سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی لۆردانی به‌ریتانیا: په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌ پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی لۆردانی به‌ریتانیا: په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌ پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

زاری كرمانجی - له‌ دووه‌مین ڕۆژی سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌یدا بۆ شانشینی یه‌كگرتوو، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/9/16  نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ لۆرد جۆن ماكفۆل، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی لۆردان له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ی دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی عیراق و ناوچه‌كه‌، پرۆسه‌ و ژیانی سیاسی له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، شه‌ڕی دژی تیرۆر، كۆڤید_19، دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر عیراق و هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جیی بایه‌خی هاوبه‌ش، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

لۆرد ماكفۆل ستایشی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و دانانی كۆتا بۆ مسۆگه‌ر‌كردنی به‌شداریی ئافره‌تان و نوێنه‌ری پێكهاته‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ژیانی په‌رله‌مانی و دامه‌زراوه‌كانی حكوومیدا كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌ پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ پێشنیار و ڕاسپارده‌ ده‌داته‌ حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی، هه‌روه‌ها سوپاسی ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و تێكشكاندنی داعشدا كرد.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌رده‌وامیی پشتگیریی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی لۆردان و حكوومه‌تی به‌ریتانیا له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای كرد كه‌ تاوانه‌كانی داعشی به‌رامبه‌ر به‌ ئێزدییان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ جینۆساید ناساندووه‌ و داوای كرد په‌رله‌مانی به‌ریتانیا له‌ پته‌وكردنی دیموكراسی و دامه‌زاروه‌كانی وڵاتدا، هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكات.

زۆرترین بینراو