سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتیی زانایان ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتیی زانایان ده‌كات

زاری كرمانجی -  له‌ یادی 51 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتیی زانایان ده‌كات.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

له‌ یادی 51 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستاندا، به‌ گه‌رمی پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتیی زانایان و ئه‌ندامانی و ته‌واوی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی له‌ كوردستان ده‌كه‌م، هیوای ته‌مه‌ندرێژی و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

ڕۆڵ و كاریگه‌ریی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و كار و خه‌باتی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یان له‌ خزمه‌تی ئایین و خه‌ڵكی كوردستان و بره‌ودان به‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌م و به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی مامۆستایانی ئایینی، به‌رز و به‌ ڕێزه‌وه‌ ده‌نرخێنین، هه‌موو پشتگیرییه‌ک له‌ مافه‌کانیان و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانیان ده‌که‌ین.

یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و مامۆستایانی ئایینی و پێگه‌یان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا، ڕۆڵی كارایان له‌ پاراستن و بڵاوكردنه‌وه‌ی گیانی ته‌بایی و لێبورده‌یی و یه‌كترقبووڵكردن و میانڕه‌وی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی توندوتیژی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی هه‌یه‌ و له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ گرنگیی ڕۆڵ و كاریگه‌رییان له‌ پته‌وكردن و قووڵكردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ كاروانی خه‌باتی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستاندا گیانیان به‌ نیشتمان به‌خشی، سه‌ره‌خۆشی له‌ خێزان و كه‌سوكاری به‌ڕێزی مامۆستایانی كۆچكردوو به‌ نه‌خۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ین و هاوخه‌میانین، خوای مه‌زن گیانیان به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات.

بۆ خزمه‌تی نیشتمان و داهاتوویه‌كی باشتر، په‌روه‌ردگار پشت و په‌نای هه‌موومان بێت.

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

2021/9/21

زۆرترین بینراو