكه‌چی حوكم و لۆژیكی ببن، چونكه ئارامی و پاراستنی سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان و عێراق زامنی ئارامی و ئاسایشی ته‌واوی ناوچه‌كه‌یه".

گووتیشی: "به‌ئامانجی ڕاگرتنی له‌شكركێشی و دوورخستنه‌وه‌ی بژارده‌ی شه‌ڕ، یاداشتمان ئاڕاسته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رلایه‌ك به‌پێی ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتی خۆی ڕۆڵ له‌كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌دا بگێڕێت كه‌ڕۆح و ژینگه‌و ژیان و سه‌رو ماڵی هاونیشتیمانییانمان ده‌كاته سوتماك، به‌تایبه‌تی كه‌عێراق ده‌وڵه‌تێكی ئه‌ندام و دامه‌زرێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش له‌ئامانج و ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌یه‌و هاوكات پاراستنی شكۆو سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی سنووره‌كان به‌میكانیزمی نێوده‌وڵه‌تی ڕه‌واو ڕێپێدراوو ئه‌ركی ده‌وڵه‌تی عێراقه".

زۆرترین بینراو