وەزیری تەندروستی: بڕیار وایە بڕێکی زۆری ڤاکسینی ڤایزەر بگاتە هەرێمی کوردستان

وەزیری تەندروستی: بڕیار وایە بڕێکی زۆری ڤاکسینی ڤایزەر بگاتە هەرێمی کوردستان

زاری كرمانجی - ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی بە بەھای نزیکەی 300 ھەزار دۆلار ھاوکاری پێداویستی تەندروستی پێشکەشی ھەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی ئەیلوولی 2021، سامان بەرزنجی ، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان تیڤی سوپاس و پێزانینی خۆی لەبەرامبەر ھاوکارییەکانی WHO و ئەحمەد زووێتن بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی لە عێراق نیشاندا.

سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، بڕێکی باش لە پێداویستی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، کە بەشێکی زۆریان لە نەخۆشخانەکان و دامودەزگاکان بەکاردەهێندرێت.

وەزیری تەندروستی ڕۆڵ و هەوڵەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەماهەنگی کردنی کوردستان بەرزنرخاند، ڕاشیگەیاند، پێداویستییەکان لە 16 بابەت پێکهاتوون کە یەکێک لە بابەتەکان ماسکە، نزیکەی 500 هەزار ماسک وەک هاوکاری لە لایەن ڕێکخراوەکەوە پێشکەش کراوە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد لەگەڵ کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان هەوڵدەدەین زۆرترین ماسک بۆ قوتابخانەکان دابین بکەین، لە پێناو پاراستنی گیانی مامۆستا و قوتابیان و کارمەندانی کەرتی پەروەردە، هەروەها داواشی لە مامۆستایان کرد کە ڤاکسین وەربگرن لە سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین تایبەت بە مامۆستایان، گوتیشی، ئامانجمانە بە ڕێژەی سەدا سەد مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن.

بەرزنجی دەشڵێت، بڕیار وایە بڕێکی زۆر ڕێژەی ڤاکسین لە جۆری ڤایزەر بگاتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش 11 سەنتەری نوێی ڤاکسینی کۆڕۆنا دەکرێتەوە و هەوڵدەدەین بۆ ئەمجارە زیاتر تیشک بخەینە سەر قەزاو ناحییەکان و دەرەوەی شارەکان،  ئاماژەی بەوەشکرد لە %20ـی هاووڵاتییان ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و %13ـییان هەردوو ژەمەکەی وەرگرتووە.

سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد، هاوکارییەکان بە بڕی 300 هەزار دۆلار دەبن، هاوکات چوارەمین هاوکاری WHoـیە بۆ ھەرێمی کوردستان کە تاوەکوو ئێستا تێکڕای گشتی هاوکارییەکانیان گەیشتووەتە 4 ملیۆن دۆلار.

زۆرترین بینراو