چوارەم رۆژی ئۆڵمپیادو چەند ئەنجامێك

چوارەم رۆژی ئۆڵمپیادو چەند ئەنجامێك

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: ئەمڕۆ چوارەم رۆژی یارییەكانی ئۆڵیمپیادی 2020ی تۆكیۆ بوو, ركابەرییەكانیش بەردەوامن رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر دەبن.
لە رۆژی چوارەمەدا چەند وەرزشوانێك توانیان میدالیای زێڕ بەدەستبێنن و تۆماری وڵاتەكانیان لە ئۆڵیمپیاد دەوڵەمەندتر كرد، بەتایبەتیش ئەمریكا، چین، ژاپۆن و بەریتانیا.
تا دێت ركابەری نێوان تیپەكانی ئەم چوار وڵاتە بەهێزتر دەبێت و وەرزشوانانیان میدالیای زیاتر دەبەنەوە، كە تا ئێستا وەرزشوانانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆرترین میدالیای زێڕیان بردۆتەوە.
یاری و چالاكییەكانی ئۆڵیمپیادی 2020ی تۆكیۆ لەنێو رێوشوێنی تووندی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامن، وەرزشوانانیش هەموو هەوڵێكیان سەركەوتنە لە یارییەكانی پاڵاوتن و گەیشتن بە قۆناغەكانی كۆتایی بەمەبەستی بەدەستهێنانی میدالیا.
تۆماس دالی و ماتی لی، دووانەی بەریتانیا لە یاری خۆ هەڵدانە نێو ئاو میدالیای زێریان لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆدا بەدەستهێنا.
دووانە بەریتانییەكە سەركەوتنیان بەسەر چینی بەربژێری سەرەكی بۆ بردنەوەی میدالیای زێڕ بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە ركابەرییەكانی خۆ هەڵدانە نێو ئاودا لە بەرزی 10 مەتر پلەی یەكەمیان بەدەستهێنا.
لە یارییەكەدا دوو مەلەوانەكەی بەریتانیا 471.81 خاڵیان كۆكردەوە، چین پلەی دووەم و میدالیای زیوی بەدەستهێنا دوای ئەوەی 470.58 خاڵی كۆكردەوە., پلەی سێیەمی پێشبڕكێیەكە بووە بەشی رووسیا كە ئەمیان 439.92 خاڵیان كۆكردەوە.
بەبردنەوەی ئەم میدالیایە، ژمارەی میدالیا زێڕەكانی بەریتانیا لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆدا بوونە 3 میدالیا، بەشێوەیەكی گشتیش بەریتانیا 6 میدالیای بەدەستهێناوە.
هەڵبژاردەی ئەمریكا میدالیایەكی دیكەی زێڕی لە ركابەرییەكانی ئۆڵیمپیادی تۆكیۆدا بردەوە، دوای ئەوەی لە یاری مەلەوانی 4 جار 100 مەتری ئاستی پیاواندا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
تیپی ئەمریكا بە ئاستێكی بەرزەوە لە ركابەرییەكەدا دەركەوت و بە سەركردایەتی بلەیك پیرۆنی و بۆین بیكەر، توانیی پلەی یەكەمی یارییەكە و میدالیای زێڕی ركابەرییەكە بباتەوە.
ئەمریكییەكان ماوەی ركابەرییەكەیان بە 3 خولەك و 8 چركە و 97 لە بەشی هەزاری چركە تەواوكردو میدالیای زێڕیان بردەوە، لە پلەی دووەمی ركابەرییەكە ئیتاڵیا بە 3 خولەك و 10 چركە و 11 لە بەشی هەزاری چركە گەیشتە خاڵی كۆتایی و میدالیای زیوی بردەوە.
میدالیای بڕۆنزی ركابەرییەكەش بەشی ئوسترالیا بوو، كاتێك مەلەوانەكەی بە 3 خولەك و 10 چركە و 22 لە بەشی هەزاری چركە گەیشتنە خاڵی كۆتایی ركابەرییەكە.
ئەمریكا تا ئێستا 6 میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆدا بردۆتەوە و كۆی گشتی میدالیاكانیشی 13 میدالیایە، لە ریزبەندی دووەم دوای چین كە 15 میدالیای بەدەستهێناوە.
خوشك و برایەكەی ژاپۆنی دوو میدالیای زێڕ لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆ بۆ وڵاتەكەیان بەدەستدێنن و خێزانەكەیان و هەموو ژاپۆنییەكان دڵخۆش دەكەن.
دوێنێ یەكشەممە لە یارییەكانی ئۆڵیمپیادی تۆكیۆ رووداوێكی دیكەی جوان و سەرنجڕاكێشی بەخۆیەوە بینی كاتێك دوو كەسی یەك خێزان لە رۆژێكدا دوو میدالیای زێڕیان بۆ وڵاتەكەیان بردەوە.
هیفومی ئابێ، یاریزانی جودۆی ژاپۆنی، لە ركابەرییەكانی جودۆی پیاوان لە كێشی 66 كیلۆگرامدا میدالیای زێڕی بەدەستهێنا و ژاپۆنییەكانی دڵخۆشكرد، بەڵام تەنیا دوای چەند كاتژمێرێك ئوتا ئابێی خوشكیشی لە هەمان یاری لەسەر ئاستی خانماندا، میدالیای زێڕی لە كێشی 52 كیلۆگرام بەدەستهێنا و دڵخۆشی خێزانەكەی و ژاپۆنییەكانی دووئەوەندە كرد.
هەواڵی ئەو خوشك و برا ژاپۆنییە، لە لایەن میدیای ئەو وڵاتەوە زۆرترین بایەخی پێدرا و هەردووكیان بە پاڵەوانی ژاپۆن وەسفكران، بەو پێیەی لە خێزانێكدا دوو كەس دوو میدالیای زێڕیان بۆ وڵاتەكەیان بردۆتەوە.

زۆرترین بینراو