چەندین پڕۆژەی گرنگ لە قۆناغی جێبەجێ كردن دان

چەندین پڕۆژەی گرنگ لە قۆناغی جێبەجێ كردن دان

دیدار-محەمەد هەسنانی:

 بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر كاروپڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان و دەشڵێت : بۆ چارەسەری كێشەی ڤۆڵتی كارەبا، چەند وێستگەیەكی مۆبایلی كارەبا لە سنووری سۆران و چۆمان دەكەونە كار، هەروەها گەورەترین پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان لە قەزای مێرگەسۆر كرایەوە.
 لەبەردەوامی قسەكانیدا ئەندازیار فەیسەل حوسێن، راگەیاند: "پڕۆژەی هێڵی  132kv  وێستگەی سۆران، یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی وەزارەتی كارەبا، ئەم پرۆژەیە لە سێ بەش پێكهاتووە، لەوانە فراوانكردنی وێستگەی 132KV و راكێشانی هێلێكی نوێی  132kv  بۆ وێستگەی سۆران بە درێژایی 16 كیلۆمەتر و گۆڕینی تەلی  132kv  لە نێوان وێستگەی شەقڵاوە و وێستگەی سۆران بە درێژایی 37 كیلۆمەتر، پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای هێرۆ جێبەجێ دەكرێت و تا ئێستا بە ڕێژەی نزیكەی 80٪ كارەكانی تەواو بووە، بڕیارە تا كۆتایی ساڵ پرۆژەكە بكەوێتە واری خزمەتكردن، كە سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتییانی دەڤەری سۆران دەبێت". 
 سەبارەت بە چارەسەر كردنی كێشەی ڤۆڵتی كارەبا، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، گووتی "لە دوو هەفتەی رابردوو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی كارەبا و بەڕێوەبەری گشتیی دابەش كردن لەناو وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و ئەندازیارو كارمەندانی بەڕێوەبەرایتی، پڕۆژەی وێستگەی 132 كەیڤی موبایلی دێڵزیان لە شاری سۆران دانراو ئەم وێستگەیەی كارەبا لە ماوەیەكی نزیك دەكەوێتەكار و چارەسەری بارزۆری و كەمی ڤۆلتیەی بەشیكی سەنتەری قەزای سۆران و ناحیەی دیانا و مەزنێ و گوندەكانی باڵەكیان و شاوراوەو هاودیان دەكات.
 هەروەها بەهەمانشێوە وەزارەتی كارەبا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای ئیدیۆم واژوو كردوە، بە بەمەبەستی دابینكردنی وێستگەیەكی مۆبایلی كارەبا بۆ پردی حافیز لەسنووری قەزای چۆمان، بەگوژمەی 1 ملیار و 373 ملیۆن و 500 هەزار دینار، ماوەی جێبەجێكردن و دانانی ئەم وێستگەیە 270 رۆژ دیاریكراوە، بە دانانی ئەم ویستگەیە گرفتی ڤۆڵتیە و بارزۆری لەسەر تەواوی تۆڕی كارەبا و گۆڕەرەكانی سنووری قەزای چۆمان چارەسەر دەبێت، كە تائێستا بەهۆی گرفتەكانی ئۆڤەرلۆد و بارزۆرییەوە، هاووڵاتییانی سنوورەكە نەیانتوانیووە سوود لە پشكی كارەبای خۆیان وەربگرن".
گووتیشی "لەم هەفتەی رابردوودا لە گوندی ڕێزان سەربە قەزای مێرگەسۆر لە دەڤەری بارزان، بە ئامادەبوونی  وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقای قەزای مێرگەسۆر و كۆمەڵێك كەسایەتی،  پرۆژەی وەبەرهێنانی یەك مێگاواتیی كارەبا لە تیشكی خۆر كرایەوە، كە یەكەمین و گەورەترین پڕۆژەی میگاواتیە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان. هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی برەودان بە پڕۆژەی وەبەرهێنانی كارەبا لە تیشكی خۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستان".
ئەندازیار فەیسەل حوسێن، ئاشكراشی كرد "جگەلەم پڕۆژانە چەندین پڕۆژەی دیكەی كارەبا لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ كراون و بەشێكیشیان كاردنیان تێدا بەردەوامە، چەندین پڕۆژەی دیكەش لە پلان و بەرنامەی حكوومەت و وەزارەتەكەماندان و بە جێبەجێكردنیان، رەوشی كارەبا زیاتر بەرەو باشبوون دەچێت و سەرجەم هاووڵاتیانی سنوورەكەمان كێشەو گرفتەكانی كارەبایان چارەسەر دەبێت.
 بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، دەشڵێت "بەستنی پێوەری زیرەك لە سنووری قەزای سۆران رۆلێكی بەرچاوی دەبێت لە زیادبوونی كاتژمیرەكانی كارەبا، هەروەها لەم ماوەیەدا كەوا پێوەری زیرەك بەستراوە لەو شوین و گەڕەكانە، رووداوی سووتانی بەش و بگۆڕەكان كەم بۆتەوە بێجگە لەمە برە كارەبایەكی زۆری سەرپێچی سەر تۆڕەكان بنبڕكراوە گەڕاوەتەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بەستنی پێوەری زیرەك بەردەوام بێت، ئەوە بە تەواو بوونی ئەم پرۆژەیە كارەبای نیشتمانی بە شێوەی 24 كاتژمێر دەبێت. 

زۆرترین بینراو