یادی   33 ساڵەی داستانی مێژویی و بەناوبانگی خواكورك

یادی   33 ساڵەی داستانی مێژویی و بەناوبانگی خواكورك

 

ئامادەكردنی/ فكری رەشید بێشۆنی

كورتەیەك لە پێناسەی هەڵكەوتەیی جوگرافیایی ناوچەی خواكورك.


 ناوچەی خواكورك سەر بە دەڤەری عەشیرەتی (برادۆست)ــە و لە نزیكەی 30 گوند پێكهاتووە و كەوتووتە نێو سێ گۆشەی سنووری عێراق ـ ئێران ـ توركیا. 
رووبەری نزیكەیی 150 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چەندین چیا و لوتكەی بەرزی هەیە و زنجیرە چیایەكی سەخت و دوور مەودایە، چەند شوێنێكی ئەم زەنجیرە چیایە زۆر ستراتیژی و بە ناوبانگە وەك: چیای شیلیێ، سەری چالێ، كۆراوا، بنلیس، بریمیشكا، جۆتێ برا، شەكیو، گامیشە، دالانپەر و ئاودەل كیوی و....هتد، لە چیا سەركەش و بەرزەكانی دەڤەری خواكوركە. 
ناوچەیەكی كوێستانی و بەرفراوانە و چەندین روبارو تاڤگە و گۆماو و مێرگ و كانیاوی جوان و سەرنج راكێشی هەیە، هەروەها دۆڵ و گەلی و ئەشكەوتی زۆری لە خۆوە گرتووە.
زۆزان و كویستانەكانی زۆر دڵگیروجوان و دڵرفێنن. ترشین و سەرەدەرۆك و سەرشیۆوك و كۆراوا و چیمەنی ساورە و دۆلی گامێشە.
سنووری خواكورك لە گوندی بەنێ درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە سەر سنووری ئێراق ـ ئێران ـ توركیا سنووری سێ وڵات لێكجیا دەكاتەوە.
لەسەرەتای ساڵی هەشتاكان تا ساڵی 1988 و تا شەڕی خواكورك ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەكانی بارزانی و پارتی دابوون و بنكە و بارەگاكانی پارتی لە هەموو شوێنەكی ناوچەكەدا هەبوون.

 

 

 

چەندان گوندی دەڤەرەكە ئاوەدان كرابوونەوە و ژیانیان تێدا بەسەر دەبرد، چەندینجار بنكە و بارەگاكانی پارتی لە دەڤەركە، كەوتنە بەر هێرشی فرۆكەكانی رژێمی بەعسەوە.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا تێپەربوونی 33 ساڵ بەسەر یەكێك لە داستانە خۆراگرییەكانی بەرگری كوردستان بوو، ئەویش داستانی مێژوویی و بەناوبانگی خواكورك بوو، كە وەك سونبوڵی داستانەكانی شۆڕشی گوڵان دەدرەوشێتەوە.

لە 19ی تەموزی ساڵی 1988 سوپای دڕندەیی عێراق بە هێزێكی زۆرەوە كە زیاتر لە 15 لیوای سەربازی و پتر لە 30 فەوجی جاش و میلیشای بەكرێگرتە بە پاڵپشتی و پشتیوانی فرۆكە و تانك و تۆپخانە هێرشی بەربلاو و یەك لە دوای یەكی هێنا بۆ سەر ناوچە ئازاد كراوەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی كوردستان .
 بەڵام پێشمەرگە نەبەز و دلێرەكانی بارزانی و پارتی بە ورەیەكی بەرز و پۆڵاینەوە توانیان رووبەرووی هێزی زەبەلاحی دوژمن ببنەوە و تێكیان بشكێنن و ئەو داستانە مەزنە بەرگرییە تۆمار بكەن كە دواتر بە( داستانی خواكورك ) ناسرا.

 

 

 

 داستانی خواكورك نموونەیەكی شكۆداری بەرگری كوردستان بوو، بە سەركردایەتی راستەوخۆیی سەرۆك مەسعود بارزانی.
 شەڕەكە لە رووی سەربازی و سیاسی و ستراتجییەوە بایەخێكی زۆر مەزنی هەبوو، چونكە پێشمەرگە لەرووی سەربازییەوە بە كەمترین چەك و كەلوپەلی سەربازی توانی دەستكەوتێكی زۆر لە چەك و تەقەمەنی و كەلوپەلی سەربازی بە دەستبهێنێت. لەرووی سیاسیشەوە توانی بارودۆخەكە بگۆڕێت و ئەو خەونەی دوژمن لە گۆڕ بنێت كە باوەری وابوو گیانی بەرگری نەتەوەی كورد و شۆڕشی كوردستان لە ناو دەبات، بەڵام بەرگری و بەرخودانی پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان وەك هەمیشە خەونەكانیان لە گۆڕناو بردیانە ژێرگڵەوە.
 یەكێك لەو نەبەردییانەی هێزی پێشمەرگە لە مێژوودا تۆماری كردووە داستانی خواكوركە كە بە كەمترین چەك گەورەترین سوپای ئەو سەردەمەی ناوچەی تێكشكاند، ئەو كات بە پێنجەمین سوپای جیهان هەژمار دەكرا.

 

 

 

لە سەروبەندی كۆتایی هاتنی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق ـ ئێران لە ساڵی 1988 كاتێك ئەم جەنگە بە بڕیاری 598ی ئەنجوومەنی ئاسایش كۆتایهات، بووە هۆی ئەوەی رژێمی بەعس دەرفەتێكی نوێی بۆ برەخسێت و بڕیاریدا بوو لەگەڵ كۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ ئێران،  كۆتایی بە شۆڕشی كورد بهێنێت. هەر لەو ساڵەدا لە چوارچێوەی سیاسەتی نكۆڵیكردن و سرینەوەی گەلی كورد چەندین تاوانی گەورەی كۆمەڵكوژیی دژی گەلی كوردستان ئەنجامدا، كە گەورەترینیان كیمیابارانكردنی هەلەبجە بوو.دواتر پلانی بۆ لە ناو بردنی شۆڕشی كوردی دارشت. 
رۆژی 14.7.1988 هێزێكی زۆری هێنا بۆ دەڤەری خواكورك لە ناوچەی خنێرە و لۆلان و مالەمەلا، ئەو هێزە لە چەندین كەتیبەی تانك و تۆپخانە و جبەخانە و هەموو جۆرە چەكێكی قورس و پیشكەوتوو پێكهاتبوون، بە پاڵپشتی فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەر لە دەڤەرەكە جێگیر كران بە نیازی هێرشكردنە سەرسەنگەكانی پیشمەرگە.
لە 19.7.1988یەكەمین هێرشی سوپای رژێم دەستی پێكرد، رۆژ بە رۆژ بەرەكانی شەڕ بە هۆی هێرشە یەك لە دوای یەكەكانی كە بە شەو رۆژ هێرشی دەكردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی شەر گەرمتر و تووندتر دەبوون، هەموو ئامانجی رژێمی بەعس ئەوەبوو سێگۆشەی باكوورـ باشوورـ رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە مێژوودا ئەسكەندەر و نموونەی ئەو، نەیانتوانی لێ بمێننەوە بخاتە ژێر كۆنتڕۆل و ركێفی خۆی و كۆتایی بە شۆڕشی كوردی بهێنێت.

 

 

 

 بەڵام هێزی پیشمەرگە بە ورەیەكی پۆڵاینەوە و بەكەمترین چەك و بێ پالپشتی دەرەكی و بە هێزو بازووی خۆیەوە و بە خۆراگرییەكی پتەو رووبەڕووی دوژمن بوونەوە، هەر هەنگاوێكی دوژمن دەیانهاوێشت وەك گڕكان پێیاندا دەتەقییەوە و وردوخاشیان دەكرد و گەورەترین سەركەوتنیان دژی دوژمن تۆمار كرد. ئەمجۆرە لە خۆبردوویی و گیانی بەرگرییە وایكرد كە هیچ مەرام و پیلانی دوژمنان نەگەنە ئامانج و دۆزی رەوای كورد پاشە كشەی پێ نەكرا.
رژێمی بەعس بە پێی ئەو پیلان و بەرنامەیەی دارشتبوو دەبوایە بە زۆترین ماوە تا دواین خاڵی سنووری پێشرەوی بكات و بە تەواوی دەست بگرێت بە سەر ناوچەكەدا . 
سەركردایەتی پارتی بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی بە پێی بەرنامە و پلانی وردی پێشوەختە هەموو ئامادەكارییەك كرابوو بۆ رووبەڕوو بوونەوەی سوپای رژێمی بەعس.
هێز و بەتالیۆن و رێكخراو و بەرگری مللی بە سەر ناوچەكانی شەڕ دابەش كرابوون و لەو پەڕی ئامادەباشیدا بوون بۆ هەر شەڕ و پێكدادانێك و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك كە لەلایەن دوژمنەوە بكرێتە سەریان.
هەر لە چوارچێوەی ئەو پلانەی سەركردایەتی پارتی، هێزی حەمرین كە ئەوكات خوالێخۆش غەزالی میرخان ژاژوكی فەرماندەیی دەكرد لە سێ رێكخراو پێكهاتبوو، رێكخراوی سەرگرمە رێكخراوی سەفین رێكخراوی ئەزمەر . هێزی پێشمەرگەی سەر بە هەر سێ رێكخراو لە( كانی دلك) لۆلان جێگیركران یەكەمین شەڕی خواكورك لەم ناوچەیە دەستی پێكرد.
بە پێی گێرانەوەی چوار پێشمەرگەی قارەمان و دلێری بەشداربووی داستانی خواكورك كە سەر بە رێكخراوی سەرگرمە و قوەتی شەهید رەشید بێشۆنی بە ناوەكانی جەماڵ جبرائیل بیری و حەسەن محەمەد رەشید گەردی و عەلی سلیم بێشۆنی و ئیسماعیل محەمەد گەردی .
هەموو پێشمەرگەكانی قارەمان و گیان لەسەر دەستی بەشداری شەڕی خواكورك بەتایبەتی شەهید ساڵح رەشید بێشۆنی رۆڵێكی دلێرانە و پاڵەوانانەیان هەبوو لەم شەرەدا. 
هەر بە پێی وتەی ئەم قارەمانانەی ناویان هێنراوە بەم شێوەیە دەگێرنەوە. یەكەم شەڕ كە ئێمە رووبەرووی دوژمن بووینەوە و تێكمانشكاند لە( كانی دڵك) لە لۆلان بوو.
 دوژمن بە هێزێكی زۆرەوە هێرشی هێنا و هەموو جۆرە چەكیشی بەكار هێنا، شەرێكی زۆر سەخت بوو، ئێمە بە سووكترین چەك و كەمترین پێداویستی، رووبەڕووی هێزی بێشوماری پڕ چەكی دوژمن بووینەوە، كە لە چەندین لایەوە و بە بەردەوامی شەو و رۆژ هێرشی یەك لەدوایی یەكی دەهێنایە سەر سەنگەرەكانمان.
 پیشمەرگەی بەشدار بووی داستانەكە و سەر بە رێكخراوی سەرگرمە و قوەتی رشید بێشونی جەمال جبرائیل بیری بەم شێوە یە باسی شەرەكە دەكات.


شەڕی خنێرە ـ لۆلان

 

 

 

شەڕی خنێرە. لۆلان لە .21.7.1988 لە بەرەبەیانییەكی زوو دوژمن هێرشی توندی هێنا، رێكخراوی سەرگرمە رەشید سلیوانەی و قوەتی شەهید رەشید بێشۆنی بەرپرسی سەربازی شەهید ساڵح رەشید بێشۆنی و رێكخراوی سەفین حەسەن سەمەد و عادل مهاجر و رێكخراوی ئەمەر حەسەن جەسیم لە هەر دوو لایەوە لای ئێمە و رێكخراوی سەفین هێرشەكەمان تێكشكاند و هێرشمان بردە سەر دوژمن بە شاهێدی هەموو برا پێشمەرگەكانی بەشدار بووی ئەم شەڕە لەو رۆژەدا لەكۆی ئەو سەربازانەی رژێم كە هێرشیان هێنابوو، تەنیا دوو سەرباز بە برینداری دەرباز بوون ئەوانی تر كوژران و بریندار بوون و بە دیل گیران و دەستكەوتێكی زۆرمان هەبوو لە چەك و تەقەمەنی و بە دیل گرتنی 25 سەرباز كە دوو لە وان پلەی ئەفسەریان هەبوو و تەرمێكی زۆر لە گۆڕەپانەكە بە جێ مابوون. یەكەمین هێرشی دوژمن یەكەمین زەبری كاریگەر و كەمەرشكێن و كوشندەی بەركەوت، زیانی پیشمەرگە لەم شەڕەدا یەك بریندارمان هەبوو بە ناوی( سەلیم بۆلەیی). 
حەسەن محەمەد گەردی پێشمەرگەیەكی تری بەشداربووی ئەو شەڕەیە، ئەو لەگەڵ هێزەكەی رەشید بێشۆنی بووە، دەگێرێتەوە: 
رێكخراوی سەفین دابەش بووین بۆ دوو گردی بەرامبەر بەیەك لە خنێرە دۆژمن هێرشێكی توندی هێنا بۆ لای رێكخراوی سەفین، ئێمە لەلای پشتەوە هێرشمان بردە سەر دوژمن و هێزی رێكخراوی سەفینیش بەرگرییان دەكرد توانیمان لە ماوەیەكی كەم ئەو هێرشەی دوژمن تێك بشكێنین و زیانێكی گەورە مان پێگەیاند 25 سەرباز و دوو ئەفسەر بە دیلگیران و تەرمی كوژراوی زۆریش بە جێ مابوو و چەكێكی زوریش كەوتە بەر دەستمان.
دوای ئەوەی ئەو سەركەوتنە مەزنەمان تۆمار كرد، كاك فازل میرانی و ملازم عەلی پێشوازیان لێ كردین و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە گەورەیەیان لە ئێمە كرد و بە بڕیاری سەركردایەتی بۆ ماوەی دوو رۆژ مۆڵەتیان پێ داین بۆ پشوو كە زۆر ماندوو ببووین. بەرێ كەوتین و دیلەكانمان لە گەل خۆمان هێنا و رادەستی (حەسۆمیرخان دۆلەمەری و و عوسمان هەرنی) مان كرد.
شەڕی بێسۆك. مڵەدێم
هەر بە پێی گێرانەوەی پێشمەرگەیەكی قارەمان و بەشداربووی داستانەكە ئیسماعیل محەمەد رەشید گەردی بەم شێوەیە دەگێرێتەوە: هێشتا لە مۆلەتەكەمان چەند كاتژمێرێك تێپەر نەببوو و سواری ئوتومبێلی سەربازی بووین و هێشتا سەیارەكە حەرەكەتی نەكرد بوو، هەواڵیان هێنا كە لە سەر جادەی بێسۆك چەند پێشمەرگەیەك كەوتوونەتە كەمینێكی سوپای عێراق و چەند پێشمەرگەیەك شەهید كراون، بە بیستنی ئەم هەواڵە شەهید ساڵح بێشۆنی لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزی و گووتی با برۆین بۆ شوێنەكە و بە هانای برا پێشمەرگەكانمان وە بچین.
سەیارەیەكی سەربازی كە لە شوێنەكە بوو شەهید سالح داوای لە شۆفێرەكە كرد بمانگەینێتە بێسۆك، شۆفێرەكە بە لە خۆبردوییەوە بە پێر داوكاری ئێمە هات و بەرێ كەوتین و ئۆتۆمبێلەكەی زۆر بە خێرایی لێ دە خوری لە ناو تەپ و تۆزی جادەی خۆڵ و هاویشتنی كاتیۆشا و گوولە هاون بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكەمان لەلایەن سوپای عێراق نقۆم ببووین، سوپای عێراق لە شوێنە بەرزەكانەوە( رەسەد) چاودێری لە سەر جموجۆڵەكانی پێشمەرگە دانابوو و بوردومانی چڕی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی دەكرد، تا گەیشتینە شوێنەكە لە ژێر تۆپبارانی سەخت دابووین ئێمە كە نزیك جادەكە بووینەوە، بینیمان زیلێكی سەربازیی سەر بە قەرارگای رەمەزان كە نۆ پاسداری تێدابوو و كەوتبوونە نێو كەمینێكی سوپاس عێراق و هەموویان بە زیلەكەوە هەڵواسرابوون و گوللەباران كرابوون و سێ  پێشمەرگەش شەهید كرابوون.
شەهیدەكان بریتی بوون لە زبێر سەلیم گەردی ، خەلیل كەونە گوندی دۆلەمەری ، محەمەدئەمین بێدۆدی شێروانی.
 هاووڵاتییەكیش بە ناوی مستەفا دۆڵەمەری لەگەڵ كوڕەكەی بە دیل گیرا بوون  كە چاومان بەو دیمەنە كەوت شەهید سالح رەشید بێشۆنی گووتی هێرش دەكەین.
 ئێمە بوینە دوو دەستە جەند پێشمەرگە یەك لەگەل شەهید سالح بێشۆنی چوون بۆ لایی پشتەوە لە وێوە هێرش بكەن و ئێمەش لەگەل چەند پێشمەرگەیەكی دیكە لە ناوەڕاست هێرش بكەین، لە لای پشتەوە هێرشكرایە سەر سەربازانی رژێم، تووشی شكستی سەخت بوون هاتنە خوارەوە بۆ لای ئێمە و لێیان هاتینە دەست و هێچ رێگایەكمان بۆ دەربازبوونیان نەهێشتەوە و زۆرێك كوژران و ئەوانی تر بە ناچاری دەستیان بەرز كردەوە و تەسلیم بوون، لەو شەڕەدا تەرمی كۆژراوێكی زۆری سەربازی رژێم لە گۆڕەپانی جەنگدا بەجێ مان و چەكێكی زۆریش كەوتە دەستمان ئامێرێكی بێتەلی پەیوەندیی پێشكەوتوو دەستی بەسەرداگیرا و هێلی پەیوەندیی ئەوانمان پچڕاند،  14 سەربازی رژێم لەگەل ئەفسەرێك بە ناوی (ملازم محەمەد ) كە خەڵكی سامەرا بوو  بە دیلی كەوتنە دەستمان و ئەو ئەفسەرە دوو میدالیای لێهاتوویی و ئازایەتی لەلایەن سەدام حوسێنەوە پێی بەخشرابوو. 
لەو شەڕەدا سێ جیهاز دوو بێ كێ سی و دوو ئارپێجی و بیست پارچە چەكی كلاشینكۆف و یەك قەناسە دەستكەوتمان بوو.
پیشمەرگە لە هەموو بەرەكانی ترەوە هاتبوونە شوێنەكە بۆ پاڵپشتی و بەهاناوە هاتنی ئێمە كە كەووتبوینە شەرێكی سەختەوە بەڵام سوپاس بۆ خوا سەركەوتنێكی گەورەمان تۆمار كرد، بەبێ هێچ زیانێكی گیانی بەرپرسی میحوەری ئێمە ( ملازم عەلی) بوو بە خۆی و جەماعەتێكی زۆرەوە هاتنە پێشوازی ئێمە و پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئەو سەركەوتنە مەزنەی لە ئێمە كرد و گووتی ئێوە پاڵەوانن بەڕاستی ئەوەی ئێوە كردوتانە وێنەی نەبووە و خۆم شەخسی بە ئامێری بێ تەڵ پەیوەندیم بە سەرۆك بارزانی و كاك نێچیروان بارزانی كردووە و ئەو سەركەوتنە گەورەیەیی ئێوەم پێ راگەیاندووە.
لە سەر بڕیاری كاك نێچیرڤان بارزانی بانگ كراین بۆ رێزگرتن و دەستخۆشی و خەڵات كردن بە بۆنەی ئەو سەركەوتنە مەزنە.
دیلەكانمان گواستەوە بۆ بارەگای میحوەر لە رێگادا تووشی مەفرەزەیەكی قەرارگای رەمەزانی سەر بە سوپای پاسداران هاتین ، بەرپرسی قەرارگا سووربوو لەسەر ئەوەی كە دەبێت دیلەكان بدەنە ئێمە و لە تۆڵەی پاسدارەكانمان كە لە سەر جادەی بێسۆك كەوتوونە بۆسەیەكی سوپای عێراق و نۆ پاسداریان لێ كوژرابوو گولەبارانیان بكەین، لێرەدا رووبەڕوویان وەستاینەوە و شەهید سالح بێشونی بە بەرپرسی قەرارگای رەمەزانی گووت كە پێشمەرگەكان بە ئازایەتی و قارامانییەتی خۆیان ئەو سەربازانەیان بە دیل گرتوون ئەگەر ئێوەش بوێڕیتان هەیە سوپای عێراق لەبەردەم تانن و برۆ ئەسیریان بكەن، ئیتر كە زانیان بە هیچ شێوەیەك ناهێڵین ئەو سەربازە دیلە عێراقیانە بكەونە دەستیان بەناچاری شوێنەكەیان جێ هێشت، هاتینە شاری شنۆ لەلایەن نێچیرڤان بارزانی پێشوازی كراین و فەرمووی : من ئاگادارم ئێوە چۆن سوپای عێراقتان تێكشكاندووە و سەركەوتنی گەورەتان تۆمار كردووە و دەبێت ناوی ئێوە بە پاڵەوان لە مێژویی كوردا تۆمار بكرێت.
 لە لایەن جەنابیانەوە پاداشت كراین و داوای لە شەهید سالح كرد ناوی ئەو پێشمەرگانەی پێ بدرێت كە رۆڵێكی قارەمانانەیان هەبوو لەو داستانانەدا .
ناوەكان بریتی بوون لە :  1 شەهید ساڵح رەشید بێشۆنی گەردی, 2 جەمال جبرائیل بیری دۆسكی، 3 رەشید محەمەد رەشید گەردی، 4 قاسم بیری دۆسكی،  ئیسماعیل محەمەد رەشید گەردی، 6 عەلی سەلیم بێشۆنی گەردی،  7 شەمسەددین جبرائیل بیری دۆسكی، 8 حەسەن محەمەد رەشید گەردی، 9 رەزا قادر گەردی، 10موسا مەرعان بیشۆنی، 11 فەتحی قادر گەردی، 12 ئەحمەد میرۆ شێروانی، 13 ناوخۆش بیری دۆسكی، 14 خواجە عەزیز گەردی،  15 مەلا یەحیا بێشۆنی گەردی، 16 عومەر گەردی، 17 عەبدولڵا جبرائیل دۆسكی، 18  سلێمان ئەحمەد شێروانی، 19 كازم رەشید بێشۆنی، 20 چاوشین ماڵخۆ شێروانی. رەنگە ناوی هەندێك پێشمەرگەی دیكەم لە بیر كردبێت بۆیە داوای لێبووردن دەكەم. دواتر ئێمە گەراینەوە بۆ بەرەكانی شەر و چووین بۆ نازداری داغێ 

شەری نازداری داغێ

لە دوای چەند رۆژێك دیسان سوپای عێراق هێرشی هینا بۆ سەر نازداری داغێ لە چیایی پیرەژنۆك گەلی گۆرێی، رێكخراوی ئێمە سەرگرمە و رێكخراوی سەفین پێكەوە بەرەنگاری هێرشی دوژمن بوینەوە و هێرشەكەمان تێكشاند و زیانێكی زۆرمان بە دوژمن گەیاند، لەو شەڕەدا 15 سەرباز كوژران و 9 سەربازی دیكە بە دیل گیران و چەندین پارچە چەكیش كەوتە دەستمان لەو شەڕەدا زیانی پێشمەرگە یەك بریندار بەناوی حەسەن سەمەد بەرپرسی رێكخراوی سەفین بوو.  لە هەموو بەرەكان و شەڕەكان پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە رووبەڕووی هێزی داگیركار دەبوونەوە و زیانێكی زۆریان پێدەگەیاند و بە ناچاری تووشی شكست و سەرشۆڕی دەكردنەوە. ئەو شەرە 46 رۆژی خایاند و دواتر بە داستانی مێژویی و بەناوبانگی خواكورك ناسرا.

سەرۆك مەسعود بارزانی راستەوخۆ سەركردایەتی ئەو داستانە مەزنەی خواكوركی دەكرد، وێرای بەشداریكردنی راستەوخۆی لە بەرەكانی شەڕ بە ئامێری بێتەڵ بە بەردەوامی پەیوەندی بە سەركردەكانی بەرەكانی بەرگری پێشمەرگەوە دەكرد و دەستخۆشی و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی لێ دەكردن.
ئاوارە خۆراگرەكان و رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان رۆڵێكی كارا و بەرچاویان هەبوو لە رووی دابین كردنی خۆراك و كەلوپەل و پێداویستی رۆژانە و داودەرمان بۆ برا پێشمەرگەكان لە بەرەكانی شەر.
ئێزگەی دەنگی كوردستان رۆلێكی گەورەی هە بوو بە راگەیاندن و  پێدانی مژدەی سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی پێشمەرگەی نەبەز و دلێر بە خەڵكی كوردستان و بەردەوام بوونی خۆڕاگری پیشمەرگەدا.
لەم یادەدا سڵاو و درود دەنێرین بۆ سەرگیانی پاكی شەهیدانی داستانی خواكورك و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری كورد و كوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی جوانە مەرگ.

 

زۆرترین بینراو