سەرۆكی لالیگا: پاریس تۆپی پێ لەناو دەبات

سەرۆكی لالیگا: پاریس تۆپی پێ لەناو دەبات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: خافێر تیباس، سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا، رەخنەیەكی تووند ئاراستەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی دەكات و دەڵێت" پاریس سانجێرمان وەك سوپەرلیگ مەترسییە بۆ سەر تۆپی پێ".
ئەم رەخنانەی خافێر تیباس دوای ئەوە هاتن كە پاریس سانجێرمان لەم هاوینەدا توانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یانەی بەرشەلۆنە بباتە ریزەكانی و رێگەشی نەدا كیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی بچێتە ریزەكانی ریال مەدرید.
تیباس لە رێگەی تویتەرەوە رەخنەكانی ئاراستەی یانەی پاریسی دەكات و لە توویتێكدا نووسیویەتی" یانەی دەوڵەتەكان مەترسین بۆ سەر تۆپی پێ، رێك وەك سۆپەرلیگ، ئێمە رەخنەمان لە سوپەرلیگ گرت، چونكە تۆپی پێ لەنێودەبات، لەبەر هەمان هۆكار رەخنە لە پاریس سانجێرمانیش دەگرین".
سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا لە درێژەی توویتەكەیدا، نووسیویەتی" بڕی زیانەكانی پاریس سانجێرمان لە ئەنجامی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر لە 300 ملیۆن یۆرۆ بووە، داهاتی پەخشی تەلەڤزیۆنیشی بە رێژەی 40٪ كەمیكردووە، كەچی بڕی مووچەی یاریزانەكانی زیاتر لە نیو ملیار یۆرۆیە".
یانەی پاریسی لەم هاوینەدا سەرەڕای ئەوەی لە چاو وەرزەكانی رابردوو، پارەیەكی خەیاڵی خەرج نەكرد، بەڵام مێركاتۆییەكی مێژوویی كرد، كە توانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و خاوەنی 6 باڵۆن دۆر بەبێ بەرامبەر بگوازێتەوە ریزەكانی، بێجگە لە بەدەستهێنانی تواناكانی سێرخیۆ رامۆس و ڤاینالدۆم و دۆناروومای باشترین یاریزانی یۆرۆی 2020 بەبێ بەرامبەر.
یانەكەی پایتەختی فەڕەنسا، بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ ئەشرەف حەكیمیی بەرگریكاری ئینتەرمیلانیش كرد و لە دواساتەكانی مێركاتۆدا گواستنەوەی نونۆ مێندێزیشی راگەیاند.
تیباس لە كۆتایی توویتەكەیدا، بەشێوەیەكی هەڕەشەئامێز، نووسیویەتی" ئەم كارانەی پاریس سانجێرمان مایەی قبوڵكردن نین، چونكە ئەوە مەترسی لەسەر تۆپی پێ درووست دەكات".

زۆرترین بینراو