لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە وڵاتی ئیتاڵیا باسی پێكەوە ژیانی ئایینیان كرد 

لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە وڵاتی ئیتاڵیا باسی پێكەوە ژیانی ئایینیان كرد 

زاری كرمانجی: شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پەرلەمانی كوردستان، لەسەردانێكیاندا بۆ وڵاتی ئیتاڵیا سەبارەت بەرەوشی پێكەوە ژیانی ئایینی چەندین دیدارو كۆبوونەوەیان ئەنجام دا. 
 بە بانگهێشتی فەرمی لە رۆژانی ١٧-١٨-١٩-١٠-٢٠٢١ شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێكهاتبوو لە ( مەلا ئیحسان محەمەد سەلیم جێگری سەرۆكی لیژنەو وەیسی سەعید وەیسی بڕیاردەری لیژنە و ساهر محەمەد عەلی و فەیسەل عەباس عبدوڵا و هەدیە مراد حیدر و د.ئیسماعیل عەلی تەها سگێری و كلارا عودیشۆ یەعقوب) ئەندامانی لیژنەكە، سەردانی ووڵاتی ئیتاڵیان كرد، لە رۆمای پایتەخت، چەندین دیدار و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیتاڵیا بۆبەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی و پێكەوەژیان و نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ كاروباری  رۆژهەڵاتی ناوەراستی گەورە و دامەزراوەی سانت ئێجیدۆ بۆ ئاشتی ئەنجام دا.
لە دانیشتنەكاندا باس لە رەوشی پێكەوەژیان و فرەئاینی و فرە نەتەوەیی لەهەرێمی كوردستان كرا، كە بووەتە ناسنامە و كولتوورێكی لە مێژینەی خەڵكی كوردستان و فاكتەری بەردەوامبوونی ژیان لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكان.
بۆیە باس لە رۆڵی پەرلەمانی كوردستان كرا لە بەرجەستەكردنی بیرۆكەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەو یاساو بڕیارانەی كە پەسەندی كردوون و پەیوەستبوون بە فەراهەمكردن و پارێزگاریكردن لەمافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، كە گرنگترینیان یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی ۱۹۹۲ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە رێی سیستمی كۆتا مافی پێكهاتەكانی لە نێو پەرلەمانی كوردستاندا مسۆگەر كردووە، هەروەها یاسای ژمارە(٥)ی ساڵی ۲۰۱٥ كە مافی پێكهاتەكانی لە دەسەڵاتی راپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگەكانی هەرێمی كوردستان مسۆگەر كردووە.
هەروەك باس لە رۆلی هەرێمی كوردستان كرا كە لەماوەی شەری تیرۆرستانی داعش باوەشی خۆی واڵا كرد بوو بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی هێرشی تیرۆرستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت بوو، رویان لە هەرێمی كوردستان كرد بوو.
لەبەشێكی تری دانیشتنەكاندا باس لەبایەخدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا كە كار دەكات لەسەربنەمای پاراستن و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ یەكەم جارە لە مێژووی حوكمڕانی كوردستان دۆسەی پێكهاتەكان جیابكرێتەوەو وەزیرێكی هەرێم تایبەت بەپێكهاتەكان بوونی هەبێت .
هەر لە روانگەی بایەخ دان بەكریستیانەكانیش لە چەند رۆژی رابردوودا، رێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەزگا پەیوەندارەكان رادەسپاردن ناحیەی عنكاوە كە تایبەتە بە كریستیانەكان بكرێتە قەزا، وەك  ناوەندێكی گرینگ بۆ پێكەوە ژیانی ئاینی و كۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی لەهەرێمی كوردستان.
هەروەك لە دانیشتنەكاندا بە گرنگەیەوە باس لە ئامادەكارییەكانی نووسینەوەی دەستوور لە هەرێمی كوردستان  كرا، جەخت لەسەر نووسینەوەی دەستوورێك كرا كە رەنگدانەوەی  كۆمەڵگەی كوردستانی ‌ بێت،  ماف و ئازادیی  هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لەخۆ گرتبێت و ئێستاو داهاتووی گەلی كوردستان بپارێزیت، چونكە گەلی كوردستان شانازی دەكات بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەكان لە كوردستان، بە سەدان ساڵە بەیەكەوە دەژین، بۆیەش بەبوونی  دەستوورێكی مۆدێرن مافی سەرجەم نەتەوەو ئایین و ئاینزاكان دیاری دەكرێت.
هەروەك ئاماژە بەسەردانەكەی قەداسەتی پاپافرانسیس پاپای ڤاتیكان كرا لەمانگی ئاداری رابردوو بۆ هەرێمی كوردستان و گەورەترین رێورەسمی ئاینی لە هەولێری پایتەخت سازكرا، ئەمەش بە رووداوێكی گرنگ و مێژووی وەسف كرا.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی وڵاتی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانی لیژنەی ئەوقاف دەربڕی و باسیان لە بارودۆخی گشتی كریستیانەكان لە عێراق و كوردستان كرد، رۆڵی هێزی پێشمەرگەیان بە گرنگ وسف كرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش، دووپاتی پشتیوانی وڵاتەكەیان كردەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە پێناو بنبڕكردنی تیرۆر.
هەروەها سەرسامیان بەو بایەخدانەی هەرێمی كوردستان راگەیاند "بە پێكهاتە ئاینییەكان و بەیەكەوەژیان و ئازادیی ئاینی، هەروەك باس لە پەرەدانی زیاتر بەو سەردان و دیدارانە درا كە لە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا.
هەر لەمیانەی سەردانەكەیاندا شاندی لیژنەی ئەوقاف ژمارەیەك كەنیسەو شوێنەواری وڵاتەكەیان بەسەركردەوە لە نزیكەوە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پاراستنی شوێنەوارەكان كرا.

وەیسی سەعید وەیسی
 بڕیاردەری لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان

زۆرترین بینراو