مەحموود محەمەد: سەرۆك بارزانی داوای كرد لە كاتی بانگەشەدا ئارام بن

مەحموود محەمەد: سەرۆك بارزانی داوای كرد لە كاتی بانگەشەدا ئارام بن

زاری كرمانجی - مەحموود محەمەد، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، بۆ مێدیاكان رایگەیاند، كە سەرۆك بارزانی داوای لێ كردوون لە كاتی بانگەشەدا نەرم و ئارام بن. هاوكات جەختیشی لەوە كردەوە، ترسی عەرەب و توركمان لە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، زیندووبوونەوەی كوردایەتییە لەو شارەدا، كە رەگ و ریشەی داكوتاوە.

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ، ئەو بابەتانەی پێشێل كراون، پێویستە ئیعادە بكرێنەوە و بە شێوازێك بێت، كە هەموو پێكهاتەكان لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەوە لە حوكمڕانیی ئەم وڵاتەدا بەشدار بن.

سەبارەت بە پێشبینیكردنیان بۆ هێنانی كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوە دا، كە بابەت كورسی نییە، بەڵكو پاراستن و زیادكردنی پێگەی خۆیانە و هەنگاوەكانیشیان بۆ ئەو مەبەستەیە.

ئەوەشی باس كرد، كە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تووشی كێشە بوونەتەوە لە لایەن كەسانێكی نابەرپرس بەرانبەر بارودۆخەكە، وەك دڕاندنی پۆستەرەكانیان و هەندێ جاریش رێگریكردن لە كاندیدەكانیان، جەختیشی لەوە كردەوە، دەبێ ئەوە چارە بكرێت، كە هەندێكی چارە كراوە.

مەحموود محەمەد، ترسی عەرەب و توركمانەكانی كەركووكی لە گەڕانەوەی پارتی بۆ ئەو شارە، بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كاتێ رەگ و ریشەی كوردایەتی لەو شارەدا داكوتراوە، بە گەڕانەوەی پارتی، زیندوو دەبێتەوە، هەر بۆیەشە دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ ئەو ناوچانە، هاوكات ترسیشیانە لەوەی پێگەیان لە حكوومەتدا لەق بێت. دووپاتیشی كردەوە، كەركووك چ لەسەر هەرێمی كوردستان بێ، یان نا، شارێكی كوردستانییە و با ماددەی ١٤٠ بە هەموو بڕگەكانییەوە جێبەجێ بكرێت و، ئەوان وەكو پارتی رێز لە ئیرادەی خەڵكی شارەكە دەگرن كە چۆن بڕیار بدەن.

ئەوەیشی گوت، كە جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا داوای كردووە، كە لە كاتی بانگەشەدا ئارام و نەرم بن.

زۆرترین بینراو