سەرۆکی هەرێمی کوردستان: سیستەمێکی دروستی پەروەردەیی گەرەنتیی ئێستا و داهاتووی گەلی کوردستانە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: سیستەمێکی دروستی پەروەردەیی گەرەنتیی ئێستا و داهاتووی گەلی کوردستانە

زاری كرمانجی -  سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سیستەمی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی جددیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19-9-2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک، رایگەیاند: پێویستە هەمووان لە هەرێمی کوردستان پێکەوە و بە بوێری و راشکاوی کێشەکانی پەروەردە بخەنە روو، بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند: زانست و تەکنۆلۆژیا بە خێرایی پێش دەکەون و ئەگەر لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و تەکۆلۆژیا نەڕۆین، دوادەکەوین.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی چاکسازی لە کەرتی پەروەردە کردەوە و رایگەیاند: سیستەمێکی دروستی پەروەردەیی گەرەنتیی ئێستا و داهاتووی گەلی کوردستانە.

نێچیرڤان بارزانی بە پێویستی زانی سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بێت و رایگەیاند: دەبێ پەلە بکەین لە چاکسازی و چاککردنی سیستەمی پەروەردە.

هەروەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی وڵاتان گۆڕانکاری بووە لە کەرتی پەروەردە و نموونەشی بە پێشکەوتنی هیندستان و کۆریای باشوور هێنایەوە، کە لە بواری پەروەردە و پیشەسازی سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێناوە.

نێچیرڤان بارزانی بە گرنگی زانی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا زیاتر گرنگی بە زانست، تەکنۆلۆژیا، ئەندازیاری و بیرکاری بدات، ئەم چوارانە پێکەوە چارەسەری زۆربەی کێشەکان دەکەن.

زۆرترین بینراو