سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌

زاری كرمانجی - پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/9/16 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ خاتوو لیز ترووس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ خاتوو ترووس كرد كه‌ دوێنێ وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌ستبه‌كار بوو و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، هه‌روه‌ها خواستی هه‌رێمی كوردستانی بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنی بواره‌كانی هاریكاری و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا دووپات كرده‌وه.

لای خۆیه‌وه‌ خاتوو ترووس خۆشحاڵیی خۆی به‌ پێشوازیكردنی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ له‌نده‌ن ده‌ربڕی و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ریتانیا پابه‌نده‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگیریكردنی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانیان له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا، ‌هه‌روه‌ها هیوای خواست هاریكاری و هاوبه‌شیی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و بازرگانیدا فراوان بكرێت.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی به‌ریتانیای كرد بۆ پشتگیری له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا، هه‌روه‌ها بۆ هاوكاری و یارمه‌تیی‌ مرۆیی كه‌ پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی كردووه‌، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگیری و هاوكاریی به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی دۆست، پێشكه‌ش كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌كانی، هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێشبینیی پرۆسه‌ی سیاسی و داهاتووی عیراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جیی بایه‌خی هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و هاوڕا بوون كه‌ سه‌قامگیریی عیراق بۆ ناوچه‌كه‌ و جیهانیش گرنگه‌.

زۆرترین بینراو