دەمانچەی ناوبژیوان هەرای نایەوە

دەمانچەی ناوبژیوان هەرای نایەوە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: لە هەموو دونیادا وەرزش نیشانەی ئاشتی و ئارامی بووە، بەڵام لە هندۆراس هاوكێشەكە پێچەوانە بۆتەوەو هەفتەی رابردوو ناوبژیوانێك لەسەر چیمەنی یاریگەی وڵاتەكەی دەمانچەیەكی پێیە و لەو رێگەیەوە هەودارانی تیمێك دووردەخاتەوە و بڵاوەیان پێدەكات.
ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەبیندرێت ئەگەرچی بە كوالێتییەكی ئاست نزم تۆماركراوە، بەڵام دەردەكەوێت ناوبژیوانەكە دەمانچەیەكی بەدەستەوەیەو بەكامی دڵ لەسەر چیمەنی یاریگاكە دێت و دەچێت، لەو نێوەندەدا هاندەرانی یەكێك لەو دوو تیمەی ركابەری یەكتر بوون رژاونەتە نێو یاریگەكە و لە ترسی دەمانچەكە بە ئاستەم لە ناوبژیوانەكە نزیك نابنەوە.
ئەو روداوە لەسەر چیمەنی یاریگەی یەكێك لە شارەكانی هندۆراس رویداوە و بەو هۆیەوە بووەتە هەواڵی گەرمی زۆرێك لە میدیاكانی جیهان.
دوای كۆتاییهاتنی یاری نێوان ئەو دوو تیمەی تۆپی پێ، هەودارانی تیمی شكستخواردوو دەڕژێنە نێو یاریگەكەوە و ئاژاوەیەكی زۆر دەنێنەوە، بەڵام لەناكاو دەنگی تەقە دەبیسترێت و بەو هۆیەوە بڵاوە بە هەواداران دەكرێت، ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا بینینی دەمانچە بوو بەدەستی داوەری یاریگەكەوە، چونكە ناوبژیوان بەردەوام كۆنترۆڵی هەموو ئەو پێشێلكارییانە دەكات كە لەنێو حەرەمی یاریگەدا ئەنجام دەدرێن.
كەناڵی (Televicentro)ی لۆكاڵی تایبەت بە هندۆراس لە هەواڵێكیدا رایگەیاندوە كە دوای ئەوەی هەوادارانی تیمی شكستخواردوو دێنە نێو یاریگەكەوە، ناوبژیوانەكە ترس لەسەر ژیانی درووست دەبێت و بەو هۆیەوە ناچار دەبێت دەمانچە دەربكات و چەند گوللەیەك بەسەر هاندەراندا بتەقێنێت، بۆ ئەوەی سەلامەتی خۆی بپارێزێت و توڕەیی هەواداران لە خۆی دووربخاتەوە.
لەئێستادا هندۆراس دەناڵێنێت بەدەست قەیرانی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە، بەهۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی بەنێو هەموو سێكتەرەكانی وڵاتدا، توندوتیژی و كردەوەی مافیاگەرایی تەنگی بەو وڵاتە هەڵچنیوە و روداوی هەمەچەشنەی ئەو ناوبژیوانەو یاریگەیەی لێدەبیندرێت.

زۆرترین بینراو