قوتابییان لە قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان چ فێردەبن؟!

غەفور عەبدوڵڵا

قوتابییانی ئێستا جیاوازترن لە قوتابییانی ڕابردوو لە رووی بیروبۆچوون و پێداویستیەكان, قوتابییانی ئێستا پڕن لە وزە و ئومێد بۆداهاتوو,كە تەنها لە نێو دامەزراوەی حكومی و ریكخراوەكان هەست بە توانا و وزەی خۆیان دەكەن , بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەرنج بخەمە سەر پرۆسەی خوێندن لە جیهانی پێشكەوتوو بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەتی.
پرۆسەی خوێندن لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بۆ چەندەها مەبەست و ئامانجی دیاریكراو بەكاردەهێنرێت بۆیە ئامانجی سەرەكی بەدەست هێنانی زانست و زانیاری و گەیشتن بە پلەی بەرزی خوێندنە.
ئەوان خوێندن بەكار دەهێنن بۆ داهێنان و دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و دۆزینەوەی لێهاتویی و كارامەیی خۆیان,لە پرۆسەی خوێندن لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئەوەندەی گرنگی بە زانست و زانیاری دەدرێت زۆر لەوە كەمتر گرنگی بە بەدەست هێنانی بڕوانامە دەدرێت,بۆیە ئێستا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی پێشكەوتوو لەو بڕوایەدان كە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار لە دامەزراوەكانی حكومی یان ناحكومی مەرجی بڕوانامە لە ناو مەرجەكان دانەنێن,لێرەدا قوتابی تەندروست بە ئەزموون و خاوەن فكرە دروست دەبێ و دەتوانێت گۆرانكاری بكات و لایەنی كەم داهێنان بكات و سوود بە تاكەكانی كۆمەڵگە بگەینێت،هەربۆیە گرنگترین شت لە وڵاتە پێشكەوتووەكان پروسەی خوێندنە.
پرۆسەی خوێندن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی تەنها رووكارێكە و نرخێكی وای نییە و بەچاوێكی كەم سەیر دەكرێت،لەگەڵ ئەوشدا زانستێكی كەم دەبینرێت, بە داخەوە قوتابییانی قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگەكانی ئەم شوێنانە ئەوەندەی بیر لە مۆدیلی جلو بەرگ و سیڵفی و جوانكاری و مێكیاج ئەكەنەوە ئەوەندە بیر لە فێربونی زانست و زانیاری ناكەنەوە، هەر بۆیە ساڵانە ملیۆنان قوتابی ناتەندروست دەردەچن (كە هەر ئەوانەن لەداهاتوو دەبن بە ئەندازیار و پزیشك و مامۆستای ناتەندروست) بۆیە زانكۆ و پەیمانگەكان بونەتە كارگەیی بەرهەم هێنانی بڕوانامە كە ئەمە جگە لە نەبونی زانست و زانیاری و كەڵكە بوونی رێژەی زۆری قوتابییان ,كاریگەرێكی خراپ لە بناغەی دەوڵەت دروست دەكات كە ئەمەش بە هۆی ئەو ناتەواویی و نارێكی ئەو سیستەمەی پەیڕەو دەكرێت،قوتابی نەوە و بناغەی دەوڵەتە,بۆیەخوێندن لەوناوچەیە جیاوازە,جیاوازەكەش ئەوەیە نە پێش دەكەوێت نە دوادەكەوێت، واتە چەق بەستوە.
هەروەها ئامانجی زۆربەی قوتابییان دوور لە فێربونی زانست و زانیاری تێر, هەوڵی بە دەست هێنانی بڕوانامەی بەرز و دامەزراندنێكی ئاسایی بە مووچەێكی كەم دەدەن, بێ ئەوەی بیر لە لێهاتووی و كارامەیی خۆیان بكەنەوە،بۆیە لە كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس كە ساڵانە لە نێوان وڵاتانی جیهانی دەكرێت دەربارەی پێوەری ئاستی پەروەردە و فێركردن،ئاشكرایان كردوە لە روژهەڵاتی ناوەراست وڵاتی (قەتەر) لە پێشەنگ دایە و پلەی شەشەمی لەسەر ئاستی جیهان و پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی هەیە،بەڵام لە نێو 140 وڵاتانی جیهان (سەنگافورە) پلەیی یەكەمی وەرگرتووە , ئەردەن و میسر پێش كۆتاین واتە دابەزیوون.
هەر بە پێی ڕاپۆرتی كۆربەندەكە هەریەكە لە وڵاتانی (لیبیا و سودان و سۆماڵ و عێراق و سوریا و یەمەن)پۆلین نەكراون,ئەمەش بەهۆی نەبوونی ئاسانترین پێوەری دڵنیای و ئەوئاڵۆزیەیی كە لە كەرتی پەروەردە و سیستەمی ئەو وڵاتانەیی رۆژهەڵاتی ناوەراست دا هەیە،هەربەوپێیە جگە لە قەتەر زۆربەی وڵاتانی روژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو پێوەرەكەدا نین ئەگەر هەش بن لە نێو 140 وڵاتدا رێزبەندی پێش كۆتایان وەرگرتوە.
سیستەمی پەروەردە بۆ ئەوە دروست بووە كە قوتابی بۆ چوونە نێو كۆمەڵگە ئامادەبكات,بەڵام لەم ناوچەیە وا دەردەكەوێت لە جیاتی ئەوەی بەراستی بۆ چوونە نێو كۆمەڵگە ئامادەی بكات زۆرتر بۆ حاڵەتی نەچوون ئامادە دەبێت .
بۆیە لە هەندێك وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیستەمێك پەیڕەو دەكرێت پێ دەوترێت سیستەمی سویدی كە لە كاتێك دا لە پێوەری جیهانی وڵاتی سوید 20 مین وڵاتە لە رووی پەروەردە كە بەراستی ئەم سیستەمە وا دانراوە كە بۆ وڵاتی سوید گونجاو بێت,چونكە ئەو یاساو سیستەمەی لە سوید پەیڕەوە دەكرێت زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو وڵاتانە،لە سیستەمی سوید هەموو پێداویستیەكانی بۆ قوتابی دابین دەكرێ و گرنگی بە ڕەفتارو سایكۆلۆجی قوتابی دەدرێت كە ئەمە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نییە یاخود گەر هەشبێت ناتەواوە,بۆنموونە یەكێك لە یاساكان هەبوونی ئەنجومەنی دایكان و باوكانە لە سیستەمەكەدا كە بەدواداچوونە بۆ منداڵەكانیان, بەڵام لەم وڵاتانە یاسایەكی بەم جۆرە نییە بەڵكو بە پێچەوانەوە گەر سەیر بكەین زۆر بەی دایك و باوكی ئەو قوتابییانە بەبێ گوێدان بە سیستەم و یاسایی خوێندن داوا لە منداڵەكانیان دەكەن كە تەنها بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامە بخوێنن و جا بە هەر جۆرێك دوور لە فێربون واتە تەنها ببن بە دكتۆر و ئەندازیار، لە كۆمەڵگەی ئەو ناوچانە وابڵاوكراوەتەوە گەر پلەی خوێندنی پزیشك و ئەندازیار بە دەست نەهێنیت ئەوا ناتوانیت خۆت بژێنیت و پێش بكەویت, كە بەڕاستی ئەمەش یەكێكە لە كێشە باوەكانی نێو كۆمەڵگە.
بۆیە قوتابییان ئەوكاتە هەست بە لێهاتوی و تواناكانی خۆیان دەكەن كە لەو جەنجاڵیە و گێژاوەی قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكاندا رزگار دەبن , دوای ئەوەی كە قۆناغەكانی خوێندن تەواو دەكەن وبە تێپەرینی ساڵ لە دوای ساڵ دانامەزرێن لێرەدا هەندێ جار قوتابییەكە بە هۆی زۆری فشاری دەروونی حاڵتەكە دەگاتە خۆ كووشتن یاخود توش بوون بە نەخۆشی دەروونی .
لەكۆتایدا بۆمان روون دەبێتەوە كە سیستەمی پەروەردە لەم شوێنانەی وا بڕیار بوو بۆ قوتابییان ژیانێكی خۆش و سەركەوتوو فەراهەم بكات، واتە قوتابییان 16 ساڵ دەخوێنن كە ئەوەژمارەێكی زۆرە دەركەوت ئەو سیستەمە سەركەوتوو نەبوو، دەتوانین بڵێن ژیانی زۆربەی قوتابیانی ئاڵوزتركرد چونكە زۆر شتی ناپێویست فێربون زۆرشتی پێویست فێرنەبوون .

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو