سه‌رۆكی هه‌رێم و جێنشینی ئه‌بوزه‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات تاوتوێده‌كه‌ن

سه‌رۆكی هه‌رێم و جێنشینی ئه‌بوزه‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات تاوتوێده‌كه‌ن

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: 
له‌ دوا ڕۆژی سه‌ردانیدا بۆ به‌ریتانیا،  نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌لایه‌ن  شێخ محه‌مه‌د بن زاید، جێنشینی ئه‌بوزه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی ئیمارات و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌بوزه‌بییه‌وه‌، له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی پێشوازی لێكرا.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ ئیمارات، دۆخی سیاسی و هه‌ڵبژاردن و پێشبینییه‌كان بۆ داهاتووی عیراق، سه‌ردانی هه‌ردوولا بۆ له‌نده‌ن و كۆبوونه‌وه و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ  بۆریس جۆنسۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌شیان تاوتوێ كرد.

راشیده‌گه‌یه‌نن: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پته‌وكردنی دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌ و له‌سه‌ر گرنگیی بره‌ودان به‌ هه‌وڵه‌كان و هاریكاری و كاری هاوبه‌ش له‌پێناو پاراستنی سه‌قامگیری و چارەسه‌ركردنی كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا هاوڕا بوون و له‌مباره‌یه‌وه‌ بیرورایان ئاڵوگۆڕ كرد.

زۆرترین بینراو