پەیوەندیەکانی هێڵی گەرمی ١١٩ 

ئاری رەفیق

بابەتی ھەڕەشەلێکردنی بڵاوکردنەوەی ڕەسم ، ڤیدیۆ، چات، دەنگ، بەتایبەت لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لەپیاوانەوە کە وەک کارتی فشار لەبەرامبەر کچان و ژناندا بەکاری دەھێنن، ھەتا دێ بەردەوامی ھەیە.
داتا فەرمییەکان بۆمان  ئاشکرا دەکەن کەوا  لەماوەی ھەردوو ساڵی ٢٠١٩+ ٢٠٢٠+ چوارمانگی ئەمساڵی ٢٠٢١ دروست ٤٥٧١٢ چلوپێنج ھەزارو حەسەدو دوانزە کەس پەیوەندییان بە ھێڵی گەرمی ١١٩ی چارەسەری گرفتە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانەوە کردووە لەسەرئاستی «ھەولێر، سلێمانی ، دھۆک» ، لەوژمارەیەی سەرەوە ٧٦٪‏ یان لەرەگەزی ئافرەت بوون، ھەروەھا ھەر لەو ژمارەیەی سەرەوە ٦٠٧٥ شەش ھەزارو حەفتاو پێنج ئافرەت ھەڕەشەی ئابڕووبردنی لێکراوە.

دیوە شاراوەکانی ناو ئەو ژمارانە سێ ئەنجامی مەترسیداری بۆ ئاشکراکردوین:

یەکەم: بەشێک لە کچان و ژنان چونەتە ژێرباری ئەو جۆرە ھەڕەشانەوە، لەپێناو ئەوەی ئابڕوویان نەچێ لەبەرامبەر خێزان و خانەوادەکانیان، خۆیان ڕادەستی پیاوە «ھەڕەشە-کەرەکان!» کردووە، ھەیانە چوار ساڵ لەژێر ھەڕەشەدا مومارەسەی سێکسی بەزۆر بەردەوامی پێداوە، ھەشییانە زیاتر لە ٥٠ ھەزار دۆلاری داوە، تەنھا بۆ ئەوەی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە نەشکێ .

دووەم: بەشێکی دیکەشییان لەژێر شڵەژانێکی دەروونی زۆر خراپدان، نە دەتوانن داوای سزایی بنوسن، نە چوونەتە ژێرباری ھەڕەشەکانەوە، نە بڕیاری ھەڵەشییانداوە.

سێیەم: بەشێکی دیکەیان بەرگەی ئەو فشارەیان نەگرتووەو «لە تەنییایدا»بڕیاری مەترسیدارتریان داوە.
 
چی بکرێ باشە؟

 ١- زۆرینەی ئەو پیاوانە کە دەزانن کچەکە یان ژنەکە لاوازەو دەکڕوزێتەوەو دەپاڕێتەوە، ھێندەی تر شوڵی بەدئەخلاقی خۆیان لێھەڵدەکێشن، ئەو ترس و لاوازییەی کچان و ژنانی دەقۆزێتەوە، بۆیە ھەنگاوی یەکەم دەبێ لە قۆناغی «پاڕانەوەوە» بچیتە قۆناغی «ھەستانەوەو ھێرشکردن»، چونکە بیرت نەچێ وەک چۆن ئەو ھەڕەشەی ئابڕووبردنت لێدەکا ، تۆش دەتوانی ھەڕەشەی ئابڕووبردنی لێبکەی تا چۆکی پێدادەدەی. «ئەزموونی زۆریشمان ھەیە لە سەرکەوتنی ھێرشی پێچەوانە».

٢- تکادەکەم ھەرکاتێک خۆتان یان ڕەفیقێکتان یان ھەر ئافرەتێکی دیکە دەناسن کە لەژێر ھەڕەشەی ئابڕووبردندا ماوەتەوە، دەستەوەستان دامەنیشن و ئەژنۆتان نەشکێ و پێتانوانەبێ ئەوە کۆتایی ژیان و عومری ئێوەیە، زۆر زوو یان پەیوەندی بە ھێڵی ١١٩ەوە بکەن کە ٢٤ کاتژمێر کراوەیە، یان پەیوەندی بەو کەسانەوە بکەن کە ئەرکی فریاکەوتنی تۆیان لەئەستۆیە، رۆژ نیە دەیان حاڵەتی لەو شێوەیە لەلایەن دامودەزگاکانی ئێمەوە چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە. 
ڕەگی ئەم کێشە گەورەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ساویلکەیی و کورتبینی و بەخشینی متمانەی خۆتان بە کەسانێک کە ھیچ لەبارەی حەقیقەتی ھەڕەشەکارەکانەوە نازانن.

زۆرترین بینراو