دەربارەی رۆمانی تاعون

دەربارەی رۆمانی تاعون

ن/ دانەر عەزیز

تاعون رۆمانێكە لە سەدەی نۆزدە لەلایەن نوسەری بەناوبانگی فەرەنسی ئەلبێرت كامۆ نووسراوە و لە ساڵی 1947چاپكراوە.

دەربارەی رۆمان
ئەلبێرت كامۆ لە رۆمانی تاعوندا باس لە شارێكی ئارام دەكات، كە نەخۆشی تاعون لەناویدا بڵاودەبێتەوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە خەڵك و كەسایەتییەكانی شار رای جیاوازیان دەبێت لەسەری، بەڵام خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە، هەر یەكەیان تەنیا لە بیری ژیانی تایبەتی خۆیاندان، واتە مردنی كەسی بێگانە بە نەخۆشییەكە گرنگ نییە بۆ ئەوان. بە تێپەڕ بوونی كات و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە سەرتاسەری شار، ناچار دەبن یەك بگرن و یارمەتی یەكتر بدەن بۆ لەناو بردنی تاعون.

كورتكراوەی رۆمان
لە شاری ئۆرانی سەر بە وەڵاتی جەزائیرە تاعون بڵاو دەبێتەوە، ئۆران شارێكی بێ روحە، خەڵكەكەی تەنیا بیر لە كاری رۆژانە و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەكەنەوە. سەرەتا مشكەكان كە هەڵگری نەخۆشییەكەن لە شاردا بڵاودەبنەوە، پاش ماوەیەك نەخۆشییەكە لە مشكەكانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو خەڵك، بەمەش تاعون لە هەموو شارەكە بڵاو دەیێتەوە، شار كەرەنتینە دەكرێت.
 د.ریۆ كارەكتەرێكی سەرەكی ناو رۆمانەكەیە، ئیرادەیەكی گشتی دروست دەكات لەناو كەسایەتییەكانی شار، بۆ رزگاركردنی خەڵك.
باوكە پانێڵۆ، قەشەی شارەكەیە سەرەتای دەركەوتنی نەخۆشییەكە رایدەگەینێت " تاعون عەزابێكی خوداییە، پێویستە خۆمان بە دەستەوە بدەین، چونكە تەنیا خودا دەتوانێت رزگارمان بكات لەم بەڵایە".
كاتێك بارودۆخی شارەكە ترسناكتر دەبێت، هەندێك لە مرۆڤەكان هەوڵی هەڵاتن و دەرچوون لە شار دەدەن، هەندێكیشیان تا لە توانایاندا بوو رووبەڕووی نەخۆشییەكە بوونەوە. لەم بارودۆخەدا هەموو خەڵكی شارەكە تەنیا بیر لە پاراستنی خۆیان دەكەنەوە، سەرەڕای ئەمەش ئەوان هەوڵی ناسینی نەخۆشییەكە نادەن تەنیا چاوەڕوانی لەناوچوونی نەخۆشییەكە دەكەن بێ هەوڵدان. 
د.ریۆ و ژان تارۆ رێكخراوێكی خۆبەخش درووست دەكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاعون،
 بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بەمجۆرە لە شار، ئیدی خەڵك كەم كەم لە تاكگەرایی دوور دەكەوێتەوە و یەكدەگرن.
 رامبێر، رۆژنامەنووسێكی گەنجە هەوڵی هەڵاتن و گەیشتن بە خۆشەویستەكەی دەدات، بەڵام  ئەو لەگەڵ رەخسانی دەرفەتی هەڵاتن پەشیمان دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی دەزانێت ریۆی پزیشكیش لە سەرەتای دەركەوتنی تاعون تا ئێستا لە هاوسەرە نەخۆشەكەی دوور بووە، بەڵام بڕیاریداوە لە شارەكەدا بمێنێتەوە و یارمەتی نەخۆشەكان بدات، بۆییە رامبێریش پەیوەندی دەكات بە رێكخراوەكەی ئەوانەوە.
 مردنی كورە گەنجەكەی دادوەر ئاتۆن كاریگەری لەسەر قەشە پانێڵۆ دەبێت، بۆییە ئەویش باوەڕەكەی دەگۆڕێت و دوای ئەمە پەیوەندی دەكات بە رێكخراوی یارمەتی خۆبەخش.
 قەشە پانێلۆ كە هێشتا پێی وایە نەخۆشییەكە تاقیكردنەوەیەكی خوداییە، بەڵام ئەمجارە  داوا لە خەڵك دەكات بۆ لەناوبردنی تاعون بجەنگن. دوای ماوەیەك پانێڵۆ و دادوەر ئاتۆن بەهۆی تاعونەوە دەمرن.
هەوڵەكانی دكتۆر ریۆ بەردەوامیان دەبێت، بەهۆی بەكار هێنانی دەرزی بۆ نەخۆشەكان چەندین كەس لە مردن رزگار دەكرێن، وردە وردە بە هاتنی وەرزی سەرما نەخۆشییەكە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، دواین كەسیش كە بە تاعون مرد جان تارۆ بوو. وا دەردەكەوێت تاعون كۆتایی هاتووە، خەڵكەكە دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان، جەژنێك بەبۆنەی كۆتایی هاتنی تاعون ساز دەكەن.
 دكتۆر ریۆ كە چەند رۆژێكە هەواڵی مردنی هاوسەرەكەی پێگەیشتووە، لە دوورەوە سەیری خۆشی خەڵك دەكات، بیر لەوە دەكاتەوە تاعون هێشتا زیندووە، دەكرێ دووبارە هێرش بكاتەوە سەر شار.

مەبەستی نووسەر لە نووسینی رۆمان
كامۆ لە رۆمانی تاعوندا باس لە گرنگی ئیرادەی گشتی دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی كێشەكان و گەڕانەوەی ژیان، وەك بینیمان كاتێك لە شارەكەدا رێكخراوی تەندروستی خۆبەخش دروستكرا، هەموو كولتوورە جوانەكانی ژیان زیندوو كرانەوە وەك: مرۆڤایەتی، خۆشەویستی و یەكگرتن. هەروەها كامۆ باسی ئومێد و جەنگ بۆ گۆڕینی راستییە پووچەكان دەكات. 

زۆرترین بینراو