بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێم سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێم سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

زاری كرمانجی - لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، پێشوازی کرا لە ئیڤێ دۆڤێڵ، بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێری پایتەخت و خاتوو یاسمین ئەلعەتییە، بەرپرسی سیاسیی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا.

هۆشیار سیوەیلی وێڕای بەخێرهێنانی بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە پۆستی تازەیدا لە کوردستان و هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) خستە ڕوو بۆ سەرکەوتنی کار و پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا.

لە دیدارێکی سیاسیدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاس و ستایشی گەل و حکوومەتی کەنەدای کرد بۆ پشتگیری و هاوکاریی بەردەوامیان لە ڕابردوو و ئێستادا لە ئەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هاوکارییکردنی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پشتگیری و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لە کوردستان و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی، ئابووری و مرۆیییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. لە دیدارەکەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی شێکردنەوەیەکی سیاسیی کرد بۆ دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری جیا جیادا و ئامادەکاری و بانگەشەی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پێگەی سیاسی و جەماوەریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی فیدراڵی لە بەغدای بۆ شاندی کەندی شی کردەوە کە پارتی وەک بەهێزترین و کۆنترین لایەنی سیاسیی کورد لە پەرلەمانی کوردستان و عێراقی فیدراڵ بە پلەی یەکەم هەژمار دەکرێت و کاریگەری و ئاستبەرزیی خۆی لە بواری حوکمڕانی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەشداری کارای لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا پێشان داوە و لە گەڕی تازەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە (١٠ ی ئۆکتۆبەری) ئەمساڵدا  لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵدا لە ١١ پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارا دەکات کە بەشێک لە کاندیدەکانی لە پێکهاتەی نەتەوەکانی ترن و بڕوای بە ئاشتی و پێکەوەژیان و دیالۆگ و چارەسەری سیاسی و دەستووریی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ هەیە، خوازیارە ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی عێراقدا ببینێت. پێشبینی دەکرێت کاندیدەکانی لیستی پارتی ئاستێکی بەرز تۆمار بکەن و پارتی بە بەهێزی لە پەرلەمانی فیدرالی لە بەغدا بمێنێتەوە و چالاکانە هەوڵی جێبەجێکردنی پەیام و بەرنامەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدات کە خزمەت بە پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشە و مافە بنەڕەتی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات لە بەغدا کە ڕۆڵی سیاسیی پارتی لە بەغدا و داکۆکیکردن بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی درووست دەکات لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ئاشتی و سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، ئەم هەوڵە سیاسییەی پارتی خزمەت بە پێشکەوتن و لێکگەییشتنی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نیوان هەولێر و بەغدا و پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە چوارچێوەی ماددەی (١٤٠) و بەشداریی کاریگەری کورد لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا بەدوای خۆیدا دێنێت کە بەشێکە لە هەوڵ و ستراتیژیی پارتی بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و شەراکەت و هاوسەنگی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدرالدا. بەرەوپێشەوەچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و پرسە ناوچەیییەکان و ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کەنەدا تەوەرێکی تری گفتۆگۆکان بوو.

لە لای خۆیەوە ئیڤێ دوڤێڵ، بەرپرسی نوێی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردان و پێشوازییە گەرمەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) دەربڕی و ڕایگەیاند کە شادمانە لە کوردستان دەستبەکار بووە و لە ڕابردووشدا لە چەندین وڵاتی عەرەبی و ئاسیایی کاری کردووە و کارکردن لە کوردستان بۆ ئەو زۆر واتادارە کە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا هەبووە و گەشەسەندنی خێرای بە خۆیەوە بینیوە و چەندین شاندی ئاستبەرزی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازیی وڵاتەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، وڵاتی کەنەدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆردا پشتیوان و هاوکار بووە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە بواری سەربازی و مەشق و ڕاهێنان لە شەڕی تێکشکاندنی داعش و پێی وایە دەبێ ئەم هاوکاری و پشتگیرییەی وڵاتەکەی و وڵاتانی تری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان بەردەوام بێت لەبەر ئەوەی هێشتا داعش و مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە ناوچەکەدا ماون. لە لایەکی ترەوە پێزانینی هەبوو بۆ پێشکەوتنەکانی دیموکراسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوونی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ. هەروا بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ و بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی تر لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەرز دەنرخێنێت. ڕاشیگەیاند، شانبەشانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا، وڵاتی کەنەدا ئامادەییی پێشان دەدات بۆ ناردنی چاودێر بۆ ساتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لە لایەکی ترەوە، بەرپرسی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بە فراوانی تاوتوێی دۆخی هەرێمی کوردستان و بەراوردکردنی بە ناوچەکانی تری عێراقیان کرد و سەردانی شاندە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی وڵاتان بۆ هەولێری پایتەخت جێی بایەخی بەرپرسی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا بوو، هەردوو لا باسی پێشبینییەکانیان کرد بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە دوای هەڵبژاردنەکان کە دوور لە دەستێوەردان و توندوتیژی، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ئەنجامی باشی لێ بکەوێتەوە. بەرپرسی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێری پایتەخت ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیری و هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و کەنەدا بەتایبەتی گرنگی بە پرسەکانی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە دەدات.

زۆرترین بینراو