كایلییەكان مێژوویان تۆماركرد

كایلییەكان مێژوویان تۆماركرد

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: كایلی ماكیۆن، خانمە مەلەزانی ئوسترالی دووەم میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی 2020ی تۆكیۆدا بەدەستهێنا.
كایلی لە پێشبڕكێی 200 مەتر پشتەمەلە توانی پلەی یەكەم و میدالیای زێڕ بباتەوە.
ئەو خانمە مەلەزانە ئوسترالییە ئەوە دووەم میدالیای زێڕە لەم ئۆڵیمپیادەدا بباتەوە، كە پێشتر لە پێشبڕكێی مەلەوانی 100 پشتەمەلەش بەدەستهێناوە.
خانمە وەرزشوانە ئوسترالییەكە، تەمەنی 20 ساڵەو لە دوایین 50 مەتری پێشبڕكێیەكەدا، باڵادەستیی خۆی یەكلاكردەوەو ماوەی پێشبڕكێیەكەی بە 2 خولەك و 4 چركە و 68 بەشی چركە بڕی.
پلەی دووەم و میدالیای زیو بووە بەشی كایلی ماسی خانمە مەلەزانی كەنەدی، كە ماوەكەی بە 2 خولەك و 6 چركە و 17 بەشی چركە بڕی، هەروەها ئیمیلی سیبۆمی خانمە مەلەزانی كەنەدیش میدالیای برۆنزی بردەوە.
ماكیۆن، كە خاوەنی ریكۆردی جیهانییە لە پێشبڕكێی 100 مەتر پشتەمەلە، بەر لە ئۆڵیمپیاد و لە كاتی ئامادەكارییەكانیدا رووبەڕووی بارودۆخێكی زەحمەت بووەوە، كاتێك باوكی بە شێرپەنجەی مێشك كۆچی دواییكرد، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر بردنەوەی میدالیای زێڕ، كە وەك وەفایەك بۆ باوكی، لەسەر قاچی نووسیبووی" هەمیشە لەگەڵت دەبم".