سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م بڵاوكرده‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م بڵاوكرده‌وه‌

زاری كرمانجی - ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ عه‌ممان و له‌گه‌ڵ خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م، شای شانشینی ئوردنیی هاشمی، كۆبووه‌وه‌.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/6/23 خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م، شای شانشینی ئوردنیی هاشمی، له‌ كۆشكی حوسه‌ینییه‌ له‌ عه‌ممان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ شازاده‌ فه‌یسه‌ڵ بن حسێن و به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن ئاماده‌ی بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئوردن و هه‌رێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و جه‌ختیان له‌ پته‌وكردنیان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دوایین پێشهاته‌كانی عیراق و ناوچه‌كه‌یان باس كرد و خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵا پشتگیریی ئوردونی بۆ عێراق دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ پێویستیی پته‌وكردن و یه‌كخستنی هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژێكی گشتگیردا بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆر و توندڕه‌وی و كاری هاوبه‌ش بۆ پته‌وكردنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا كرده‌وه، هه‌روه‌ها باسیان له‌ لێكه‌وته‌كانی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا، كرد.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵی شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م و شانشینی ئوردن‌ له‌ پشتگیریی به‌رده‌وامی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیی مێژووییی هه‌ردوولا كرد، ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو بواره‌كانی جێی بایه‌خی هاوبه‌شدا هاریكاری له‌گه‌ڵ ئوردن بكات و جه‌ختی له‌ گرنگیی به‌ره‌وپێشبردن و فراوانكردنی بواره‌كانی هاریكاریی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئوردن، كرده‌وه‌.

زۆرترین بینراو