جەعفەر ئێمینکی: ئامادەین زۆرترین قوربانی بۆ ڕزگاریی شنگال ببەخشین

جەعفەر ئێمینکی: ئامادەین زۆرترین قوربانی بۆ ڕزگاریی شنگال ببەخشین

زاری كرمانجی - ئەمڕۆ کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی پارتی لە سنووری شنگال بەڕێوە چوو. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێت، ئامادەین بۆ ھەموو قوربانییەک لەپێناو ئازادیی شنگال و، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوە پارتییە جیاوازی لە نێوان ھیچ پێکھاتەیەکدا ناکات.

جەعفەر ئێمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی پارتی لە سنووری شنگال، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند: "ھەڵبژاردنی ئەم جارە سەرتاسەرییە و ئومێدی زۆرمان ھەیە و ھەموو کات دەڵێین پارتییەکەی ئێمە پارتی تەبایی و یەکڕیزییە و عێراقێکمان دەوێت کە عێراقی ھەمووان بێت و جێگەی ھەمووانی تێدا ببێتەوە، عێراقی ئاشتی و دیموکراسی بێت، بەداخەوە عێراقی ئەمڕۆ عێراقێکی دیموکراسی نییە، واتە دەبێت شەریک بین لە عێراق، ئێمە پارتی بە عێراقییەکان ناناسێنین، چونکە پارتی بنیاتنەری عێراقی نوێیە، لە مێژووی عێراقدا پارتی ھەموو کات دەستی درێژ کردووە بۆ ئاوەدانی، دەمانەوێت عێراق ئارامی بە خۆیەوە ببینێت، چونکە ئەگەر عێراق ئارام بێت ئەوە ھەرێمی کوردستانیش ئارام دەبێت و شنگالیش ئارام دەبێت، ئێمە بەھێزین و ھەبوونی ئێمە پێکەوە لە بەغدا بەھێزترمان دەکات، پێویستە عێراق لەنێو ئەو تۆنێلە تاریکە ڕزگار بکرێت و بخرێتە سەر ڕێگای ڕاست.''

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی دەڵێت: "ھیچ ناوچەیەکی عێراق ئارامیی تێدا نییە، ئیرادەی  پارتی ئیرادەی ئاوەدانکردنەوەیە، کەس وەک کوردستانییەکان قوربانیی بۆ سەقامگیریی عێراق نەداوە، پێشمەرگە چووەتە فەللووجە دژی تیرۆریستانی قاعیدە شەڕی کردووە، منەت لە شنگال ناکەین، نەک تەنیا ٦٣٦ شەھیدمان بەخشیوە بۆ ڕزگاریی شنگال، ئەگەر شەش ھەزار شەھیدیش بدەین، ٦٠٠ ھەزار شەھیدیش بۆ ڕزگاریی شنگال ببەخشین، منەت نییە، چونکە شنگال و زوممار ویژدانی کوردستانن، دەمانەوێ جیاوازی نەبێت لە نێوان ھیچ پێکھاتەیەکدا.''

جەعفەر ئێمینکی ڕوونی کردەوە: "دەڤەری ڕۆژاوای دیجلە و زوممار و شنگال ببنە نموونەی پێکەوە ژیان، ئێمە دەستی خۆمان بۆ ھەموو لایەک درێژ دەکەین و جیاوازی ناکەین لە نێوان کورد و عەرەبی ناوچەکە، خەونی سەرۆک بارزانی ئەوەیە یەکڕیز بین لە کوردستان و بەغدا، مەبەست لە دار بەڕووی سەرۆک بارزانی ئەوەیە کە سێبەر لە ھەموو شوێنێک بکەین و دەستی خێر درێژ بکەین.''

جەعفەر ئێمینکی داوای لە نوێنەرانی پارتی کرد، ڕێگە نەدەن ساختەکاری بکرێت و گوتی: "پێویستە بریکارەکانی پارتی لە ڕۆژی ھەڵبژاردن ئازا بن و ڕێگە لە ساختەکاری بگرن و ڕێگە نەدەن دەستکاری بکرێت، پارتی لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ھەموو کات ئامادە بووە بۆ ھەڵبژاردن.''

زۆرترین بینراو