یانە پێشەنگەكانی ئیتاڵیا شەڕی چامپیۆنزلیگ دەكەن

یانە پێشەنگەكانی ئیتاڵیا شەڕی چامپیۆنزلیگ دەكەن

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: سەرەڕای ئەوەی ئینتەرمیلان پێشوەختە نازناوی سیریا ئەی بەدەستهێناوە، بەڵام هیشتا ركابەری لەسەر پلەكانی دووەم و سێیەم و چوارەم، كە بلیتی چامپیۆنزلیگ بە خاوەنەكانیان دەبەخشن، لە لووتكەدایە، بە جۆرێك كە خاوەنی پلەی دووەم و پلەی پێنجەم تەنیا خاڵیكیان جیاوازە.
ئەمڕۆ 6 یاری دیكە لە گەڕی 35ی سیریا ئەیدا بەڕێوەدەچن، كە دیارترینیان یاری یوڤانتس و میلانە، كە چەندین ساڵە ئەو دوو یانەیە لە یارییەكی گرنگی وەك ئەم یارییە رووبەڕووی یەكدی نەبوونەتەوە، چونكە بەڕێژەیەكی زۆر كۆتایی ئەم وەرزەیان دیاری دەكات.
یاریگەی ئەلیانز لە تۆرینۆ میوانداری یاری لووتكەی ئەم گەڕە دەكات، كە كاتژمێر 9:45 بە كاتی باشووری كوردستان بەڕێوەدەچێت. 
یوڤانتس و میلان، كە هەریەكێكیان 69 خاڵیان هەیە، لە پلەی سێیەم و چوارەمی ریزبەندیدانە، ئاتالانتاش بەهەمان ژمارەی خاڵەكانیان لە پلەی سێیەمدایەو ناپۆلی بە 70 خاڵ لە پلەی دووەمدایە، واتا كێبڕكیی نێوان یوڤانتس، میلان، ئاتالانتا، ناپۆلی و تەنانەت لازیۆی شەشەمیش، لەسەر 3 بلیتی چامپیۆنزلیگ گڕی گرتووە.
یوڤانتس و میلان لەم یارییەدا پشت ئەستوورن بە هۆكاری یاریگە، كە دەكرێت هەردوولا سوودی لێ وەربگرن، بە جۆرێك كە یوڤانتس لە وەرزی 2010 - 2011ەوە لە سیریا ئەیدا لەسەر یاریگەكەی بەرامبەر میلان نەدۆڕاوەو تەنانەت سەرجەم یارییەكانی لێ بردۆتەوە.
دوایین بردنەوەی میلان لە یوڤانتس لەسەر یاریگەی ئەمەی دوایی دەگەڕێتەوە بۆ 5 ی ئاداری 2011, كاتێك لە خولەكی 68 تاكە گۆڵی یارییەكە لەلایەن گاتۆزۆوە بە ئاسیستێكی ئیبڕا ئەستێرەی سوویدی تۆماركرا.
دوای ئەو وەرزەی یانەی بیانكۆنێری 9 یاری لەسەر یاریگەی خۆی بەرامبەر میلان ئەنجام داوە هەمووانی بردۆتەوە.
ستیڤانۆ پیولوی راهێنەری میلان ئامادەباشی یاریزانەكانی بۆ كردنەوەی ئەم گرێكوێرەیە دووپاتكردەوەو گووتی" ئێمە دەزانین یوڤانتس كوالێتییەكی زۆر باشی هەیە, بەڵام ئێمە بە تواناكانی خۆمان هەیە,  میلان دەیەوێ كۆتایی بەو زنجیرە شكستە یەك لە دوای یەكانەی نێو یاریگەی یوڤانتس بهێنێت, ئێمە دەتوانین ئەو كارە بكەین".
میلانی ئەم وەرزەش بەوە جیادەكرێتەوە كە لەنێو سەرجەم یانەكانی سیریا ئەی دا زۆرترین خاڵی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی كۆكردۆتەوە, كە لە 16 یارییدا دوور لە سان سیێڕۆ 40 خاڵی بەدەستهێناوە لە 13 بردنەوە, یەكسانبوونێك و 2 شكست, یاریزانەكانی 31 گۆڵیان تۆماركردووەو 17 جاریش تۆڕەكەی هەژاوە.

زۆرترین بینراو